هەڵکەوتەی کەسێتی تاکی کوردی؟
بەرلەوەی سکاڵا لەسەر کەس بکەین و داوای جێبەجێکردنی یاساو بەرقەراربونی یاسا بکەین، بەرلەوەی لۆمەی پیاوەکە بکەین و ژنەکە بکەینە فریشتە، بەرلەوەی ماڵە خەسو بخەینە ژێر پرسیارەوە و ماڵی باوانی کچەکە بەزوڵم لێکراو بناسێنین، با بەوردی تەماشای بونیادی کەسێتی تاکی کوردی بەگشتی و مێینەکان بەتایبەت بخەینە نێو کەوانەی پرسیارەوە، کە داخۆ بۆ بەدرێژایی مێژوی کورد بەگشتی و ژنی کورد بەتایبەت تاوان و توندوتیژی دوانەیەکی دانەبڕاوبون لەژیانی کۆمەڵایەتی تاکی کوردی و خێزانی کوردی. داخۆ بەڕاستی ژنی کورد شانی ئەو بارە هەڵدەگرێت کە بۆی لەکۆڵنراوە یاخود وەک زۆرینەی کلتورە سەپێنراوەکان بەسەریدا سەپێنراوە.
ئێمە بەگشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەوە جیادەکرێینەوە لە مرۆڤە ڕۆژئاواییەکان کە زۆر وابەستەی کلتورو دابونەریتە خێڵەکی و کۆن و توندەکانین و وەک هەویر خۆشکراوین بەئاو و خوێی مەکەو دانیشەو شەرم و حەیاو شەرەف، ئیدی ئەوەی مابێتەوە لەپێناسەی کەسێتی تاکدا شتێک نیە بەناوی ئازادی خود، یان خود پەیڕەوی، جگە لەجێبەجێکردنی پەیڕەوی پێشینان و پێشوتر خۆمان و ڕۆشتنەوە بەسەر هەمان ئاودا کە باو و باپیران ڕشتویانە، بۆیە لێرەدا نە پیاوەکان دەتوان وەک ئەوەی کە هەن ڕەفتاربکەن و بژین، نە ژنەکان.
ژیانی کۆمەڵایەتی خێزانی کوردی؟
خێزانی کوردی لە کۆبونەوەی هەمان ئەو تاکانە دروستبوە کە گوێی بەبانگی کۆمەڵایەتی پێشوتر بانگدراوە ئیدی کاتێک کچێک لە خێزانێکی ئاسایی ژیانی هاوسەری پێکدەهێنن جا بەخۆشەویستی بێت یان بە زۆرە ملێ، لەتەمەنێکی زودابێ یان لەکاتی گونجاوی هاوسەرگیری، خوێنەواربن یان نەخوێندەوار، هەژاربن یاخود پارەدار، ئەوا بەبێ چەندوچون دەکەونە ژێر کاریگەری قسە و هەڵسوکەوت و تانەو تەشەری تاکەکانی هەردو خێزانەکەوە، جا ئەو تاکانە دایک و باوک و خوشک و برای هەردوکیان بێت یان خزموکەسوکار، کە بەدڵنیاییەوە هیچ کات ئەو کاریگەرییە ئەرێنی نیەو خۆشبەختییان بۆ ناهێنێ، چونکە هەر بەتەبیعەت و وەک لەپێشتریش باسمانکردوە، هەڵکەوتەی کەسێتی مرۆڤەکان هێند لاوازو لەرزۆک و ترسنۆکانەیە کە هەتا هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی کارێکی باش دەنێ، دە هەنگاو هەڵەی جێهێشتوە لەدوای خۆیەوە، بەکوردییەکی کورت و پوخت، تا کاری خراپ وەستابێ بیر لەشتێکی باش ناکاتەوە، بۆیە لەسەدا هەشتای ژن و پیاوی کورد بەو ئاگرە داخبون کە قسەو قسەڵۆکی دەوروبەر چ کێشەو ناتەباییەکی بۆ قولقاندون و چ ئاژاوەیەک چۆتە نێو ماڵیانەوە، هەر لەبەرئەم هۆکارانەیە لە هیچ دەورو زەمانێکدا ژیانی خێزانی تاکەکانی کۆمەڵگە هەفتەیەک بەئارامی و بێ کێشە تێنەپەڕیوە، چونکە سەراپای کۆمەڵگە خۆی لەنێو کێشەو قەیرانێکی هێند ئاڵۆزا دەگوزرێ کەم کەس هەن بەئاسانی لێی دەربازبن.
پیاوی کوردو پیاوەتی؟
نێریینەکان بەگشتی لەهەمو دونیادا پێشگری پاڵەوانێکیان خراوەتە پێش بێ ئەوەی خۆیان دەستیان هەبێ لەو خستنە پاڵەدا، بۆیە هەندێجارو بگرە زۆرجاریش پیاوانێک هەن نە تاقەو توانای ئەو پاڵەوان بونەیان هەیەو نە ئەو بارەشیان بۆ هەڵدەگیرێ، بەڵام چونکە لەقەبێکەو بەسەریدا سەپێنراوە، ئەگەر نەیکات بە نا پیاو گێلە پیاو لە کەوانێکدا ( ژنانی) لەقەڵەم دەدرێ، وەک ئەوەی ژن بون زۆر نەنگی و عەیبە بێت، کە لێرەدا ئەمە خۆی خودی کێشە گەورەکەیە کە هەر لەکۆنەوە تا ئێستا پیاوبون بە گەورەو ژن بونیش بەبچوکتر لەو بینراوە، بۆیە بەدرێژایی مێژو پیاوەکان بەرلەوەی بیانەوێ مرۆڤ بن، مرۆڤێکی جوان و گەورە لە کەسێتیدا، باڵا لەهەمو بنەما مرۆییەکان، ویستویانە پیاوێکی گەورەبن، دور لەهەمو بەها ئینسانیەکان.
ژنی کورد و پاشگری شەرەف و ناموس؟
هەروەک چۆن پیاوەکان دونیایەک یاسای کۆمەڵایەتی سەپێنراوە بەسەریاندا کە زۆرجار بۆیا هەڵناگیرێ و دەرناچن لەژێریدا، ئاوهاش کچەکان و ژنەکان بە دەیان و سەدان یاساو دابونەریت و خوی کۆمەڵایەتی سەپێنراوە بەسەریاندا، بەڵام ئەمان پێچەوانەی پیاوەکان گەر بۆشیان هەڵنەگیرێ و قورسیش بن، دەبێ بەرگەی بگرن و بچنە ژێر بارییەوە، کە لێرەدا ئەمە گەورەترین جیاکاری ڕەگەزی و مرۆییە کە نیوەی ژنی گۆی زەوی بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
لەنێو خێزانی کوردیدا بۆ کێشەکان دەگەن بەکوشتن و سوتان؟
ئەگەر لێرەدا بەنمونەیەکی زۆر زیندو دەست پێبکەین تەواو واقیعیانەتر ئامانجەکە دەپێکین، لەم چەند ڕۆژەی پێشودا ژنێکی گەنجی تەمەن ۲۱ ساڵ لەشاری سلێمانی بەناوی (شنیار)ەوە دوای ئەوەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە توندوتیژییەکی زۆر بەرامبەر دەکرێت دواتر نەوتی پێدا دەکات و دەیسوتێنێت، هەروەک دایکی ژنەکە دەڵێت و خۆشی بە دەنگ وتویەتی داوی ئەوەی ئازارێکی زۆری داوە ئینجا سوتاندوشیەتی، ئەم ڕوداوە ئەگەر لەڕوی مرۆیی و یاساییەوە لێیبڕوانین تەواو تەواو نا مرۆڤانەو دور لەهەمو بەها ئەخلاقییەکانەو، هیچ یاسا و ڕێسایەک ڕێگەی پێنادات، بەڵام ئەگەر لەڕوی کۆمەڵایەتی و کلتوری کۆمەڵگەی کوردییەوە لێی بڕوانین شتێکی ئاساییە بەکۆمەڵگەو ڕۆژانە ئەم جۆرە ڕوداوانە بونەتە هەواڵ و مانشێتی سەرەکی زۆرینەی پەیج و ڕاگەیاندنە کوردییەکان و خەڵک وەک وەک ئەوەی هەنگوینی لە دارا دۆزیبێتەوە دەماو دەم و ماڵەو ماڵ بە تامو چێژەوە باسی دەکەن و دەیگێڕنەوە، کە بینینی ئەم دیمەنانە پێمان دەڵێت تاکی کوردی لە مێژە خۆشە بوەو بە بۆن و ڕەنگی خوێن و خوێن ڕشتن و چێژ دەبینێ لە دیمەنە تاوانکارییەکان، بۆیە لەنێو زۆرێک لەگۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا پرسیارێکی زۆرگەورەو ئیستفهامێکی تەواو ناڕونیان خستۆتە سەر کەسێتی تاکی کوردی و کۆمەڵەگەی کوردی بەگشتی.
ئەم ڕوداوە دەتوانین دو لایەنە لێکی بدەینەوە، ئەویش لایەنی یەکەم خێزانی شنیار و بەتایبەت دایک و باوکی، لایەنی دوەمیش خێزانی مێردەکەی شنیار.
ئەوەی لەسەر خێزانی شنیارو دایک و باوکی بەتایبەت دەبێتە پرسیارێکی گەورە، ئەوەیە مادام ئێوە دەمێکە دەزانن ژیانی کچەکەتان (شنیار) ئاسودە نیە، کێشەی هەیەو مێردەکەی زۆر بۆی خراپە لێیدەداو سوکایەتی پێدەکات، بۆ قبوڵتانکردو بێدەنگیتان هەڵبژارد، لەگەڵ ئەوەی کە لەهەژدە ساڵی بەشوتان داوەو زانیویشتانە چ ژیانێکی دۆزەخی هەیە، ئەی کەواتە ئەرکی دایکایەتی و باوکایەتی ئێوە چی بو، باوکی بەهەمان شێوە دەڵێت "مێردەکەی بەسەرخۆشی لێیداوەو وایلێکردوە"، ئادەی پێمبڵێ چ پیاوەتییەک لەو بێدەنگییەی خۆتدا دەبینیتەوە کاتێک بەبەرچاوی خۆتەوە کچەکەت کە بەشەرەف و ناموسی خۆتی دەزانی یاری بەچارەنوسیکراو ناوی خرایە نێو ناوان و ماڵەو ماڵ چیرۆکەکەی باس دەکرێت، دەزانن ئێوە لەپێناو پاراستنی بەناو حەیاو شەرەف و عەیبەی خێزانەکەتاندا چ کارەساتێکتان قولقاند کە بۆ تەواوی کۆمەڵگە دەبێتە پەڵەیەکی ڕەشی مرۆڤایەتی و پرسیارێکی گەورە لەسەر کەسێتی تاکی کوردی. ئێوە تازە بە چ ڕویەکەوە داوای سەروەری یاسا دەکەن لەکاتێکدا خۆتان بەدەستی خۆتان کچە ۲۱ ساڵەکەی خۆتان کە دایکی دو منداڵە لە دۆزەخی مێردەکەیدا سوتان.
هەرچی لایەنی دوەمیشە ئەوەی کە دەکاتە ماڵە خەزورانی شنیار، پێویستە بەڕاشکاوی بوترێت، ئاخۆ دایکی ئەو کوڕە لەکاتێکدا خۆی کچی هەیە چۆن و بەچ دڵ و هەست و ویژدانێکەوە ئەوەی قبوڵکردوە کە کوڕەکەی بۆتە سەرچاوەی ئازارو توندوتیژی کچێکی تر، ئایا ئەوە بۆ ژیانی کچەکەی خۆی بەڕەوا دەبینێ تا بۆ کچی خەڵکیش بەئاسایی وەربگرێ.
ئێستا ڕەنگە پێمبڵێن ئەی چی بکردایە کوا مناڵی ئەمڕۆ گوێ بۆ دایک و باوک ئەگرن و حورمەتی گەورەیان لاماوە، بەڵێ هەمو ئەو قسە باوانەی ناو کۆمەڵگە دەزانم و لەبەرمە کە ئیتر وایە ژیان بۆ هەموی هەر وابوەو ژن دەبێ موتیعی مێردەکەی بێت و داپیرانمان هەروابون و قبوڵیشیان کردوە، خۆ تەڵاق گاڵتە بازار نیە هەمو کاتێ باس بکرێ و ژن نابێ بتۆرێ و پیاو پیاویان وتوەو ژنیش ژن، بەڵێ هەمو ئەمانە دەزانم دەیڵێن و دەوترێ، بەڵام من باسی مرۆڤایەتی دەکەم مرۆڤایەتی، ئایا مرۆڤایەتی ئەو خێزانە لە کوێدایە کاتێک دەبینن کوڕەکەیان بۆتە مۆتەکەی ژیانی ژنێک و توندوتیژی بەرامبەر دەکات، تۆ کە دەزانی کوڕەکەت نە پیاوە نە مرۆڤە نە باوکە ئیدی لۆمەی کچ و ژنی کەس مەکە کاتێک بیەوێ جیابێتەوە لێی، چونکە جیابونەوەکە هەم بۆ ئەو و هەم بۆ کوڕەکەی تۆش باشتربو لەوەی کەوا ئێستا ڕویداوەو بۆ هەتا هەتا وەک پەڵەیەکی ڕەش بەنێو چەوانتانەوە دیاردەبێ.
لەکوردستان یاسا لەکوێی ئەم ڕوداوانەدایە؟
هەرچەندە ناکرێت و ناگونجێ جیاوازی هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوا لەگەڵ کوردستان بکرێت، بەتایبەت وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، بەڵام من تەنها وەک بەرچاو ڕونی و نیشاندانی وێنای حکومەت و کۆمەڵگەی ئەڵمانی لەچۆنێتی پاراستن و نرخ پێدانی کەسێتی مرۆڤەکان ئەم نمونەیە دەگوازمەوە بۆ ئەڵمانیاو ئاوا شیدەکەمەوە، کاتێک شنیار چەندجارێک لەلایەن مێردەکەیەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێ و خێزانی هەردولاش ئاگادارن، ئەوا بەڕاوێژ لەگەڵ کەسێکی شارەزا ئەم داوایەی ڕوبەڕوی پۆلیس و یاسا دەکاتەوە، دوای ئەوەی پۆلیس لەکاتی ڕوداوەکەدا پیاوەکەی دەستگیر دەکەن، دوای لێکۆڵینەوە بەتایبەت ئەگەر دەرکەوێت کەسێکە مودمینی ماددە کحولییەکانە، لەخێزان و مناڵەکەی جیادەکەنەوەو دەینێرنە چاکسازی، دواتر کەسێک بەناوی توێژەری کۆمەڵایەتی دەکەن بەسەرپەرسشتیاری شنیارو مناڵەکانی تا ڕۆژانەو هەفتانە ئاگاداری ژیانی کۆمەڵایەتی و دەرونی و ئابوری ئەم خێزانەبێت و دۆخێکی ئاسایی بگەڕێننەوە بۆیان، ئەگەر هەوڵی سوتانەکەش هەر لەئەڵمانیا ڕویبدایە ئەوا بۆ هەتا هەتایەئەو پیاوە دەچوە زیندانەوەو شنیارو مناڵەکانیشی بەتەواوی دەخرانە ژێر سۆزی حکومەت و یاساوەو هەرچی پێویست بوایە لەخزمەتگوزاری تەندروستی و مرۆیی بۆیان دابیندەکرا.
بەڵام ئەم ڕوداوەی شنیارو هەمو شنیارەکانی تر کە توندوتیژییان بەرامبەردەکرێت یان دەسوتێنرێن یان دەکوژرێن، چونکە لەنێو کۆمەڵگەیەکی بێ یاساو بێ سەروەری مافی مرۆڤ دەکرێن، کەمترین کات بکەر دەستگیر دەکرێت و بەسزای خۆی دەگات و زوڵم لێکراویش قەرەبو دەکرێتەوە.
ئێستا من لەگەڵ ئەوەی هەمو هیوایەکی زوبەزو چاکبونەوە بۆ شنیار دەخوازم و هیوادارم زۆر زو برینەکانی ساڕێژبێت و بگەڕێتەوە ناو مناڵەکانی، بەڵام دڵیشم ئازار دەچێژێت گەر خوا نەخواستە نەیتوانی بەسەر ئازارەکانیدا سەرکەوێت و وەک چەندین ژن و کچی تر گیانی سپارد، یاسا و دادگا و ئاسایش و پۆلیس چییان پێدەکرێت و بۆ دەکرێت، چونکە هەرخۆی لەفەراغی نەبونی سەروەری یاساو جێبەجێنەکردنی یاسا، بەبیانوی پاراستنی شەرەف و ناموس و لەژێر پەردەی دەسەڵاتی بێ بنەمای پیاو سالاریدا بەم ڕۆژگارە لێرەو لەوێ ژنێک یان کچێک دەسوتێ و دەکوژرێ، ئابڕوی خێزان و کۆمەڵگەیەک شەڵتانی خوێن دەکرێ و تۆمەتبارانیش بەڕاکردن لە دەسەڵات و یاسا دەشارێننەوەو دوای چەند ڕۆژێکیش ڕوداوەکە دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت، ئیدی وەک ئەوەی گیانکێشان و لێسەندنەوەی ڕۆح لەجەستەی ژنەکان وەحی بێت و بۆ پیاوەکان بە پەیام نێردرابێتە خوارەوە.