22 ساڵ لەمەوبەر لە دوو رووداوی خۆكوژیی تیرۆریستییدا لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی و مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر، بە دەیان شەهید و برینداری لێ كەوتەوە، ھەردوو کردەوە تیرۆریستییە خۆکوژییەکەی ڕۆژی ١ی شوباتی ٢٠٠٤، لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەو ساڵەدا، لەنێوان چەند چرکەیەکدا، لە دوو شوێنی جیاوازی مەبەستداری شاری ھەولێر، لە دوو بارەگای سەرەکیی دوو حزبە گەورەکەی کوردستان، مەغزا و مانای زۆر ھەڵدەگرێت، ھەردوو تەقینەوەکە لە کاتێکدا بوو کە ھەردوو حزب (پارتی و یەکێتی)، لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، پێشوازییان لە دۆست و ھەواداران و میوانانی لق و مەڵبەند دەکرد، لەو ساتانەدا بێئاگا بوون لەوەی کە ھەردوو لایەن بەبێ جیاوازی، لەلایەن ناحەزانی کوردەوە دەکرێنە ئامانج.
ئەوە جاری یەکەم نەبوو دوژمن کورد و کوردستان بکاتە ئامانج، بێ دیاریکردنی ڕەنگ و ئایدیا و دروشم، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، لای ناحەز و دوژمن و داگیركەر و تیرۆریستەكان، کورد ھەر کوردە، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگەکان، چونکە ئەوەی کرایە ئامانج، کورد و کوردستان بوو، نەک بارەگای لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەکێتی.
بۆیە پێویستە لەم ڕۆژەدا و لە یادی شەھیدانی یەکی شوبات، لقی پارتی و مەڵبەندی یەکێتی لە ھەولێر، بە رژدبوونی زیاترەوە بیر لە یەکخستنی نێوماڵی کورد بکرێتەوە و کاری بۆ بکرێت و ھەنگاوی كرادریی بۆ بھاوێژرێت، پێویستە ماڵی کورد ڕێک بخرێتەوە و بە گوتارێکی یەکگرتوو ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بوەستنەوە.
ئاخر دوژمنان وەک پیشەی لەمێژینەیان، لە ھەوڵی ئەوەدان ئاستەنگ دروست بکەن و درز بخولقێنن، تا ئەو ئارامییەی کە لە کوردستاندا ھەیە بیشێوێنن و کورد و بزووتنەوەکەی بە شتی لاوەکییەوە خەریک بکەن، تا نەپەرژێتە سەر داواکاری و مافە ڕەواکانی، لە نموونەی ھێرشەکەی یەکی شوباتی شاری ھەولێر کە دەیان قارەمان لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان خوێنیان بەناھەق ڕژێنرا.
ئەگەر بۆ ئەو ساتانە بگەڕێینەوە کە کورد یەکگوتار و یەکگرتوو بوون، ھەمیشە دوژمنان بەرەیەکی دژەکوردیان پێکھێناوە له ئاستی هێزی یهكگوتاری و مافه ڕهواكانمان، بۆیە دەکرێ یادی ئەو کردەوە تیرۆرستییەی یەکی شوبات و کردەوە دوژمنکارییهدا بیر لە یەکخستنی نێوماڵی کورد بکرێتەوە.