1. ئەو وتە باوەی ئێستا لە مەیداندایە، گوایە سیاسەت تەنیا قازانج دەناسێت و ئەخلاقی تێدا نییە، وتەیەکی پڕوپوچە. هەر سیاسەتێک ئەخلاقی تێدا نەبوو سیاسەتێکی فاشیستییە.
2. پەلاماردانی ڕۆژئاڤا، پەلامارێکە دووبارە دەیسەلمێنێتەوە، کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتییە، بەو مانایە نا کە تەنیا دەوڵەتە داگیرکەرەکان لە داگیرکردنی سوودمەندن، بەڵکو ستراتیژی خۆرئاواش لەسەر درێژەپێدان بەو شێوە کۆلۆنیالیزمە داڕێژراوە. زاراوەگەلی وەک سوریای یەکگرتوو، عێراقی یەکگرتوو، ئێرانی یەکگرتوو، تورکیای یەکگرتوو، زاراوەگەلن کە قودسییەت بەم سیستمە سیاسییەی ئێستا دەدەن... خۆرئاوا بەرهەمهێن و پاسەوانی شەرعی ئەو زاراوانەیە.
3. تۆم باراک کەسێک نییە بە تەنیا، پەلاماردانی باراک وەکو شەخس بەبێ ڕەخنەکردنی تەواوی ئەو سیستمە سیاسییەی لە پشتێتی هیچ مانایەکی نییە. باراک نوێنەری ئەو جۆرە سیاسیانەیە کە ئێستا عەقڵی کۆنزەرڤاتیڤی خۆرئاوا بەرهەمیان دەهێنێت. کەپیتالیزمی نوێ لەسەردەمی ترامپدا گەڕاوەتەوە بۆ فۆرمە کلاسیکییە بێشەرمەکەی ئیمپریالیزم، واتە چیتر لە ژێر دروشمی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا ئیش ناکات، بەڵکو خەریکی دروستکردنی حاکمی قەرەقۆزە کە بکرێت وەک قەرەقۆز بجوڵێنرێن. خۆرئاوا ناتوانێت مرۆڤە ئازادەکانی خۆرهەڵات بکاتە قەرەقۆز، بەڵام بە ئاسانی دەتوانێت نمونەکانی وەک جۆلانی بکاتە قەرەقۆز. تۆم باراک لە خۆرهەڵات نییە تا کێشەکان چارەسەربکات، بەڵکو لێرەیە تا باشترین قەرەقۆز بدۆزێتەوە.
4. شۆڕشی ئیسلامی سیاسی، هیچ کات شۆڕش نەبووە دژی ئەمریکا و قازانجەکانی، بەڵکو شۆڕش بووە دژی نوێگەریی و مۆدێرنە و هێزە پێشکەوتوخوازەکانی ناوخۆ لە ڕۆژهەڵاتدا. ئەوەی لە ساتێکدا پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی و سیاسەتی خۆرئاوا تەواو یەکبگرنەوە، نەوەک شتێکی مەحاڵ نییە، بەڵکو واقعێکە لەگەڵ سەرەتاکانی شەڕی ئەفغانستانەوە تا ئێستا دەیبینین و هەموو ڕۆژێکیش دووبارەدەبێتەوە.
5. وەک لە دەیەها جێگای تردا گووتوومە فاشیزمی خۆرهەڵاتی، سیستمێک یان حیزبێک یان ئایدۆلۆژیایەک نییە بێت و بڕوات، بەڵکو ئەو بنەمایەیە کە لە سەرەتاوە، لەگەڵ سەرەتاکانی هاتنی مۆدێرنەوە بۆ خۆرهەڵات، ژێرخانی عەقڵی سیاسی داڕشتووە، هەر دەوڵەتێک، هەر هێزێک لە خۆرهەڵاتدا دەستی بگاتە سەرچاوەکانی هێز و باڵادەستی ناتوانێت فاشیستی نەبێت. ئەمە وەک سوڕێکی مێژوویی نەپساو و دووبارە زیاد لە سەد ساڵە دووبارەدەبێتەوە. فاشیزم ئەو مەکینەیەیە کە خەیاڵی سیاسی و دینی لە خۆرهەڵات دەجوڵێنێت. سیاسەتی ناسیونالیزمی عەرەبی و ئیسلامییە عەرەبەکان، هەروەها ناسیونالیست و دینییە فارس و تورکەکان، بەبێ خەیاڵدانێکی فاشیستی کە لەسەر بنەمای پاکتاوکردنی ئەویدی ئیشدەکات، ناتوانێت بکەوێتە گەڕ. دەوڵەت و ڕێکخراو و حیزبە ناسیونالی و دینییەکان لە خۆرهەڵاتدا هەر لە بنەماوە بە نیازی پاکتاوکردن و ئەنفالکردن دادەمەزرێن. جینۆساید ڕووداوێکی کتوپڕ نییە بە هەڵە ڕووبدات، بەڵکو ئامانجی هەرە بڵندی عەقڵییەتی فاشیزمی تورکی و عەرەبی و فارسییە. عەقڵییەتی ناسیونالیستی ـ دینی لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە داڕێژراوە بتوانێت ئەوانیدی قڕانبکات و میللەت و مەزهەبەکانی تر نەهێڵێت. بە مانایەکی ڕوونتر "کۆی پرۆسەی سیاسی" لە خۆرهەڵاتدا لەسەر ژێرخانێکی فاشیزمی و خەیاڵدانێکی فاشیستی دامەزراوە. لێرەوە ڕەخنەکردنی فاشیزم لە ڕةخنەکردنی خودی ئەو سیاسەتە جیانابێتەوە کە دروستیدەکات و دەیجوڵێنێت.
6. خۆرئاوای کۆنزەرڤاتیڤ و کەپیتالیست دەیەوێت لە کێشانی نەخشەی سیاسی خۆرهەڵاتدا ڕۆڵێکی گەورەی هەبێت، واتە خۆی ڕێسا سەرەکییەکانی یارییەکە ڕێکبخات. لە ڕێساکانی ئەم خۆرئاوایەدا، فاشیست بیت، جینۆساید بکەیت، ئەوانیدی قڕان بکەیت کێشەیەک نییە... ئەوە ڕاستییەکە لەسەردەمی سەدام حوسەینەوە دەیزانین. ئەوەی پێمان وابێت خۆرئاوا پشتی فاشیستە خۆرهەڵاتییەکان بەردەدات، تەنیا لەبەرئەوەی فاشیستن، خورافەتێکی گەورەیە. خۆرئاوا تەنیا کاتێک دەبێتە دژی فاشیستەکان کە ئەو یارییە ناکەن کە ئەو دەیەوێت. بەڵام دەبێت وریابین و هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە نەکەین، خۆرئاوا یەکسان نییە بە ترامپ و کەپیتالیست و جەنراڵەکان و بازرگانەکان، خۆرئاوایەکی دیش هەیە کە دەیان ساڵە لە خەباتدایە دژ بەو مۆدێلە... یەکسانکردنەوەی خۆرئاوا هەمووی بەیەک گووتارێکی کۆنزەرڤاتیڤی دواکەوتوو بەرهەمدەهێنێت کە ئێمە لە بەشە خەباتگێڕ و ئازادیخوازەکەی جیهان دادەبڕێت.
7. ڕۆژئاڤا یەکەم هەوڵی بنەڕەتی و جیدییە لە مێژووی نوێی خۆرهەڵاتدا بۆ شکاندنی ئەو فۆرمە فاشستییەی سیاسەت. ئەوەی ڕوودەدات شکستی مۆدێلی ڕۆژئاڤا نییە وەک هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو نیشاندانی گرنگی و ڕادیکالییەت و بەهای مێژوویی ئەو مۆدێلەیە.
8. ئەو نایەی مەزڵوم عەبدی، نایەکی گەورە نییە تەنیا بۆ ئەحمەد شەرع، بەڵکو نایەکی گەورەیە بۆ تۆم باراک. هێزی ئەو نایەی مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق لەوەدایە کە تەنیا نا نییە بۆ داگیرکەرانی کوردستان، بەڵکو نایە بۆ کۆی ئەو سیستمە سیاسییە جیهانییە کە دەیەوێت ژێردەستەیی و کۆلۆنیالیزم بکاتە دۆخێکی ئاسایی و نۆرماڵ. ئەم «نا» یە نایەکی گەورەیە، کە دەشێت باجەکەی زۆر قورس بێت، بەڵام نا یەکە وەک نای هەموو شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەکانی مێژوو، قووڵ لە مێژوودا دەنگدەداتەوە.
9. مەترسی ڕۆژئاڤا لەوەدایە کە بە هەمووانی گووت، دەکرێت هەموو شتەکان بە جۆرێکی تر بن، واتە داڕشتنی مۆدێلێکی ئەنتی فاشیستی کە لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی و ڕێزگرتنی ژن دامەزرابێت، نەوەک مەحاڵ نییە، بەڵکو شتێکە لە ئیرادەی هەموو مرۆڤە ئازادەکانەوە هەڵدەقوڵێت. ئەوەی شۆڕشی ئێرانی ماوەیەک دروشمی ژن ژیان ئازادی بەرزکردەوە، زەنگێکی خەتەرناک بوو بۆ هەموو سیستمەکانی ناوچەکە، بۆ هەموو دینییە فاشیستەکان، کە مۆدێلێک هەیە دەتوانێت دزەبکاتە ناو کۆمەڵگاکانی تر. ڕۆژئاڤا توانی ئاڕاستەیەکی سیاسی نوێ بکێشێت و ئامانجی سیاسی نوێ فڕێبداتە ناو حەوزێکەوە کە یەک سەدەیە تەنیا دروشمی فاشیستی و کۆنزەرڤاتیڤ بەرهەمدەهێنێت... بە کورتی مەسەلەکە دووبارەبوونەوەی خیانەتی خۆرئاوا نییە دەرهەق بە کورد، بەڵکو ترسێکی قووڵترە لە سەرهەڵدانی ئەلتەرناتیڤی سیاسی ڕادیکال کە مۆدێلێکی نوێی بەرگری پێشکەش بە ئازادیخوازانی ناوچەکە بکات.
10. وەک لە هەندێک جێگای تر جەختم لەسەر کردوە، مەترسی لەسەر کورد، شتێکی کاتی و تێپەڕ نییە، واتە ئەوەی هیچ پارچەیەکی کوردستان وابزانێت چۆتە دەرەوەی بازنەی مەترسی، هەڵەیەکی ستراتیژی ترسناک دەکات. هەڕەشە لەسەر بوونی کورد، هەڕەشەیەکی وجودییە، بەرەنگاربوونەوەش دەبێت بەرەنگارییەکی ستراتیژیی وجودی بێت. ئەوەی ئەم بەرەنگارییە دەبێت بەرجەستەی بکات، یەکەم ئیرادەیەکی گشتییە دژ بە سستی و ڕادەستبوون، واتە تێپەڕاندنی قەیرانی ئیرادەگەرییە کە سەدەیەکە سیاسی کورد بەدەستییەوە دەناڵێنێت. گەورەترین مەترسی لەسەر ئیرادەی ئێمە، ئەو گووتارە گرینۆکەیە سەبارەت بە بێکەسی کورد و نەبوونی پشتیوانی... ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەبێت زەنگێکی مەترسی گەورە بێت بۆ کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵاتیش کە ستراتیژی ئیشکردن و بەرەنگاریی خۆیان تەواو دابڕێژنەوە، بەبێ داڕشتنەوەیەکی دووبارە و نوێی سیاسەتی بەرگری، ئەم دۆخەی ئێستا مەترسی کارەساتی گەورەی لێ دەکرێت. دانانی پلانی ستراتیژی بۆ بەرگری درێژخایەن، دەبێت جێگای گووتاری حەماسیانەی کورتبڕ و کاتی بگرێتەوە، ئەو گووتارانەی چەند ڕۆژێک بڕدەکەن و دواتر خاودەبنەوە و لە جێگای خۆیان دەمرن. بەوەدا سیستمێکی فاشیستی وەحشی لە تورکیا و جیهانی عەرەبی بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە، ئێمەی کورد یەکەمین خۆراکین بۆ ئەو ماشێنە فاشیستیانە، ئەمە چیرۆکی ڕۆژ و مانگ و ساڵ نییە... ئەم دۆخە مێژووییە تا زەمەنێکی زۆر نادیار بەوجۆرە دەمێنێتەوە، ئەوەی دەیەوێت بژی و نایەوێت ببێت بە ژێر ماشێنە فاشستییەکەوە دەبێت بزانێت چۆن ڕووبەڕووی دەبێتەوە.