دواین هەواڵ

لە دەوڵەتی سەربەخۆوە بۆ کۆمۆناڵی گوند: داخرانی پەردەی شانۆگەرییە پەنجا ساڵەکە

‌عادل مەریوانی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

 پارادۆکسی گەورەی شۆڕش
هیچ بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە مێژووی هاوچەرخدا بە ئەندازەی  پەکەکە تووشی پاشەکشەی ستراتیژی و ئاوەژووبوونەوەی چەمکە سەرەتاییەکانی خۆی نەبووەتەوە. بزووتنەوەیەک لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بە دروشمی ڕادیکاڵانەی کوردستانی گەورە و دەوڵەتی سەربەخۆی یەکگرتوو دەستی پێکرد، کەچی دوای
پەنجا ساڵ لە بەکوشتدانی نزیکەی پەنجا هەزار مرۆڤی کورد، وێرانکردنی هەزاران گوند و بەتاڵکردنەوەی باکوور و بەشێک لە باشووری کوردستان لە دانیشتووان، گەیشتە ئەو ترۆپکە تەمومژاوییەی دەوڵەتی سەربەخۆ بە شێرپەنجەی مۆدێرنیتە ناوزەد بکات و پێناسەی ئازادی لەناو کۆمۆناڵی گوند و توانەوە لەناو کۆماری دیموکراتیکی
تورکیا دا قەتیس بکات!

ئەم گۆڕانکارییە، تەنیاهەڵگەڕانەوەیەکی ئایدیۆلۆژی سادە نەبوو، بەڵکو نیشانەی تراژیدیایەکی مێژوویی بوو کە گومانی ئەوەی دروست کرد: ئایا ئەمە بزافێکی نەتەوەیی بوو یان شانۆگەرییەکی درێژخایەنی ئەندازیارانی دەوڵەتی قووڵی تورکیا میت بۆ بەلاڕێدابردنی وزەی نەتەوەیی کورد و پووچەڵکردنەوەی خەونی دەوڵەتبوون؟

 تیرۆری دەوڵەتبوون و ئەفسانەی نەتەوەی دیموکراتیک! 

لە کاتێکدا هەموو گەلانی جیهان، تەنانەت بچووکترین گرووپە ئەتنیکییەکانی دوای جەنگی سارد، خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی سیاسی و دەوڵەت دەکرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڤێلای گەشتیاری ئیمڕاڵی یەوە ، بیرۆکەی دەوڵەتی کوردیی وەک تاوان وەسف کرد. بە پشتبەستن بە شێواندنی تیۆرییەکانی مورای بۆکچین  سەبارەت بە کۆنفیدراڵیزم، ئۆجەلان مێشکی نەوەیەکی تەواوی کوردی شۆردەوە و وای پێگەیاندن کە سەروەریی خاکی کوردستان گرنگ نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی کۆمۆنێک لە گوندێکدا ترۆپکی ئازادییە.

فرانز فانۆن لە شاکارەکەیدا داماوان و نەفرەتلێکراوانی سەر زەوی ئاماژە بەوە دەکات کە:

داگیرکەر هەمیشە هەوڵ دەدات کاتێک دەبینێت بزووتنەوەیەکی چەکداری پەیدا بووە، سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە بەرەو فەلسەفەی تەمومژاوی بەرێت، بۆ ئەوەی خەباتی ڕزگاریخوازی ڕاستەقینە کە بەدەستهێنانی سەروەریی خاک و گەلە بگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک دروشمی ئەبستراکت و پووچ. پەکەکە بە دەستبەرداربوونی لە خاکی کوردستان و سەروەریی سیاسی، گەورەترین دیاریی بەخشییە دەوڵەتی کەمالیست: کوشتنی خەونی دەوڵەتی کوردی لە ناخی خودی تاکی کورددا، بە ناوی پۆست‌ مۆدێرنیزم و نەتەوەی دیموکراتیکەوە!

 برایەتیی درۆینە: ئایا داگیرکەر لەگەڵ داگیرکراو دەبێتە برا؟

لە دروشمەکانی کۆتایی پەکەکە و نامەکانی ئۆجەلاندا، تێرمێکی سەیر دەدرێت بەگوێی کورددا: برایەتیی کورد و تورک لە سایەی کۆماردا.
لەمێژووی فەلسەفەی سیاسیدا، لە ماکیاڤێللییەوە تا دەگاتە هێگڵ و مێمی، هیچ شتێک نییە ناوی برایەتی و هاوبەشیی ئارەزوومەندانەی نێوان دەوڵەتی سەردەست و نەتەوەی ژێردەست بێت.

بیرمەندی دژە-داگیرکاری، ئالبێرت مێمی  لە کتێبی *داگیرکەر و داگیرکراو*دا بە ڕوونی دەڵێت:

داگیرکەر ناکرێت لەگەڵ داگیرکراودا بچێتە پەیوەندییەکی یەکسانەوە، چونکە تەواوی ناسنامە و هەبوونی داگیرکەر لەسەر نەسڕینەوە و بەکۆیلەکردنی داگیرکراوەکە وەستاوە.
هەر بانگەشەیەک بۆ برایەتی لە دۆخی داگیرکاریدا، ڕێگایەکی نەرمە بۆ لەناوبردنی بەرگریی دەروونیی ژێردەستەکان.
ئەم جۆرە لە تواندنەوەیە کە پەکەکە بانگەشەی بۆ دەکات، بێوێنەیە؛ نەتەوەی ژێردەست بە پەنجا ساڵ شەڕ، فێر دەکرێت چۆن ئاڵا و سەروەریی خۆی فڕێ بداتە زبڵدانی مێژووەوە لەپێناو ئەوەی وەک هاووڵاتییەکی بێناسنامە لە ژێر سایەی دەوڵەتێکدا بژی کە تەواوی بوونی لەسەر حاشاکردن لە ناوی کورد بنیات نراوە. تەختی شانۆ و دەستی میت: بەکوشتدانی کورد بۆ مانەوەی سیستەم. بۆ ماوەی نیو سەدە، هەر کاتێک دەرفەتێکی زێڕین بۆ دۆزی کورد هاتە پێشەوە—چ لە باشوور لە ڕێگەی فیدراڵیزم ، یان لە ڕۆژئاوا، یاخود گەشەی سیاسیی مەدەنی لە باکوور—تەقینەوەی شەڕی پەکەکە و تەقاندنی فیشەک لە شوێنی هەڵەدا بووە هۆی هێنانەکایەی پاساو بۆ سوپای تورکیا تاوەکو پەلاماری دەستکەوتەکانی کورد بدات.

ئەگەر لە ڕوانگەی ئیبن خەلدوونەوە لە دەوڵەت و حوکمڕانی بڕوانین، دەوڵەتی عوسمانی و میراتگرەکەی کۆماری تورکیا هەمیشە بە لێزانی توانیویانە عەسەبییەتی نەتەوەکانی ژێردەستیان لە ڕێگەی دروستکردنی سەرکردەی مۆنۆپۆڵکەرەوە بەکاربهێنن و بەتاڵی بکەنەوە. ئۆجەلان کرا بە تاکە ئایکۆن؛ تەواوی بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلێک کورتکرایەوە بۆ ناو قەفەسێکی ئیمڕاڵی. سیناریۆکە بە تەواوی ڕوونە: پەکەکە وەک ئامرازێکی سەربازی کاری کرد بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی مەدەنی و ڕۆشنبیریی ڕاستەقینەی کورد لە باکوور بتوێنێتەوە، و دەنگە ناسیۆنالیستە سەربەخۆخوازەکان لەناوببات، تاوەکو لە کۆتاییدا تەنیا دوو دەنگ بمێنێتەوە: سوپای تورکیا لەلایەک، و فەرمانەکانی بەناو زیندانییەک لەلایەکی تر.

 داخرانی پەردە بە دەستپێشخەریی دەوڵەتی بێ تیرۆر پەردەی کۆتایی ئەم شانۆیە لە گۆڕەپانی ئێستای تورکیادا بەڕوونی دەبینرێت:
هاوپەیمانیی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی لە ژێر ناوی تورکیای بێ تیرۆر بانگەواز بۆ ئۆجەلان دەکەن بێت و لە پەرلەمان پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە!
ئەمە ترۆپکی تراژیدیایە:
حیزبێک بە ئاڵای داس و چەکوش و دروشمی کوردستانی سوور و سەربەخۆ دەستی پێکرد.
دواتر هاتە سەر دروشمی ئۆتۆنۆمی و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا.
 پاشان دابەزی بۆ کۆمۆناڵی گوند و دیموکراسیی خۆجێیی.

ئێستاش دەگاتە ئەو بنبەستەی لە پێناو ئازادبوونی یەک کەس، لەژێر چەتری پەرلەمانی فاشیستەکاندا، تەواوی خەباتی پەنجا ساڵە بخاتە ژێر پێڵاوی نەیارەکانی هەڵبوەشێنرێتەوە.

ئەمەیە ئەو شکستە فەلسەفی و مێژووییەی کە ناکرێت بە هیچ جوانکارییەکی ئایدیۆلۆژی پەردەپۆش بکرێت. مێژوو دەیسەلمێنێت کە دەستبەرداربوون لە بنەماکانی سەروەریی نەتەوەیی بە ناوی دژایەتیکردنی چەمکی دەوڵەت، لە ڕاستیدا خۆبەدەستەوەدان بوو بەو
دەوڵەتەی کە سەدەیەکە جینۆسایدی جەستەیی و ڕۆشنبیریی کوردی پێڕەو کردووە.

 وانەیەک بۆ هۆشیاریی کوردی
شانۆگەرییەکە بەرەو تەواوبوون دەچێت، بەڵام باجەکەی ئەوەیە کە گەلی کورد یەکێک لەگەورەترین دەرفەتە مێژووییەکانی سەدەی بیست و بیست ویەکەمی لەدەستدا. لە هیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە دەوڵەتی داگیرکەر بە ناوی هاووڵاتیبوون و برایەتی، گەلێکی داگیرکراو ڕزگار بکات؛ ڕزگاری تەنیا لە ڕێگەی دانپێدانانی سیاسی، جوگرافی، و
مافی بڕیاردانی چارەنووس و سەروەرییەوە بەدەست دێت.

پەکەکە و مۆدێلەکەی سەلماندیان کە ئایدیۆلۆژیای چەپەڵی دژە-دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ مانەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و سڕینەوەی مافی چارەی خۆنووسینی ئەو نەتەوانەی کە پێویستییان بە قەڵغانێک بوو بە ناوی دەوڵەتی سەربەخۆ. داخرانی ئەم پەردەیە، دەبێت سەرەتایەک بێت بۆ وەئاگاهاتنەوەی عەقڵی سیاسیی کورد تا ئیتر خوێنی خۆی لە پێناوی تیۆرییە پووچەکانی دژە-نەتەوە و ئەفسانەی برایەتیی داگیرکەردا بەفیڕۆ نەدات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP