دواین هەواڵ

هۆکاری دوورخستنەوەی مارک سەڤایە یاساکانی ئەمریکایە نەک ململانێی سیاسی لەگەڵ نوری مالیکی

‌هۆشەنگ مام ساڵەح

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێنەوە، دوورخستنەوەی مارک سەڤایە لە پۆستەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە ململانێی سیاسی یان فشاری کەسایەتیی وەک نوری مالیکییەوە نییە. ئەم بڕیارە لە ڕاستیدا دەرئەنجامی کارکردنی مەکینە و فلتەرە ئەمنییە توندەکانی حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکایە، کە بە پڕۆسەی وەرگرتنی "متمانەی حکومی" ناسراوە و مەرجێکی سەرەکی و پێویستە بۆ مانەوەیە کەسەکان لە هەر پۆستێکی هەستیاردا.

کاتێک کەسێک لە حکومەتی ئەمریکا پۆستێکی هەستیار وەردەگرێت، پێویستە پێش دەستبەکاربوون پڕۆسەی وەرگرتنی متمانەی حکومی تێپەڕێنێت. ڕێکارەکان بەم شێوازەن داواکار فۆرمێکی ورد پڕ دەکاتەوە و تیمێکی پسپۆڕ بەدواداچوونی مەیدانی بۆ مێژووی ١٠ بۆ ١٥ ساڵی ڕابردووی دەکەن، تەنانەت سەردانی هاوڕێ و هاوکارە کۆنەکانیشی دەکەن تا لە ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی کەسەکە دڵنیابنەوە.

لایەنێکی تری هەستیار لەم پڕۆسەیەدا، پرسی پاراستنی دەستپاکی و شەفافیەتی داراییە. حکومەتی فیدراڵی ڕێگە نادات کەسانێک لە پۆستی هەستیاردا بن کە کێشەی دارایی یان قەرزارییان هەبێت، چونکە ئەم بابەتە وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبینرێت؛ چونکە ترسی ئەوەیان هەیە ئەو کەسە لەبەر پارە پەنا بۆ وەرگرتنی بەرتیل ببات یان پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێت بەم پێیە هەر تێبینییەک لەسەر دۆسیەی دارایی کەسەکە هەبێت ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی وەرگرتنەوەی متمانە و دوورخستنەوەی لە کارەکەی.

بەپێی ئەم ڕێکارە یاساییانە، ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن سەڤایە بەهۆی فشاری نوری مالیکی دوورخراوەتەوە، هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە، سیستەمی ئەمنی و کارگێڕیی ئەمریکا لەسەر بنەمای یاسا ناوخۆییەکانی خۆی بڕیار دەدات و هیچ لایەنێکی دەرەکی ناتوانێت ئاڕاستەی لێکۆڵینەوەکانی متمانەی حکومی بگۆڕێت. بۆیە دوورخستنەوەی مارک سەڤایە پرسێکی تەواو یاسایی و کارگێڕییە و پەیوەستە بە خودی مێژووی ژیان و شەفافیەتی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP