دواین هەواڵ

تراژدیای سیاسەت لە کوردستان

‌فەرەیدوون پەروازە

1 کاتژمێر پێش ئێستا

لە چەق و ناوەندی هەستیارترین و ئاڵۆزترین ناوچەی جیهاندا کە رۆژهەڵاتی ناوەراستە و لەوێشدا لە سوریاییەکی جیهانی سێهەمییدا کە لە چوار دەورەوە بە رادیکاڵیزمی ئیسلامی و شووینیزمی ئیتنیکی تنراوە، درووستکردنی دەسەڵاتێکی یۆتۆپیکی وەک بەرێوەبەری خۆسەر نەک هونەر نیە بەڵکوو تاقیکارییەکی و ناسەقامگیرە کە ئاکامەکەی مەرگی سیاسییە بە دەستی خۆت. لەو کاتوساتەدا شایەد ورووژاندنی دیدێکی رەخنەگرانە لە جێی خۆیدا نەبێ بەڵام خۆ دەرباز کردن لە رەخنەکان و بە تاوانبار زانینی دوژمنان بە تەنێ، درۆکردن و گەوجاندنی خۆت و خەڵکەکەیە.

درووستبوونی ئەو دۆخە تراژیکەی ئیستای رۆژئاوا و بەرتەسکردنەوەی زیاتری لە داهاتوودا پێوەندی بەو سیاسەتە داخراو، ئایدۆلۆژیک و دەمارگرژانەوە هەیە کە بێجگە لە خۆیان هەموو لایەکیان بە کۆن و کلاسیک دەزانی و نوسخە و فرمۆڵی بەرێوەبەری و سیاسەتیان بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت گەلانی دیکە دەپێچاوە. لەو نێوەشدا بەشێک لە شرۆڤەکاران و سیاسەتوانان رەخنەیان لە سەرە کە بەسۆزدارییەوە لە سەر رۆژئاوا دەیانووسی و دەکۆڵانەوە. 

رەخنەکان لە سەر دەسەڵاتی خۆسەر و شێوازی سیاسەتەکەی  بە کورتی بریتین لە

ــ رەدکردنەوەی مۆدێل و سیستمی فیدراڵی و چەمکی دەوڵەت نەتەوە و بە کلاسیک و درێژەدەری سیستمی کاپیتالیزم زانینی ئەو مۆدیلانە.
ــ بەتاڵکردنی لایەنی دیپلۆماسییەت و هەڵبژاردنی گۆشەگیری لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا.
ــ وەرگرتنی دەستوور لە قەندیلەوە و درووستکردنی دوژمنێکی دیکە بەناوی ئەردۆغانیزم بێجگە لە دیمەشق
ــ رەفتار و هەڵسوکەوتی میلیشیایی و چیگوارائاسایی لە جیاتی دەرکەوتن وەک هێزێکی مۆدێرن و سەردەمیانەی سەربازی.
ــ خۆ نەگونجاندن لە گەل بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی جیهان بە تایبەت ئەمریکا. 

ئەمریکا و ترەمپ بە تایبەتی بە روونی و بێ روودەربایستی سەبارەت بە هەموو لایەک هەڵوێستی خۆیان دەرئەبرن و دەڵێن دۆستایەتیمان پێوەندی بە بەرژەوەندییەوە هەیە. کورد لە رۆژئاوا نەک بەرژەوەندی بۆ ئەمریکا نیە بەڵکوو خەساری لە پێوەندی و هاوپەیمانیی دۆستێکی دێرین و ئەندامێکی ناتۆ و ژیئۆپۆلیتیک و ژیئۆئیکۆنۆمیکی وەک تورکیا داوە. کارتی بەرژەوەندی و بەرەی هاوبەشی کورد و ئەمریکا شەری دژ بە داعش بوو، ئەو هاوپەیمانییە زیاتر لە بەرژەوەندی کورددا بوو و لە راستییدا هاوپەیمانییەکی کاتی و تاکتیکی بوو هەر بۆیە دوای نەمانی داعش ئەو کارتە کەمرەنگ و بەتاڵ بووییەوە.

تەواوی وڵاتانی جیهان بەرژەوەندییەکانیان لە گەل ئەمریکا رێکخستووە بەڵام دەسەڵاتی خۆسەر چاوەروان بوو کە ئەمریکا بچێت بە پێشوازیانەوە.
لە راستییدا ئەمریکا خەیانەتی لە کورد نەکردووە بەڵکوو مامەڵەی ناسیاسییانە و نالۆژیکانەی کوردە لە گەل ئەمریکادا.

کورد لە رۆژئاوا لە ژێرسای دروشمی زرقە و برقەداری وەک برایەتی گەلان، تێچوویەکی ماڵی و مرۆیی لە دەرەوەی جوغرافیای کوردستاندا داوە و هەمووان بە چاوی خۆمان دیتمان کە پاش شەر و پێکدادانێکی خوێناوی هەموو ئەو ناوچە غەیرە کوردییانەیان لێ ئەستاندنەوە و چاو تەماحیان بریوەتە ناوچە کوردییەکانی دیکە.

کۆتا باس:
ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریکا نابێتە دۆست و هاوپەیمانێکی هەمیشەیی و گرنگی ناوبراو لە ئیستەدا بە هۆی نزیک کردنەوەی تورکیایە.
ئەحمەد شەرع بێجگە لە بەرەی سونە لە سوریا، نوێنەرایەتی بەرەی ئیخوانیزم بە گشتی و بەرژەوەندییەکانی تورکیا، قەتەر و تەنانەت عەرەبستان دەکات هەربۆیە لە حاڵی حازردا لە لای دنیای رۆژئاوا بایەخی پێ ئەدرێت. ئەحمەد شەرع وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی هەم دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریا کورت کردەوە و هەم هەرەشەیە بۆ سەر عێراق و داگیرکردنی پارێزگا سونەکان.

حکوومەتی سوریا بەستراوەیە بە ئەحمەد شەرعەوە و هەر کات ناوبراو دەوری کاڵ و کەمرەنگ بووییەوە بە لەناوبردنی ناوبراو خۆی و دەسەڵاتەکەی دەسرێتەوە. لە ئیستەدا باشتر وایە کورد لە رۆژئاوا لە هەر چوارچێوە و رێکەوتنێکدا بێت گەلەکەی و دەسەڵاتە دیفاکتۆکەی بپارێزێت. چڕوپڕ بوونەوەی پێوەندی نێوان قامیشڵو و هەولێر و خەسارناسی سیاسی سێزدەساڵ دەسەڵاتدارێتی، تا ئاستێکی باڵا گەرەنتی مانەوەی ئەو قەوارەیە دەکات لە داهاتوودا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP