دواین هەواڵ

هاوڕێیەتی لەگەڵ خۆشەویستی پێشوو

‌ئارام سەعید

16/02/2022

فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان -بەشی نۆیەم
ئەوکەسانەی لەناو کەسێتی سێکوچکەی تاریکدان هاوڕێیەتی بۆ ئامانجی ستراتیژی خۆیان دەکەن، خودی هاوڕێیەتیەکە بەلایانەوە گرنگ نیە ئەوەی لای ئەوان گرنگە بەکارهێنان و کۆنترۆڵکردنی هاوڕیەتیەکەیە بۆ ئامانجەکانیان. بۆ پەیوەندی لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر حەزیان بەپەیوەندی رۆمانسی کورتخایەنە، هەربۆیە ئەو هاوڕێیەتیە بۆ سود وقازانجێکی کاتی دەکەن لەوانە گەیشتن بە سێکسکردن، یان ئازاردان، هەندێکیشیان بۆ کێشانەوەی پارەیە هەربۆیە چەندین ئامرازی خراپ بەکاردەهێنن لەوپێناوەدا.هەربۆیە ئەوکەسێتیە تاریکانە هەوڵ ئەدەن بۆپەیوەندی بەردەوام لەگەڵ خۆشەویستی پێشویان.

ئەگەر لەفەیسبوکدا هاوڕێی خۆشەویستی پێشووت بویت ئەوا کێشەیەکی دەرونیت هەیە، رەنگە هۆکارێک هەبێت بۆ هەر هاوڕێیەتیکردن و مانەوەت لەگەڵ خۆشەویستی پێشوو، یان پەیوەندیەکە کۆتایی هاتوە و کۆتایی بە هاوڕێیەتیەکە دەهێنیت. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک لە زانکۆی ئۆکلاند هاوڕێیەتیکردنی خۆشەویستی پێشوو لە فەیسبوک بەگشتی مانای ئەوەیە یەکێکیان کێشەی دەروونی هەیە یان هەردوکیان.

بەگویرەی لێکۆڵینەوەکە کە گۆڤاری (Personalality and Individual Differences) بڵاویکردۆتەوە، چۆنیەتی مامەڵەکردنی کەسێک لەگەڵ خۆشەویستی پێشووی تاقیکردنەوەیەکی تازەیە بۆ دۆزینەوەی سایکۆپاتەکان، لەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتوە سایکۆپاتەکان هەمیشە چاویان لەئەزمونەکانی پێشویانە بۆئەوەی بگەن بە دەستکەوتی وەک سێکس،پارە، زانیاری.

ئەو لێکۆڵینەوەیە کە ژمارەیەک لێکۆڵەری زانکۆی ئۆکلاند کردویانە لەسەر ٨٦١ کەس بوە، کە لەسەر مێژوی پەیوەندیەکانیان بوە و پرسیاریان لێکراوە لەسەر خۆشەویستی ئێستایان و ئایا پەیوەندیان بە خۆشەویستی پێشویانەوە ماوە، کە دواتر فۆرمێکیان پێداون بۆ پرکردنەوە تابزانن سیفەتی نەرجسی یان دەروون شێواویان هەیە. بەکۆی گشتی ئەوانەی سیفاتی کەسیتی سێکوچکەی تاریکیان هەیە لەگەڵ خۆشەویستی پێشویان لەپەیوەندیدا بوون.

لەراستیدا سایکۆپات و نەرجسیەکان هەمیشە کەسە سۆزدارەکان بەئامانج دەگرن و خراپ مامەڵەیان دەکەن چونکە ئەزانن هەر ئەمێننەوە لەگەڵیان ئەوسۆزداریە دەقۆزنەوەa. جار جار ئومێدێکیان پێ دەبەخشن و دواتر بێ ئومێدیان دەکەنەوە. ئەوان لەهەمان کاتدا چەند پەیوەندیەکی سۆزداریان هەیە.

پیەر بیتوا نیو کەپزیشکی دەرونی وپسپۆڕی کەسیتیە تاریکەکانە بۆ پێگەی بزنز ئینسایدەر دەڵێت" ئەوەی لە بیرکردنەوەی سایکۆپاتەکاندایە، تۆ وهەرکەسی تر وەک پارچەیەک گۆشت سەیر دەکەن، تیمساح پارچە گۆشتەکانی لەژێر بەرد ئەشاریتەوە،ئەوکاتەی حەزی لێی بێت دەچێت گازێکی لێ دەگرێت" کاتێک لەگەل سایکۆپات بیت وەک ئەو پارچە گۆشتە دەبیت.

رەنگە زۆرکەس راوبۆچونی جیاوازی هەبێت لەسەر ئەوەی هاوڕێەتی بمێنێتەوە لەگەل خۆشەویستی پێشوو، یان نەمێنێتەوە. کە رەنگە بارێکی کۆمەڵایەتی ئەوە بسەپێنێت، هەرچەندە هەندێک کەس کەئەو پەتەی پچڕاند ئیتر ناچێتەوە سەری، کە رەنگە زانستێکی تەواو دروست نەبێت ئەو لێکۆڵینەوەیە کەهەموو ئەوانەی ئەو پەیوەندیەیان ماوە سایکۆپات بن،بەڵام حەزکردن بەهێشتنەوەی ئەو پەیوەندیە بەگویرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە ئاماژەیە بۆبونیی مەیلێکی تاریک.

لەراستیدا دەستنیشانکردنی کەسی سایکۆپات کارێکی قورسە،لەبەرئەوەی زۆربەمان بەشێک لەو سیفەتانەمان هەیە کە لە کەسی سایکۆپاتەکاندا هەیە تەنانەت هەندێک لەزاناکان دەڵێن هەموو کەسیک لەیەکێک لە هەڵویستەکاندا دەکەویتە ناو چوارچێوەی جیهانی سایکۆپاتەکان، چونکە هەندێک لە سیفەتەکانیان باشن لەوانە بیرکردنەوەکانیان بۆ خۆپاراستن یان ئەو کاریزمایەی هەیانە، هەر بۆیە زۆربەیان دەبنە بەڕیوەبەری جێبەجێکار چونکە بڕیارەکانیان دەدەن بەبێ گەرانەوە بۆ سۆزداری..

لەسەر ئەم لێکۆڵینەوەیە بولێت شیرمان کەزانایەکی دەرونناسیە بەرۆژنامەی ئەندپێندت دەڵێت" پەیوەندی گرتن ئاڵۆزە وناکرێت بڵێین هەرچی کەسێک پەیوەندی لەگەڵ خۆشەویستی پێشووی هەبوو ئیتر ئەوە سایکۆپاتە، یان ئامانجی تری هەیە، بەڵام بەگشتی ئەو دەرئەنجامەی لێکۆڵینەوەکە پێی گەیشتوە سەرنج راکێشە کەتیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە نیەتی هەندێک لەو کەسانە بۆ هێشتنەوەی ئەو پەیوەندیە بۆ خۆپەرستیە، بۆئەوەی بەردەوام بن لە سێکسکردن لەگەڵ خۆشەویستی پێشوو یان گەیشتن بە زانیاری یان دەستکەوتی تری شەخسی خۆیان،کەهیچ بیر لەکاریگەری سۆزداری بەرامبەرەکانیان ناکەنەوە"

دواتر دەڵێت" هەندێک کەس هەیە دەیانەوێت پەیوەندیەکی ئاساییان هەبێت لەگەڵ خۆشەویستی پێشویان بۆ هۆکاری سروشتی. رەنگە بیانەوێت هاوڕێی پێشویان باش بژین و ئەوان پێیان خۆشە ئەو هاورێەتیە هەبێت لەگەڵ خۆشەویستی پێشویان و سنورێکی ئاشکرایان هەیە پێکەوە وەک هاوڕێ بەبێ ئەوەی ئارەزوی سێکسکردنیان هەبێت پێکەوەو رەنگە هاوڕێ تریان هەبێت و هیچ هەستێکی سۆزداریان نەبێت بەرامبەر یەکتر، رەنگە ئەمە ئاسان نەبێت بەڵام ناشکریت بڵێین هەرچی ئەیەوێت هاوڕێی خۆشەویستی پێشوی بێت ئیتر ئەوە سایکۆپاتە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP