دواین هەواڵ

سیاسەتی بێلایەنی و ئاشتیخوازانەی هەرێم

‌بڵند دلێر شاوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سیاسەتی بێلایەنی و ئاشتی خوازانە، پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات وەک قەوارەیەکی گرنگ بۆ ئارامی ناوچەکە و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

دانبەخۆداگرتن و وەڵام نەدانەوەی ئەو هێرشە درۆنی و موشەکییانەی دەکرێتە سەرمان، لەگەڵ سیاسەتی بێ لایەنی و تێوەنەگلان لەم جەنگەدا، متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەرێم زیاد دەکات، وێنەیەک پیشان دەدرێت کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی پێویستە بۆ سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکە و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. 

جەنگی (ئەمریکا، ئیسرائیل) دژ بە (ئێران) کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان هەیە، گرفتی وزە و هەڵئاوسان و نائارامی سیاسی و ئابووری لە جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی دروست کردووە، لەلایەکەوە بە هۆی تێچووی ڕۆژانەی جەنگەکە و زیانەکانی لە ڕووی گیانی و مادییەوە هەرسێ وڵاتانی (ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران) کەوتونەتە ئەو بڕوایەی دەیانەوێت بە کەمترین زیان و زۆرترین دەستکەوت و خێراترین کات لێی دەرچن. لەلایەکی ترەوە بۆ فراوان نەبوونی جەنگەکە وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانی هەرسێ لایەنی جەنگەکە لە نێوەندگیریدان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئاشتی.

پێدەچێت ئەم هۆکارەش بێت وایکردووە لایەنە شەڕکەرەکان لە ئێستادا زۆرترین توانا و هێزیان بەرامبەر بە یەکتری بەکار دەهێنن، بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان و لەکاتی ڕێکەوتندا زۆرترین دەستکەوت و ئامانج بەدەست بهێنن.

یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکانی کۆتایی ئەم جەنگە هەڵوەشاندنەوە و چەک کردنی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی عێراقە.
هەربۆیە بەردەوامبوونی هەرێمی کوردستان لەسەر سیاسەتی بێلایەنی و بەرپرسانە و ئاشتی خوازانە، بۆ میلیشیا و گروپە چەکدار و لایەنە لە یاسا دەرچووەکان مایەی نیگەرانییە و هەموو هەوڵێک دەدەن هەرێمی کوردستان پەلکێشی ناو ئەم جەنگە و ململانێی نێوان زلهێزەکان بکەن... 
ئەم هێرشە چڕانەی سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی هێرشەکانی سەر بارەگای بارزانی و ماڵی سەرۆکی هەرێم و  بارەگاکانی پێشمەرگە، ڕەنگە بەشێک بێت لە زنجیرەکانی کۆتایی ئەم جەنگە و دوا پەلە قاژێی مەرگی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ تێوەگلانی هەرێم لە جەنگەکەدا.

خۆڕاگری هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی لەسەر سیاسەتی دروستی ئاشتی خوازانە و بێلایەنی لەم جەنگەدا، لەگەڵ توانای پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان زلهێزەکاندا، پێگەی هەرێم لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگیر و بەهێز دەکات، دەکرێت لە داهاتودا وەبەرھێنانی سیاسی تێدا بکرێت، زامنی پاراستنی دەستکەوتەکان و بەدیهێنانی دەستکەوتی دیکەیە لە ئایندەدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP