دواین هەواڵ

گرژیەکانی هەرێم و عێراق قۆناغی ترسناک تێدەپەڕێنن

‌ئەسرین عاسی شوانی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای سینارۆی چوونە نێو جرف ئەلسخڕ، حکوومەتی عێراق هەڕەشەی ناردنی هێز دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان، گوایە بۆ بنبڕکردنی قاچاخچێتیی نەوت! ئەوە دەکەن، بەڵام ئێستا و ئەوسا كەس نەیزانی ئەو جورف ئەلسەخڕەی كە ساڵانە بایی دوو ملیار دۆلار نەوتی لێ دەدزرێت، ئایا دزیكردن وەستاوە؟ ئایا كەس گیرا لەسەر ئەو دزییە؟ ئایا ئەو ملیاران دۆلارە بۆ كێ چووە و لە كێی دەسەننەوە؟

جارێ هەر چوونە نێو جورف ئەلسخڕ گوماناوی بوو، ئەو هێزەی چوونەتە ژوورەوە بە فلتەری کەتائیبی حزبوڵادا تێپەڕیون، وەک زۆربەی کەناڵە میدیاییەکان ڕایانگەیاند کە لە کاتی ڕووماڵکردنی ئەو پرۆسەیە چەند یەکەیەکی حەشدی شەعبی و گوایە سوپا لە چوونە ناوچەکە بەشدار بوونە، بێ ئەوەی هەمەڕ و چەکی قورسیان هەڵگرتبێ. بەڕاستی هەموو ئەگەرەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو پرۆسەیە ڕێکكەوتنێکی پێشوەختە بووبێت و هەموو سینارۆکە ڕێکخرابێت.

وەک میدیاکان باسی دەکەن، ئەو ناوچەیە مەڵبەندی قاچاخچێتی و دزی و تەزویر و كوشتن و تەزویری پارەیە، سەرجەم ناوچەکەیان کردووەتە تونێل و کاری دروستکردنی دڕۆن و مووشەک. جگە لە قاچاغچێتیی نەوت کە بەئاشکرا بۆریی نەوتیان کون کردووە و نەوتەکەی بە قاچاخ دەفرۆشن. بۆ هەموو ئەمانە ئەگەر بپرسین، چوونەژوورەوەی ئەو هێزە چی لە بابەتەکە گۆڕیوە؟ کام تۆنێل لەژێر چاودێریی هێزە عێراقییەکاندایە؟ ئایا توانیویانە سەرچاوەی بە قاچاخبردنی نەوت وشک بکەن؟ یان ناسنامەی ئەو هێزانەیان بۆ عێراقییەکان و جیهان ئاشکرا کردووە؟

ئایا توانیویانە ئاوارەکان بگەڕێننەوە زێدی خۆیان کە دوازدە ساڵە ئاوارەی دەستی ئەو گرووپە چەکدارانەن و سەرجەم خەڵکی ئەو ناوچەیە سوننەمەزهەبن؟ بزانین جگە لە هاشوهووشێکی میدیایی بەولاوە چی دی بووە؟ بۆیە ئەمە ئەوە دەرەخات بەم سیناریۆیە دەیانەوێت بارودۆخی هەرێمی کوردستان تێکبدەن خەڵك جورف ئەلسەخڕی بیر بچێتەوە و بە ناوی سەروەریی یاسا و ڕێگریکردن لە قاچاغخچێتی پەلاماری کوردستان بدەن، بە تایبەت دوای ئاڵۆزیی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستان کە پێیان وابوو لە ئەنجامی دووبەرەکیی نێوان یەکێتی و پارتی دەتوانن خەونی گڵاویان بەدی بهێنن و لە پەلاماردانی هەرێمی کوردستان جارێکی دی پۆستاڵی عرووبە بە سەر گەلەکەماندا بسەپێنن.
سەرەتا پەیامەکانیان زۆر توند و هەڕەشەئامێز بوو، بەڵام دوای ڕاگەیاندنە هاوبەشەکەی هەردوو حزبە سەرەکییەکەی کوردستان و بە یەک دید سەیرکردنی بارودۆخەکە، دەسەڵاتدارانی عێراق گێڕێک دابەزین، ئێستا باس لە دەستوور و بەرکەوتە دەستوورییەکان دەکەن.

بۆیە ئەوەی دەیبینین ئەگەر کورد یەک هەڵوێست بێت و کوردایەتی بکات، هەرگیز دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان ناتوانن چاوی تەماحی لە كوردستان ببڕێت، بۆیە حەق وایە گەلی کورد وانە لەم پێشهاتە وەربگرێت و ئیتر واز لە حزبایەتی بهێنێت و کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بکاتە ستراتیژ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP