دواین هەواڵ

جەنگی ئێستا، کوردی ڕۆژهەڵات و گرنگی هۆشیاریی گەلەکەمان

‌ نەزهەت ‌حالی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

وێڕای مافی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان بۆ وەدەست هێنانی ئازادی و مافی خۆ بەڕێوە بردن، بەڵام ئەم جەنگەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران لەسەر کورد و بۆ کورد نیە، بەڵکو جەنگێکی درێژخایەن و فرە ڕەهەندە. هەروەها هێشتا سیاسەتی ئەمریکا هەمبەر بە ئێران ڕوو نیە، هەر بۆیە پێم وایە پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران نابێت خۆیان و گەلی خۆیان بکەنە قوربانی. بە بێ ئەوەی بەرچاویان بە تەواوی ڕوون نەبێت، نابێت سەرکێشی بە چارەنوسی گەلی خۆیانەوە بکەن.

  پێکهاتەی ئازەری و فارسەکان زیاتر لەهەموو پێکهاتەکانیتر ڕۆلیان لە دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی و پاراستنی ئەم دەوڵەتە هەبووە. ئەم دوو پێکهاتەیە ئەرکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان لە دەستدایە و زیاتر لە گشت پێکهاتەکانیتر سودمەندن لەو دەسەڵاتە .

ڕوخانی هەر دەسەڵاتێک یان بە هێرشی ڕاستەوخۆی زەمینی دەروخێت، یان لە ناوەخۆ بە هۆی سەرهەڵدانی فراوانی گەلەکەی دەڕوخێت، هەر بۆیە ئەوە فارس و ئازەرییەکانن گەر بیانەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوخێنن دەتوانن ئەم کارە بکەن نەک کورد.
کوردی ڕۆژهەڵات ناتوانێت کۆماری ئیسلامی بڕوخێنێت، تەنانەت چوونی هێزی چەکداری و پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لەم کاتەدا پێم وایە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە کوردی ئێران و ناوچەکەیان دەبێتە مەیدانی شەڕ، هەروەها ئەگەری فراوان بوونی هەستی دژە کورد لە ناو پێکهاتەکانیتر زیاد دەکات. 

مێژوویی ئێران لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانی( کۆمار کوردستان) و کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران ئەوەی سەلماندووە گەر دەوڵەت لە تاران لاواز بێت ڕاستەوخۆ ناوچە کوردنشینەکان دەکەونە دەستی هێزی کوردی.هەروەها ئەزموونی کورد لە عێڕاق بەهەمان شێوە لە سالی ١٩٩١ وانەیەکی باشە بۆ کوردانی ئێران.
 
لە ڕاستییدا ئێرانییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە مەترسی زۆریان لە دابەش بوونی ئێران هەیە، هەروەها لە ڕووی مێژووییەوە  لە کاتی هێرشی دەرەکی لە ناوەخۆ بەگشتی یەکگرتوو دەبن، بۆیە لە ئێستادا چوونی هێزی کوردی بۆ ناو ئێران پێم وایە دەبێتە هۆی زیاد بوونی مەترسی دابەش بوون .

وێرای ئەوەی پاڵپشتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕۆژ ئاوا بۆ کورد بە گشتی زۆر گرنگە و جێگای پێزانینە، بەڵام نابێت وەکو ئامراز، گەلی ئێمە ببینن و  بۆ سیاسەتی کورتخایەن و دەمەکی بە کارمان بهێنن، بەڵکو دەبێت لە سەر بنەمایی پاراستنی مافەکانمان و بۆ بەرژەوەندی هاوبەش و بۆ دیموکراسی و خێری گشت گەلانی ناوچەکە بێت.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی عێڕاقیش، وەکو کیانێکی دەستوری فیدڕالی، ناکرێت وەکو کاراکتەری نادەوڵەتی سیاسەت و هەڵسوکەوت بکات ، بەڵکو کارەکانی دەبێت لەسەر بنەمای یاسا و بەرژەوەندی گشتی بێت، هەرچەندە سیاسەتی هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا جێگای ستایشە ، بەڵام گرنگە سیاسەتێکی یەکگرتوومان  هەبێت و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و بە تایبەت بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت سیاسەتێکی یەکگرتوویی نیشتمانیانە و هاوبەشیان هەبێت لە هەمبەر ڕووداوەکانی هەستیاری ئێستا بە ئامانجی پاراستنی هەرێم و گەلەکەی.
گەر لە هەرێم پێویست بێت ریسکێک بکەین دەبێت بۆ وەدەستهێنانی مافی زیاتر لە فیدڕالی بێت و گەرەنتی تەواومان  هەبێت.

گەر کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بمێنێت و نەڕوخێت و بە هێور بوونەوەی بارودۆخەکە لەبەرژەوەندیانە بیر لە چارەسەری خێرا بۆ  پرسی سیاسی و مافەکانی نەتەوەی کورد بکەن لە ئێران. هەروەها کێشەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا بە ئاشتییانە چارەسەر بکات، لەبەر ئەوەی گەلانی ناوچەکە بە گشتی ڕێگایەکی باشتر لە یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیان لەبەردەم نیە، گرنگە کۆتایی بەم جەنگە وێرانکەران بهێندرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP