دواین هەواڵ

ئاماژەكانی پشت دانووستان و ئۆپراسیۆن

‌ ئەنوەر حسێن (بازگر)

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنوەر بازگر
* شەڕی (12) ڕۆژە، (40) ڕۆژە، (13) ڕۆژە، لەنێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، شەڕ و دانووستان، شەڕ، ئێستا دواین قۆناغی چوارەم؛ لە ئەجێندای ئەمەریكادایە. كە كوشندەتر و سەختر دەبێت و ڕەنگە دەرفەت بۆ دانووستان و گەڕی چوارەم نەهێڵیتەوە.
* ئامادەكاری ئەمەریكا بۆ شەڕیكی نوێ، لەڕێگای سنورەكانی عێراق (نوخەیب) و هەرێمی كوردستان، بەشداری وڵاتانی كەنداو، توركیا، نەرمی نواندنی وڵاتانی ئەوروپا، بەشداریكردنی ئۆكرانیا، یان ئەوەی باس لە هاوپەیمانێتییەكی (40) وڵات ئامادەكاری بۆ هەموو ئەگەرەكان دەكرێت.
* ئێرانییەكان دەزانن؛ لەهەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەمەریكا هەموو ئەوەی پێش شەڕ بەدەستیهێناوە (425 كیلۆگرام كە یۆرانیۆمی پیتێنراو، موشەكی بالیستی، درۆن، دروستكردنی پڕۆكسی لە عێراق، یەمەن، لوبنان) ئەوەش كە ئێستا دوای شەڕ ئەمەریكا پێداگری لەسەر دەكات (ستراتیژی بوونی گەرووی هورمز و دەرهێنانی لە دەست ئێران، واتا كۆنتڕۆڵی نەوت و غازی ئێران – دروستبوونی نەیاری زۆر لە كەنداو، كوشتنی ڕابەر و ڕابەرانیان، تێكشكاندنی ئابووری ئێران، شكستی حیزبوڵڵاو و مقاومەی عێراق)، هەرگیز نەك براوە نابن، بەڵكو پێیان وایە، سیناریۆی (عێراق، لیبیا، سوریا) بەرامبەریان دووبارە دەبێتەوە، بە تێگەیشتن لەم فەلسەفەیە دەردەكەوێت دانووستان چانسی باشی نابێت.
* لە دواین سەردانی عەلی زەیدی سەرەك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، پرسیویەتی چیتان لە ئێران دەوێت؟ ترامپ وتوویەتی؛ ملدان بۆ هەموو داواكانی ئێمە و جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنەكان.
زەیدی وتوویەتی، واتا ئامانجتان ڕووخانی ئێران نییە؟ ترامپ وتوویەتی! نەخێر هێشتا بڕیاری ئەوەمان نییە، بەڵكو ئەوە ئێرانییەكانن خۆیان وابیر دەكەنەوە، پاشان لە سەردانەكەی بۆ تاران، زەیدی ئەو پەیامەی گەیاندۆتە پزیشكیان ئەویش وتوویەتی خۆشمان هەر وابیر دەكەینەوە، بەڵام زەیدی دەزانێ كە قسەی یەكەم، ئەم دوو كەسە نایكەن. (ئەم قسانەی زەیدی لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسكراون).
* ئەوە ڕاستە، ڕووخان، هێشتا نەبۆتە خاڵی جەوهەری سیاسەتی واشنتۆن، بەڵام ئاماژەكان دەڵین، ڕەنگە دواین كارتی بەكارهاتوو بێت، ئێرانی داهاتوو، گەر مۆدێلی عێراقیش نەبێت، ڕەنگە لەسەر مۆدێلی ڤەنزوێلا بونیادبنرێت.
پاش شكستی ئەم خولەی دانووستانەكان، جگە لە هێرشی سەخت و توند بۆسەر جوگرافیای هورمز و دابەزاندنی هێزی یەكەی تایبەت بە دوای یۆرانیۆمەكەدا دەگەڕێن، بە كێوی فارس-ەوە، دامەزراوەی فۆردۆر ئەسفەهان، جیا لەوانە توركیا ڕێگا دەدات خاكەكەی بەكاربێت، كە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە، لە پاڵ نزیكبوونەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە سنور ئاماژەیەكی تری ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆرە (هەرچەندە توركیا مخالیفە).
واتا قۆناغی چوارەمی شەڕ، گەر یەكلاكەرەوەش نەبێت زۆر سەخت و دژوار دەبێت، لە حاڵەتی شكستی دانووستانەكان.
ڕەنگە گرنگترین ڕووداو ئەو بۆچوونەی فایەق زێدان بێت كە وتوویەتی؛ كە بارودۆخەكە لە دەست دەرچوە و ناگەڕێتەوە.
* توركیا نەرمی نواندوە بۆ بەشداری لە شەڕ و سیناریۆكانی، بەڵام بەمەرجی ئەوەی هێزە كوردیەكان بەشدار نەبن، گەر ئەوەش ڕووبدات (كە خاڵی ناكۆكی نێوان ئەنكەرە و ئەل تەبیب)ە، توركیا بەنیازە شاری موسڵ داگیر بكات و هێزی زۆرتریش داخڵی هەرێمی كوردستان بكات.
* لە بەرامبەردا، ئێران پلانی هەیە ئۆپراسیۆنێك بكاتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ پەلاماردانی بارەگاكانی هێزەكانی ڕۆژهەڵات و جبەخانەكانی هێزی پێشمەرگە و كونسوڵگەرییەكانی ئەمەریكا و بەڕیتانیا، واتا كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕ دژی هەرێم بە پشتیوانی گروپەكانی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق، وەكو چۆن لە یەمەن بەرەیەكی تری شەڕی كردۆتەوە دژی سعودیە.
ڕەنگە، لە بەرەیەكی تر هێزەكانی مقاومەی ئیسلامی عێراقی پەلاماری كوێت بدەن و یەمەنیەكانیش هێرشی زۆرتر بكەنە سەر سعودیە و لە بەرامبەردا پەلاماری سعودیە و هاوپەیمانەكانی بۆسەر یەمەن بەیەكجاری یەكلا بكرێتەوە.
* خۆ مەڵاسدانی ئیسرائیلیش لەولاوە بوەستێ، كە دەستی لە هەموو شوێن گیركردوە و خەریكی سیناریۆسازیە، بەڵام واباشە هەموو لایەنە كوردیەكان خۆی لێ بەدوور بگرن، نەك لەبەرئەوەی بێزراوە لە ناوچەكە، بەڵكو شایەنی پشت پێ بەستن نییە، ناشتوانێ ئامانجی هیچ لایەنێك بەدیبهێنێت جگە لە ئەجێنداكانی خۆی.  

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP