دواین هەواڵ

بە هەموو كەم و كوڕیەكەوە، ٥٠ ساڵ لە پێش عێراقداین

‌حسێن مام ئەنوەر

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەزموونی سەد ساڵی ڕابردووی دەوڵەتی عێراق، پەرتووکێکی کراوەیە کە پڕە لە وانەی تاڵ و ڕاستیی حاشاهەڵنەگر، مێژوویەک کە تێیدا عەقڵییەتی حوکمڕانی لە بەغدا، لەژێر هەر ناو و ئاڵا و سیستەمێکدا بووبێت، هەمیشە وەک دەوڵەتێکی مەرکەزیی توندڕەو مامەڵەی کردووە و تەواوی هێز و توانای خۆی بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد تەرخان کردووە

بەڵام ڕاستییە مێژووییەکە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و ستەمە، مەرکەزیەتی بەغدا هەرگیز نەیتوانی ئیرادەی ئەم نەتەوەیە تێکبشکێنێت، چونکە ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی و مەرکەزیەت، بووەتە بەشێک لە شوناس و مانەوەی هەر تاکێکی کورد

ئەمڕۆش ململانێکە هەر هەمان ململانێی مێژووییە، بەڵام بە ئامراز و بیانووی نوێوە، ئەوانەی لە بەغداوە بە ناوی یاسا و چاودێرییەوە هەوڵی لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان دەدەن و کەسانی وەک "زەیدی" دەکەنە دەمڕاستی هێرشکردنە سەر قەوارەی هەرێم، لە بنەڕەتدا دەیانەوێت شکستی قووڵی خۆیان بشارنەوە

عێراقێک کە لە ڕێگەی گەندەڵییەکی سیستماتیکەوە، سامانی نەوت و داهاتی وڵاتەکەی بووەتە نێچیری دەستی بەرپرسەکان و هەریەکەیان خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلارن، ناتوانێت وانەی پاکژی و حوکمڕانی بە کوردستان بڵێتەوە

جیاوازیی نێوان ئێمە و ئەوان لەسەر ئەرزی واقیع وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە، لە کاتێکدا عێراق بە  %٩٧ ی داهاتە زەبەلاحەکەی تەنها توانیویەتی مووچە دابین بكات و داماڵراوە لە هەموو خزمەتگوزرای و پێشكەوتنێكی دیكە ئەوی دیكەی بۆ بەهەدەردان تەرخان کردووە و شارەکانی بەدەست وێرانی و نەبوونی خزمەتگوزاری و پاشاگەردانییەوە دەناڵێنن

هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو ئەو گەمارۆ و قەیرانانەی بۆی دروست کراوە، وەک نموونەیەکی گەش لە ناوچەکەدا دەدرەوشێتەوە، بێگومان ئێمەش بێ کەموكوڕی نین، بەڵام بە هەموو کەموكوڕییەکانیشمانەوە، لە ڕووی ئاسایش، ئاوەدانی، ژێرخان، ڕێگاوبان و جوانیی شارەکانەوە، لانی کەم پەنجا ساڵ لە پێش عێراقەوەین

ئەو هەڵمەتە میدیایی و سیاسییەی ئێستا لە دژی کوردستان دەکرێت، لە ڕاستیدا ترسە لە سەرکەوتنی ئەزموونی هەرێم و هەوڵێکە بۆ وەستاندنی ڕەوتی پێشکەوتنەکانمان، ئاوەدانی و سەقامگیریی کوردستان، وەک ئاوێنەیەک وایە کە هێندەی تر وێرانەیی و شکستەکانی عێراقی نیشان داوە و ناشرینتری کردووە، هەر بۆیە بەغدا چاوی بەم پێشکەوتنانە هەڵنایەت و دەیەوێت لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی مەرکەزیەتەوە، کوردستانیش هاوتای شارە وێرانەکانی خۆی لێ بکات

لەم سۆنگەیەوە، ڕەتکردنەوەی مەرکەزیەت و بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم، تەنها دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانیی هەموو کوردێکە، دەبێت هەموومان لەوە تێبگەین کە گەڕانەوە بۆ ژێر چەتری مەرکەزیەتی بەغدا، گەڕانەوەیە بۆ سەد ساڵی پڕ لە نەهامەتی و وێرانکاری، پاراستنی ئەم قەوارەیەش تاکە گەرەنتییە بۆ ئەوەی بە سەربەرزی و ئاوەدانی بمێنینەوە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP