دواین هەواڵ

زمان و میدیا

‌جەلیل ئازادیخواز

31/01/2021

ئاماژە
لەمێژ بوو دەم ویست ئاوڕێک لەسەر زمان و چۆنیەتی بەکارهێنانی لە میدیاکانی باشووردا بدەمەوە. دەست بەکاربوون و دەرکەوتنی هەرێم نیوز دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئەم بابەتەو هێنانە رۆژەڤی ئەم پرسە گرنگە.

زمان لەئاستی پەیوەندیدا

زمان یەکێک لەباشترین ئامڕازەکانی پەیوەندیە لە نێوان مرۆڤەکاندا،پەیوەندیەکی ڕاستەو خۆی یەک یاچەند لایەنە. زمان سێ ڕووبەری گرنگی ئەم پەیوەندییە هەڵدەگرێت، بێژەر، بیسەر، پەیام. هەموو ڕستەیەک لەم بڕەگەیەدا مانا دەبەخشێ و پێناسە دەکرێت، تەنانەت ئەگەر ڕستە خۆ دواندنێکی تاک ئاخێوەرانەش بێت. لەبەر ئەوەی ئاخێوەر لەم دۆخەش دا ئەوی ترێک بەردەنگێتی ،کە ئەویترێکی نا ئامادەیە. لەم ئاستەدا گرنگە ئاخێوەر دەربرینێکی هێندە ڕوون و زوڵاڵی هەبێت بسیەر بەسانایی لە ئاخاوتنەکەی بگات، سەرەڕای ئەمەش دەبێ ئاخێوەر پەیامێکی ناسراو و روون و شەفافی وای هەبێت کە بیسەر دیسان بتوانی لە چوار چێوەی زمانی فەرمی و ئاخاوتنیدا بێ تەنگەژە و گرفت پەیامی ئاخێوەر بگرێت.
بۆ نموونە کاتێ ئاخێوەردەڵێ ؛[ ئەسپەکەم لێ خوڕی.١] لێرەدا ئاخێوەر دووچاری سێ هەڵەی زەقە دەبێت. یەکەم زمان لە فۆرمی گونجاو و ناسراوی خۆی دەباتە دەرەوە و دەیکاتە بوونێکی نەناسراو. دووهەم؛ پەیامێکی تەماوی فام نەکراو بۆ بیسەرەکەی دەنێرێ و بیسەر دووچاری تەنگەژە و سەر لێ شێوان دەبێت. سێهەم؛ پەیامەکەی وەک پێویست ناگات و بیسەر دووچاری چۆرە شێوان و شڵەژانێک دەبێت،  ئەگەر بیسەر بە قوڵی کولتوور و فەهەنگی زمان و کۆمەڵی خۆی نەناسێ و نەوەی تازە و دوور لە بەستێنی کۆمەڵایەتی و ژینگەیە بێت،  کە ئەسپی تیادایە فێری هەڵەیەکی زەقو  ناشیرین دەبێت، کە میدیا لەزاری ناوە. لەئاستی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەگشتی هەڵەی وا زەق و زمان شێوین بە دەگمەن ڕوودەدات، ئەم هەڵان زۆرتر لە میدیاکاندا روودەدەن بەتایبەتی تەلەفزوێنەکان.

زمان ، کولتوور و فەرهەنگ

کاتێ دەڵێن؛ کولتوور و فەرهەنگ دەبێ ئەم ڕاستیە بەرچەستەیە بزانین ،کە زمان و خەت دوو سیمای هەرە گرنگ و بەرجەستەی فەرهەنگن. ڕوونە پرۆسەی پەیوەندی و پێکهاتەی هەر پەیوەندی و دەرئەنجامێکی بەسراوە بەم رەگەز و میکانیزمانە. گوێزانەوەی کولتوور و فەرهەنگ بۆ دیتران، کە خۆی زامنی مانەوە و رازی گرنگی ژیان و درێژبوونەوەی  فەرهەنگ و گەشە و زامنکردنی ناسنامەی گەلە، لەم ڕێگایەوە  گونجاوترینە. کاتێ باسی زمان لەم بەستێنەدا دەکەین واتە ؛  زمانێک کە؛
پاک و پاراو دەوڵەمەند و بێ هەڵەیە و هاوسان و هاوسازە لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگ و شارستانیەت و مێژووی کولتتووری پکهاتەی کۆمەڵگا. زمانێکی بێ هەڵە لە هەر دوو ڕووبەری فۆرم و ناوەرۆکدا. بۆ نموونە کاتێ بێژەری تیڤیەکی بەناو دەنگ لە هەواڵ و شرۆڤەدا دەڵێت؛
ئەمرۆ فرۆکە بۆمبابارانی هۆڵێکی مەڕی کرد.  ئەم ڕستە لە پکهاتەو ماناو کولتووردا بەتەواوی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگ و مێژووی فەرهەنگی کۆمەڵگا دوورە و هیچپەیوەندیکەی مانایی و مێژوویی بە کۆمەڵگاوە نییە و رێک پێجەوانە و کردنەوەی پەنجەرەیەکی چڵکنە بۆ بەلاڕێدا بردنی سەلیقە و روانینی فەرهەنگی نەوەیەکی تازە و تێکدانی سامانی پێشوو. دۆخی ڕاستی ئەو ڕستە ئەمەیە؛
[ فڕۆکە بۆمبابارانی گەوڕێکی مەڕی کرد. یا گەلەخانی کرد.] یا کاتێ بێژەری ئەو تەلەفزێۆنە دەڵێت؛[ ژنانی ئەمریکا حەزیان لەتراەمپە. یا ژنانی ئەمریکا تراەمپیان خۆش دەوێت.] دیاسان نیشانی دەدات یا بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی زمانەکە ئاشنا نییە، یا زمانەکە نازانێ. سەرەڕای ئەمانەش ڕێک هەر سئ بنەماکەی رستەو زمانی وێران و چەواشە کردووە ،کە بریتیە لە؛ بێژەی پاک و رەوان و بێ گرێ و گۆل و پەیامی شەفاف و ڕاشکاو و لۆژیکی و بیسەری ئامادە. ئەگەر بیسەرەکەی زمان و فەرهەنگی خۆی و بیسەر بزانی یا پێدەکەنێ یا دووچاری جۆرە شڵەژانێکی مانایی دەبێت، کە ئاخۆ بێژەر مەبەستی چییە؟ ئەگەریش نەوەیەک بێت کە تازە پێدەگات و لەباری مانایی وشە و ڕستەکە نەگات ترازانێکی کولتووری و زمانی بۆ دروست دەبێت، کە کۆی زمان و کولتوورەکە بەرەو هەڵدێردەبات.داڕشتنی گونجاوی ئەو ڕستە دەبێ وابێت؛ ژنانی ئەمریکا لایەنگری تراەمپن. ژنانی ئەمریکا تراە مپیان پێ باشە.

زمان و میدیا

لێرەدا مەبەست لە میدیا هەموو هۆکارەکانی گوازتنەوە و گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زمانین،  لە رۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزێون و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە فۆرمی نووسین و ئاخاوتن و وێنە و دەنگدا. میدیا و بەتایبەتی تەلەفزێون و ڕادێو ئێستاش سەرەڕای بوونی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و کۆی بڵاوکراوەکانی تر.  زۆرترین و گرنگترین رۆڵ و گاریگەریان هەیە و دەتوانن ئافرێنەری بیروڕای گشتی بن و زۆرترین جێ پەنجەو کاریگەریان لەسەر کۆمەڵ و  بنەماکانی بیر و کۆی کولتتووری گشتی هەبێت. تەنانەت لە بیچمگیری و فۆرم گیری ڕای گشتی و بە ڕۆژەڤ کردنی زۆر بابەتدا پێشەنگ بن، یا پێچەوانە بجووڵێنەوە.
کاریگەری ڕادێۆ و تەلەفزێون خێرا و بنەمایی و بەزەبر و بێ ڕکابەر و یەک لایەنەن. دەتوانن هەڵسوکەوت و نەریت و خو و خدە و بابەتەکانی رۆژەڤ و ئەوەی مۆدە بیگۆڕن و داهێنانی تیادا بکەن. زۆر لە کۆمەڵناسان و پسۆرانی بواری میدیا ڕایان وایە، کە تەلەفزێون تایبەتمەندیەکی سەپێنەرانەی هەیە و بە جۆرێ هژمۆنی یەک لایەنەی خۆی بەسەر بینەردا دەسەپێنێت.زۆریان ڕایان وایە زمان لەسەر شانی کولتوور وەستاوە و کولتووریش لەسەر شانی زمان، کەوابوو هەر جۆرە هەلسوکەوت و گۆڕانێک لەگەڵ هەرکام لەمانە گاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەوی دیکەیان دەبێت.

کاتێ نووسەرێک دەنووسێ یا بێژەرێک دەڵێت ؛[ هەستاین بە سازدانی ئاهەنێک.] ڕاستەو خۆ چ خۆی پێبزانێ یا نەزانی زەبرێکی لە هەدوو کۆڵەکەی و بنەمای شارستانی گەلەکەی داوە. زمانی خستۆتە خزمەت رێزمان و وشە سازی عەرەبی و تێکی داوە و زەمینەی تەشەنەی کولتتووری عەرەبی و گلۆربوونەوەی کولتووری خۆماڵی خۆی رەخساندووە. یا کاتێ دەلێن؛ [سامان کەسێکە بەریەک کەوتنی کۆمەڵایەتی هەیە.] دیسانەوە هەر رەوتی باسکراو دووپات دەکەنەوە و زمان لەمانا و کولتتوور و مێژوودا دەشێوێنن. لەکۆمەڵگای کوردستاندا بەریەک کەوتن هەرگیز لە مانای کۆمەڵایەتی بوون و زۆری پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا بەکار نەهاتووە.[ سامان پەیوەندی زۆرە].[ سامان کەسێکی کۆمەڵایەتیە].کورد دەڵێت[[ سامان تێکڵاوی زۆرە ]].... ....و
بەریەک کەوتن واتە لێدانی نەخوازروای دووشت لەیەک، وەک لێدانی ماشین. لێدانی بەرد لە شووشە. لە راستیدا سێ وشە و دەستە واژەی ؛ هەستان بەریەککەوتن و کردن بوونەتە ئافەتی زمانی کوردی لە باشووردا.

\چێشتمان کرد .\ کە وەک پکهاتەوە ماناو داڕشتن هەڵەیەو دەوترێ ؛\چێشتمان لێنا.\  لەڕاستیدا بڵاوکراوەی گشتی بە ئامڕازەکانی بڵاوکردنەوە ناوترێیت. هەر چەندە  ئەو ئامڕاز و ئامێرانە خۆیان بەشێکن لە بڵاوکراوەگشتیەکان یا ئەوەی پێ دەڵێن . communication media
   لەراستیدا میدیا سێ لایەنی سەرەکی و بنەمایی هەیە. ئەمە جگە بەڕێوەبەری و  خوێندەواری و پسپۆڕی لەم بوارەدا. ناوەرۆک و پەیام . بەردەنگ.ێامراز و کەرەسەی گەیاندن.میدیا جیاوازی بەرچاوی لەگەڵ ئامرازی گەیاندن هەیە. زۆرجاران لە نووسین و ئاخاوتن و زاراوەدا میدیا و ئامرازی میدیایی بەیەکەوە و بێ جیاکردنەوە بەکاردێن . ڕادێۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامە و تۆڕە کۆمەلایەتیەکان و تەنانەت کامێرا  و مایکرۆفۆنیش، هەتا ماڵپەر و لاپەرەکانی تۆرەکان هەر هەموو هۆکاری گەیاندنن. وەک ئامرازو ئامێر دەتوانن رۆڵ ببینن و زەمینەی پەیوەندی گشتی ئامادەبکەن . تەنیا کاتێ دەتوانین بڵێن میدیان، کە [پەیام بخولقێت] ئافراندن و خەلقی پەیامە کە میدیا دروست دەکات ، بێگومان دەبی کۆمەڵێک بەردەنگیش هەبن بۆ بیستن و دیتن.

هەڵەیە وا بزانین کە تەنیا بە بوونی ماڵپەرێ، لاپەرەیە، تی ڤیەک و .... میدیامان هەیە و بووینەتە خاوەنی بڵاوکراوەی گشتی. لە جیهانی ئێستادا کە زۆر بەئاسانی و تارادەیەک هەرزان دەستمان بە هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی گشتی دەکات، کاڵفامیە کە وابزانین ئیتر میدکار و خاون میدیاین. میدیا سەرەرای ئەمانە پێویستی بە تونایی و خوێندەواریی و لیزانی و بە قووڵی تێگەیشتن هەیە،  لانی کەم لە پێکهاتەی زمان و کۆمەڵگاو نەریت و کۆمەڵناسی کۆمەڵایەتی و تەکنیک میدیا و بلاوکردنەوە و بەرێوەبردنی میدیادا.

بەرپرسیارێتی و شارەزایی و میدیاکاری و میدیا کاتێک گرنگتر و بنەمایی تر خۆدەنووێنن و بەرجەستە دەبنەوە،کە میدیا هژمۆنی تاک لایەنەی هەیە و یەک جەمسەرە ، بەتەنیایی کۆیەک بەردەنگی هەیە. واتە تایبەتمەندیەکەی بریتیە لە ئاخاوتن و نمایشکردنی تاک بۆ کۆ. کۆیە کە چرکانە و لە هەنووکەدا هیج مەودایەکی بۆ رەخنە و وڵامدانەوە و سەرنج نییە، بەتایبەتی لە بەرامبەر تەلەفزیۆن و ڕادێۆ و سینەما و رۆژنامەکاندا. بۆیە زمان و کولتوور و فەرهەنگ دەتوانێ زەبری توندی لێکەوێت یا گەشەو فراوان بێت.

ڕەنگە هیچ زمانێک لە جیهاندا بە قەد زمانی کوردی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە نەکەوتبێتە بەر پلار و زەبر لێوەساندن و هەوڵ و پیلان بۆ هەڵوەشانەوە و پەراوێزخستن و شێواندن، یا لانیکەم بۆ ناچالاک و لاوازکردنی. زمان لە زۆر دۆخدا و زمانی کوردی لە هەنووکە و مێژووی خۆیدا، هەرگیز وەک ئامڕازێک و هۆکارێکی سادەی پەیوەندی سەیرنەکراوە و نابێ بکرێت. لە ڕاستیدا زمانی کوردی سپەری پاراستن و هێڵانەوەی ئەوێتی کورد بووە لە هەموو مێژووی خۆیدا. زمانی کوردی زیاتر لە هەر بزاوت و بوونێکی دیکەی کۆمەڵی کوردەواری پارێزگاری مانەوە و بەررجەستەکردنەوەی ئەوێتی کوردی وەک نەتەوەو کولتوور کردووە. زمانی کوردی هەمیشە لە پرۆسەی متوربەکردنی نیشتمان و نەتەوەدا بووە و هیە، تا کورد خۆی بڕیاری جارەنووسی خۆی نەدات ئەم سفەتەی زمانی کوردی نەمرە و هەر ئەمەش وایکردووە ئەم زمان لەبری ئەوەی زۆرتر هۆکاربێت، مەبەستە. هایدگر دەڵێ ؛ زمان یانەی بوونە . ئەم پێناسە لە هزر و فەلسفەو نەخشانی جیهانی زەین و دیدەی کورد دا پراوپڕ شیاوی زمانی کوردییە. بە ڕاشکاوی دەتوانین بلێن؛ مرۆڤی کورد لە دەرەوەی زمانی کوردیی بوونی نییە. زمانی کوردی هەڵگری کۆی جیهان بین و ئاوەز و هزر و رەفتار و شارستانیەت و کەسایەتی و نەویەتی کوردە لە درێژی مێژووی کورددا . هەرجۆرە شێوان و پلار و نەزانیەک لەزمانی کوردیدا لێکەوتەی خراپ و زەبری ئستراتیژیک لە بوونی کەسایەتی تاک و کۆی کوردە. دەخوازی لانیکەم ئەوانەی دەست و دەمیان دەگاتە میدیاو میکرۆڤۆن، بۆ دوور کەوتنەوە لەم زەبرانە لانی کەمی ئاشناییان لە سەر زمان و کۆمەڵگای کوردستان هەبێت.
دەخوازم بێژم میدیای کوردیی سەرەڕای هەموو پێداویستی و پویستیەکانی میدیایەکی پسپۆڕ، ئەرکی دووچەندانی پاراستن و گەشەی زمانی کوردی لەئەستۆیە، نەک شێواندن و وێرانکردنی زمان.

تێبینی
نموونە کانی زمانی کوردی لە میدیاکان بەگشتی و میدیای باشوور هێندە زۆرن کتێب و لێکۆڵینەوەیەکی پشوودرێژی سەربەخۆ دەخوازن. من تەنیا مەبەستم ئاماژەیەکی هەرە کورت بەهەندێکیان بوو.

سەرچاوەکان لای نووسەرن .

هەموو رستە هەلەکان لە رووداو وەرگیراون






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP