دواین هەواڵ

“سوڵحی سارد”ی ركابەرەكان و بارودۆخی عێراق!

‌زریان رۆژهەڵاتی

29/03/2022

بەرایی

سەدر بتوانێ حكومەتی زۆرینە پێكەوە بنێ یان نا، هاوپەیمانییە ركابەرەكان رێككەون یان نا، هەڵبژاردن بكرێتەوە یان نا، ئەگەری پێكدادانی ناوخۆیی شیعە كەمترە لە جاران. ئەگەریش شتێكی وەها رووبدات، بە ئەگەری زۆر، ماوە و مەودایەكی زۆر كەمتری دەبێت لەوەی كە وێنا دەكرێت.

بەرلە هەموو شتێك پیكهێنانی حكومەت لە عێراقی دوای 2003وە هەروا بە بای شان بووە. بێجگە لەوەش، هاوسەنگییەكانی هێزداری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دیمەنی” سوڵحێكی سارد” لە نێوان ركابەرەكان وێنا دەكات كە وادەكات هیچیان لانیكەم لەم كاتانەدا، مەیلیان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێكی ناوخۆیی لە عێراق نەبێت. بە ئەگەری زۆر، شەڕی ناوخۆیی شیعی ئەگەر رووبدات تەنیا بە باشووری عێراقەوە سنوودار نابێت و كەسیش ناتوانێ بە تەواوی دەسی ئەوی دیكەیان بشكینێتەوە. هەروەها شەڕی ناوخۆیی بە قازانجی ئامانج و پێگەی كەسیی ئەكتەرە گرنگەكانی شیعەی عێراقیش نییە، هەر لە ئایەتوڵڵا سیستانییەوە بگرە هەتا سەدر و مالكی و ئەوانی دیكە.

گەمەی پێكهێنانی حكومەت لە خولەكی زیادە!

درێژەكیشان و تەواونەبوونی ركابەرییەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت لە وادەیەكی نزیكی دوای هەڵبژاردنەكان لەعێراقدا باوە. ئەوەی ئێستاش خەریكە بۆ نزیكەی5 مانگ و نیو دەڕوات و هێشتا حكومەت پێكنەهاتووە، ئەمەش شتێكی سەیر نییە.

یەكەم حكومەتی مالكی، 5 مانگ و 5 رۆژ دوای هەڵبژاردن، دووەم حكومەتیشی، 9 مانگ و 15 رۆژ دوای هەڵبژاردن پێكهات. حكومەتەكەی عەبادی 4مانگ و 19 رۆژ دوای هەڵبژاردن و ئەوەی عادل عەبدولمەهدیش 5 مانگ و 12 رۆژ لە پاش هەڵبژاردن دروستبو. حكومەتی مستەفا كازمیش دوای دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەههدی لە 29ی نوڤەمبەری 2019، 5مانگ و 8 رۆژی برد هەتا پێكهات. بەهۆی زۆری و جیاوازی بەرژەوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، گەمەی پێكهێنانی حكومەت هەروا بە ماراسۆنیكی تاقەتپڕوكین بووە و ئێستاش، گۆڕانێكی ریشەیی لە بەریەككەوتن و سازانی ئەو بەرژەوەندییانەدا روینەداوە تا وەك رووداوێكی نامۆ سەیری بكەین. بۆیە لایەنەكان تاوەکو دواساتەكان هەوڵی وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر لە یەك دەدەن بەڵام ئەگەر دۆخی ناوخۆیی عێراق و دۆخی گشتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەروا بڕوات، لەوانەیە ئاراستەكە نەك بەرەو شەڕی ناوخۆیی، بەڵكو بەرەو سازان بێت لەسەر پیكهێنانی حكومەتی عێراق.

گۆڕان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ركابەرییەكانی ناوخۆی عێراق

ركابەرییەكانی ناوخۆی عێراق تەنیا دینامیكێكی ناوخۆییان نییە و رەنگدانەوەیەكی ئەو ركابەریی و جەمسەربەندییەن كە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خەریكە شكڵ دەگرن. ئەگەری كەمكردنەوەی بایەخی ئەمریكا بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەگەری رێككەوتنەوەی ئەتۆمی لەگەڵ تاران و شەڕی ئۆكراینا سێ رووداوی گرنگن كە خەریكە ئاراستەی سەرەكیی ركابەرییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو”سوڵحێكی سارد” دەبەن.

كاتی خۆی، باراك ئۆباما دوای رێككەوتنی5+1لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران گوتبووی، پێویستە ئێران و سعودیە رێگایەك بۆ بەشكردنی ناوچەی نفوزی خۆیان لە دەوروبەرو دراوسێكانیان بدۆزنەوەو،”جۆرە سوڵحێكی سارد” بنیات بنێن.[1]حەوت ساڵ رۆیی وجارێكی دیكە، لەوانەیە ئەمریكا و ئێران لە سەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران رێكبكەونەوە.

ئەمەش واتای ئاوەڵڵابوونی دەستی ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت، وەرگرتنەوەی پارە بلۆككراوەكانی و بەهێزبوونی لە ناوچەكە دێت. ركابەرە ناوچەییەكانی تارانیش دەیانەوێ لەڕێی هاوپەیمانیی نوێوە فریای خۆیان بكەون و تەنیا پشت بە ئەمریكا نەبەستن. هەرچەندە هێشتا ئێران و سعودی سوڵحە ساردەكەیان نەكردووە بەڵام، ئەو ئاراستەیە خەریكە نەك تەنیا لە ریاز و تاران كە چەند گەڕێكی دانوستاندنیان كردووە، بەڵكو لە نێوان ئیسرائیل و توركیا، ئیمارات، سعودیە و توركیا، سوریا و دنیای عەرەبی، ئیسرائیل و دنیای عەرەبی، وڵاتانی كەنداویش لە بەینی خۆیاندا دەبیندرێت. ئەمەش واتای ئەوەیە كە ركابەریی هەردەمینێ بەڵام “سوڵحی سارد” خەریكە دەبێتە دەرچەیەك بۆ هاوسەنگگردنی ركابەرییە هێزدارییەكان لە ناوچەكە. ئەو سوڵحە ساردە لە عێراقیش كە گۆڕەپانیكی ركابەرییەكانی ناوچەكەیە رەنگدەداتەوە.

شەڕی ئۆكراینا بووە هۆی ئەوەی كە جارێكی دیكە بایەخی هاوپەیمانییەكان لە پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان زەق بێتەوە. رۆیشتنی بایدن بۆ ئەوروپا بۆ دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانە ئەورووییەكانی سەبارەت بە شەڕی ئۆكراینا و هاتنی بلینكن بۆ كۆبوونەوەكەی ئیسرائیل[2] بۆ دڵنیاكردنەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە ئەگەری رێككەوتن لەگەڵ تاران لە نمونەكانی ئەوەن. شەڕی ئۆكراینا هەڵەبوونی ئەو دیدگایەشی دەرخست كە پێویستە ئەمریكا بۆ ململانێی چین و روسیا، بایەخی كەمتر بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات!
خەریكە بەخێرایی وزە وەك فاكتەرێكی كاریگەر بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە. ئەمە پێگەی خەلیج وعێراقیش وەك بەرهەمهێنەری گرنگی وزە بۆ دنیا زیاتر دەكات. بەواتایەكی دیكە رۆڵی خەلیج لە سیاسەتی عێراقی زیاتر بێت. لانیكەم تاوەکو ئێستا یەكانگیری زیاتری عەرەبی سوننە یەكێك لە دەرهاوێشتەكانی ئەوەیە. بێجگە لەو پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆیەی كە خەلیج لە هاوپەیمانیی سێقۆڵی سەدر- بارزانی و حەلبوسی دەیكات. بایەخی وزە بە تایبەتی نەوت، وادەكات دۆخی عێراقیش وەك وڵاتێكی بەرهەمهێنەری نەوت زیاتر بێت. بۆیە ئاڵۆزكردنی عێراق و بردنی بەرەو لێواری شەڕی ناوخۆ لە قازانجی زۆرلایەندا نەبێت.

لەدوای شەڕی ئۆكرایناوە پێگەی جیۆپۆلیتكی توركیا بایەخێكی زیاتری پەیدا كردووە كە هەم وەك مەیدانێكی نفوز و هەمیش وەك بازاڕێكی گەورە تەماشای عێراق دەكات. ئەمەش بە زیادبوونی رۆڵی توركیا لە عێراق و سوریا وەردەگێڕدرێ. سەرككۆماری توركیا پەیوەندییەكی پتەوتر لە جارانی لەگەڵ كورد و سوننەی عێراق دروستكردۆتەوە كە ئێستا یەكانگیرترن وحكومەتی بەغداش مەیلی بۆ پەیوەندی زیاتر لەگەڵ توركیا هەیە. ئەمەش واتای ئەوەیە كە ئەگەر لەدوای مالكییەوە نفوزی توركیا لە عێراق بەرەبەرە كەمی كردبێت، لە قۆناخی ئیستا ئەوە بەرەو زیادبوون دەڕوات.

ئاراستەی سەرەكی سیاسەتی ركابەرە سەرەكییەكان لە ناوچەكە نەك شەڕی راستەوخۆ بەڵكو هاوسەنگكردنی هێزی یەكترە. بۆیە نە خەلیج، نە ئیران و نە توركیاش نایانەوێ لەم كاتەدا عێراقێك ببینن كە شەڕی ناوخۆیی تێدایە. چونكە ئەمە واتای لە كیسدانی بازاڕیكی 40 ملیۆنی، واتای لەكیسدانی دەرفەتی وەبەرهێنانە زەبەلاحەكانی وەك پرۆژەكانی وزە، گواستنەوە و رێگا و ئاوەدانكردنەوە دەدات. بێجگە لەوەش، لەوانەیە شەڕی ناوخۆیی عێراق واتای تەشەنەكردنی نائارامی و شەڕ بۆ توركیا، خەلیج و تەنانەت ئێرانیش بدات. بۆ ئەوروپا، بێجگە لە تێكچونی سەقامگیری، لەوانەیە شەڕێكی ناوخۆیی لە عێراق واتای ئەگەری بەربوونی هەزاران دیلی داعش لە زیندانەكانی عێراق بدات كە دوایین شتێكە لەم كاتانەدا ئەوروپا بیەوێ بیبینێت. بۆ ئەمریكاش دەركەوتنی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق واتای كەڵەبونی ئاڵۆزییەكی تازەیە كە لەم كاتانەدا نایەوێ پێوەی سەرقاڵ بێت.

پاڵنەرە ناوخۆییەكانی سازان

ئێستا ئیدی بۆ هاوپەیمانییە ركابەرەكان لە عێراق روونە كە بێ یەك ناتوانن حكومەت پێكەوە بنێن. ئەگەریش نەتوانن بە تەواوی رێكبكەون، بە ئەگەری زۆر تا دوا ساتەكان دەستی یەك بادەدەن بەڵام لەوانەیە نەیگەیەننە مریشكەڕەشە، چونكە:

1.هەردوولا هێزی چەكداریان هەیە و بە ئەگەری زۆر كەسیان توانای یەكلاكردنەوەی شەڕەكەی نابێت. ئەمە لەبەر ژمارەی شەڕكەرەكان و ئەو توانستانەی كە لەبەردەست لایەنەكاندایە. بۆیە وادیارە هیچ لایەكیان مەیلی شەڕیان نییە. بۆ نموونە هێرش دەكرێتە سەر بارەگای حەلبوسی و هەولێر و ئەوانەی هاوپەیمانی سەدرن بەڵام، تاوەکو ئێستا نەبینراوە هێرشێكی واتادار بكرێتە سەر سەدرییەكان!

2.زۆربەی لایەنەكان خاوەنی بەرژەوەندی ئابوری گەورەترن لەوەی كە بیانەوێ بە شەڕ تێكی بدەن. عێراقیش بۆ خۆی لەدوای شەڕی ئۆكرایناوە، لەبەر فرۆشتنی نەوت بە نرخێكی گرانتر، بە ملیاران دۆلار زیادەی داهاتی هەبووە[3]. كورد واتەنی كاسەی پڕیش ئاشتی ماڵە!

هەرچەندە بە بەراورد بە ئەگەری شەڕ، ئەگەری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بەهێزترە بەڵام، دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش لە قازانجی لایەنە گەورەكانی عێراق نییە. ئەمەش لەبەر دوو هۆكار: یەكەمیان ئەگەری بەشدارینەكردنەوەی خەڵك و دووەمیش ئەوەیە كە ئەگەر ئەمجارە هەڵبژاردن بكرێت، لەوانەیە ریژەی دەنگدان بە گرووپە سیاسییە تازەكان زیاتر دەبێت لەوانەی جاران. ئەمە لە تاقیكردنەوە لاوازەكەی تشرینییەكان دەركەوت كە سەرەڕای بەشدارییەكی كەم، ئەنجامێكی سەرنجڕاكێشیان دەستكەوت.

رەنگە هەڵبژاردن لە قازانجی نوری مالكی وەك سەرقافڵەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەبێت. چونكە هەڵبژاردنی داهاتوو واتای پێداچوونەوەی گرووپەكانی دیكەی چوارچێوەی هاوئاهانگی بە ستراتیژە هەڵبژاردنییەكەیان دەدات كە جاری پێشوو رێگای بۆ بەخەساردانی بەشێكی دەنگەكانیان كردبووەوە. ئەوەش واتای قیتبونەوەی ركابەرێكی دیكەی بێجگە لە سەدرە بۆ مالكی لە نێو شیعەكان. لەوانەیە بۆ سەدریش دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بژارەیەكی گونجاو نەبێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئەو پێگە كلیلییەی ئێستای دەستنەكەوێت. ئەوە بۆ حیزبە سەرەكییەكانی سوننە و كوردیش بەوجۆرەیە.

4.شەڕێكی ناوخۆیی شیعی خواستی ئایەتوڵڵا سیستانی، حزبوڵڵای لوبنان و تەنانەت ئێرانیش نییە. هەرچەند كە یەكانگیرییەكی تەواوی شیعەكان و بەهێزبوونیان بەڕادەیەك كە گوێ لە تاران نەگرن، بە قازانجی ئیران نییە. شەڕی ناوخۆیی شیعی دەتوانێت رێ بۆ زیادبوونی جموجۆڵی داعش و گرووپەكانی دیكەش خۆشبكات.

كۆتایی

حكومەت لە عێراق هەرچۆنێك پێكبێت، جا زۆرینەی نیشتمانی بێت وەك ئەوەی سەدر بانگەشەی بۆ دەكات یان بە هەر لەونێكی دیکە، ئەگەری شەڕ لانیكەم ئەگەری شەڕێكی بەرفراوان لەم كاتانەدا كەمە. ركابەریی هاوپەیمانییەكان لەعێراق سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت، هاوشانی ئاراستەیەكی نوێی ركابەری وهاوپەیمانییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. دنیا پێی ناوەتەوە شەڕێكی ساردی نوێ و ركابەرەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بەرەو “سوڵحێكی سارد” دەچن.

بە ئەگەری زۆر ركابەرە نیوخۆییەكانی عێراقیش دواجار هەر سوڵحێكی سارد ئەكەن. عێراقێكی ناسەقامگیر كە لە شەڕیكی ناوخۆییەوە گلابێت، بە قازانجی هێزە گەورەكانی جیهان و تەنانەت رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش نییە. شەڕ بژارەی یەكەمی گرووپە گەورەكانی عێراقیش نییە. بۆیە تەگەرەی سەرەكی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لانیكەم لە قۆناخی نزیكدا، نەك شەڕ و ململانێی ناوخۆیی هاوپەیمانی و لایەنە ركابەرەكان لەسەر بەشكردنی حكومەت، بەڵكوو گوێنەگرتنە لە پرسە بنەڕەتییەكانی جەماوەر كە بە گوتەی پلاسخارت[4] “پێویستە بە خێرایی تیشكی بخرێتەوە سەر.”

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP