لە میانەی هەر باسێکدا لە بارەی ئەگەری تێوەگلانی کوردانی ڕۆژهەڵاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوەدا لە دژی تاران بە پشتیوانی ئەمریکا، ناتوانرێت چاوپۆشی لە مێژووی دوور و نزیکی پەیوەندی نێوان واشنتن و هێزە کوردییەکانی ناوچەکە بکرێت. هاوکێشەکە تەنها لەسەر هاوسەنگییەکانی هێزی ئێستا بونیاد نەنراوە، بەڵکو لەسەر یادەوەری سیاسیی کەڵەکەبوو وەستاوە؛ یادەوەرییەک کە پڕە لە وێستگەکانی پشتیوانیی سنووردار و دەستبەردانی لەناکاو. لێرەدا خاڵێک کە لەم مشتومڕەدا پشتگوێ دەخرێت، ڕۆڵی ئیسرائیلە. ئیسرائیل بە ئاشکرا و ناڕاستەوخۆ هانی ئەمریکا دەدا بەڕووی کورددا بکرێتەوە و کارتی کوردیی بەهێزتر بەکار بێنێت.
ئیسرائیل هاوسۆزی بۆ کورد لە چەندین بۆنە و ئاستدا نیشان داوە و بە ئاشکرا پشتیوانی لە بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان دەکات. لە کاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستاند لە ساڵی ٢٠١٧دا، تەنها دەوڵەتی ناوچەکە بوو کە بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامەکەی ڕاگەیاند. ئەم هەڵوێستە تەنها وردەکارییەکی کاتی نەبوو، بەڵکو گوزارشت بوو لە دیدێکی ستراتیژی کۆنتری ئیسرائیل کە لەسەر بنەمای بونیادنانی پەیوەندی لەگەڵ گروپ و هێزە ناعەرەبەکانی ناوچەکەدا دامەزراوە، لە چوارچێوەی ئەوەی بە دۆکتۆرینی "هاوپەیمانی پەراوێزەکان" ناسراوە. ئیسرائیل لەوە تێگەیشتووە کە کورد ئەگەر دۆست و هاوپەیمانیشی نەبیت ئەوا دوژمنی نییە و لە بارودۆخێکی گونجاوتردا دەتوانن دۆست و هاوپەیمان بن.
لە بەرامبەردا، کوردی سووریا لە ڕێگەی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، شەڕێکی درێژخایەنیان دژی ڕێکخراوی داعش بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد. شەڕە گەورەکان تا دەگاتە ڕووخانی دوا مۆڵگەی داعش لە باغۆز، لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی سەربازیی توندوتۆڵدا بوون. بەڵام بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا و دووبارە جێگیربوونەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆشاییەکی ستراتیژی دروستکرد کە هێزە ناوچەییەکان قۆستیانەوە، و کوردەکانی ناچار کرد بۆ ڕێگری لە زیانی گەورەتر، خێرا پلانی سیاسی خۆیان بگۆڕن. ئەو پەیامەی کە چەسپا ڕوون بوو، تەنانەت هاوبەشی سەربازیی قووڵیش بە واتای پابەندییەکی سیاسیی هەمیشەیی نایەت.
ئەم دیمەنە بە شێوازێکی جیاواز لە باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا دووبارە بووەوە. کاتێک ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدرا، سەرکردەکانی کورد چاوەڕوانی ئەوە بوون پەیوەندییە ستراتیژییە درێژخایەنەکەیان لەگەڵ واشنتن ببێتە چەترێکی پاراستنی سیاسی. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئاشکرا دژی ئەو هەنگاوە وەستایەوە، و دواتر کاتێک بەغدا کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی داگیر کردەوە هیچ هەڵوێستێکی نەنواند. لە پەلامارێکدا کە قاسم سولەیمانی بە ئاشکرا سەرکردایەتی دەکرد، ئەمریکا خۆی لە دەستوەردان بەدوور گرت. بۆ زۆربەی کورد، وا دەرکەوت کە پشتیوانی ئەمریکا زیاتر بەستراوەتەوە بە یەکپارچەیی و سەقامگیری عێراقەوە وەک لەوەی پەیوەندی بە خواستەکانی سەربەخۆییەوە هەبێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکی دوورتر، ئەوا لە ساڵی ١٩٧٥، لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی جەزائیر لە نێوان سەددام حوسێن و شای ئێراندا محەممەد ڕەزا پەهلەوی، کۆتایی بە پشتیوانی ئەمریکی - ئێرانی بۆ بزووتنەوەی چەکداری کورد هێنا، کە بووە هۆی هەرەسهێنانی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا. خاڵی هاوبەش لە هەموو ئەم وێستگانەدا، ئەگەری گۆڕانی هاوپەیمانییەکانە کاتێک بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەتان دەگۆڕێن و زلهێزەکان دەگەنە ئامانجەکانی خۆیان.
لێرەدا پرسیارەکە لە هەڵویستی ئیسرائیلە، ئایا ئەم پشتیوانییەی دەبێتە فشارێک لەسەر واشنتن بۆ گرتنەبەری شێوازێکی جێگیرتر لەوانەی پێشوو بەرامبەر کوردانی ڕۆژهەڵات؟ لە ڕووی تیۆرییەوە، ئیسرائیل هەر گرژییەکی ناوخۆیی ئێران وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ لاوازکردنی دوژمنە سەرەکییەکەی. هەروەها درک بەوە دەکات کە کورد، بە بەراورد بە گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوژمنایەتییەکی مێژووییان لەگەڵیدا نییە، بەڵکو زۆربەیان ئامادەییان بۆ پەیوەندی ئاسایی نیشان دەدەن.
بەڵام جیاوازی نێوان هاوسۆزی سیاسی و ئامادەیی بۆ لەئەستۆگرتنی تێچووی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە لەگەڵ دەوڵەتێکی وەک ئێران زۆر گەورەیە. چونکە لە ناوخۆی ئێراندا، سیناریۆکە هاوشێوەی ئەزموونی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نابێت دژی ڕێکخراوێک کە بە تیرۆریستی نێودەوڵەتی ناسراوە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوە دەبێت لەگەڵ دەوڵەتێکی دامەزراو کە دۆزی کورد وەک بابەتێکی ئەمنیی ناوخۆیی دەبینێت. هەر پەرەسەندنێک، ئاستی ئامادەیی پشتیوانە دەرەکییەکان، چ ئەمریکی بێت یان ئیسرائیلی دەخاتە تاقیکردنەوەوە کە ئایا تا کۆتایی بەردەوام دەبن یاخود نا. هەروەها لێرەدا جۆری پشتیوانییەکە لە چی ئاستێکدا دەبێت، ئایە زۆنێکی دژە فڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکرێت و پشتیوانی سەربازی لە چی ئاستێکدا دەبێت و پاراستنی کورد چۆن دەبێت ...تاد؟.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ئەزموونە مێژووییە، پرسیارەکە بۆ کوردی ڕۆژهەلاتی کوردستان هەستیارتر دەبێت: ئەگەر دەرفەت و پشتیوانییەکی بەهێز بێتە پێش، ئایا ئەمجارە پابەندیی ئەمریکا بە هاندانی ئیسرائیل جیاواز دەبێت؟ یان ئامانجەکە تەنها لە چوارچێوەی فشارخستنە سەر تاران و لاوازکردنی دەمێنێتەوە، بێ ئەوەی پڕۆژەیەکی سیاسیی درێژخایەن هەبێت کە مافی هەمیشەیی کورد لە ناوخۆی ئێراندا مسۆگەر بکات؟
جیاوازی نێوان لاوازکردنی ڕژێم و ڕووخاندنی، تەنها وردەکارییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو مەسەلەیەکی چارەنووسسازە. ئەگەر ئامانجەکە تەنها گۆڕینی ڕەفتاری تاران یان باشترکردنی مەرجەکانی دانوستان بێت، لەوانەیە کارتی کوردی وەک بەشێک لە ستراتیژیی فشار بەکاربهێنرێت، و کاتێک بارودۆخەکە گۆڕا، جارێکی دیکە لەسەر تێگەیشتنەکان ڕێککەوتن بکرێتەوە. لە نێوان فریودانی ساتەوەختەکە و میراتی پشتگوێخستن، کوردی ئێران لەبەردەم هاوکێشەیەکی سەختدان: یان چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە بە گەرەنتییەکی پتەو و ئامانجێکی سیاسیی ڕوون، یان دوورکەوتنەوە لە سەرکێشییەک کە ئەگەری هەیە، ئەگەر بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان گۆڕان، ببێتە وەرزێکی نوێ لە بێئومێدییەکی تاڵی دیکە لە یادەوەریی کورداندا.