رەوشى ناوچەکە بە قۆناغێکى زۆر هەستیاردا تێدەپەرێت ؛ بەتایبەتى بۆ گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن و ماف و خاک داگیرکراو ، دواى زیاتر لە یەک سەدە لە نەهامەتى و ماڵوێرانى بەدەستى داگیرکەران و دوژمنانى کوردوکوردستانەوە ، دۆخەکە جیاوازترە ، رەنگە داگیرکەران و زڵهێزان هەر کامیان وەک هەمیشە لە پێناو بەرژوەندییە تایبەتییەکانیان هەمیشە نکۆڵى لە خاک و سەربەخۆیی و بوونى گەلى کورد بکەن ؛ بەڵام ئەمە ئەو ناگەێنێت تا گەلى کورد دەستەوەستان بوەستێت و بێ ئومێد بێت ، بەڵکو دەرفەت و هەڵێکى مێژوویی نەک تەنها بۆ رۆژئاواى کوردستان بەڵکو بۆ هەرسێ بەشەکەى دیکەش هاتۆتەپێشەوە تا دواى سایکس پێکۆ لە نەخشە نوێیەکەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا نیشتیمان و خاک و نەتەوەکەى بۆ هەتا هەتایە جێگر بکات و ماف و ئازادى و سەربەخۆیی بەدەست بێنێت و چیتر لە ژێر هەڕەشە و کۆمەڵکوژى و نکۆڵیکردنى داگیرکەران و نەیارانیدا نەمێنێتەوە
ئەو هەڵومەرجەى ئێستاى رۆژئاڤاى کوردستان ، ڕاستە رەوشێکى پڕ کێشە وئاڵۆز و ئازارە ، بەڵام هەموو ئاماژەکان و بەرخودانى گەلى کورد لە ناوچەکەدا پێمان دەڵێت ؛ جارێکى تر گەلىە کورد لە تاقیکردنەوەدا ئەمجارە لەگەڵ پاشماوەى جاش و داعشە مورتەزەقەى وڵاتانى داگیرکەر ؛ گەلى کورد لە ئێستا ڕووبەڕووی راستییەکى مێژوویی و سیاسەتێک بووەتەوە کە هەرگیز نابێت بڵێنین شکست و بێ ئومێدیە ، بەڵکو بڕینى قۆناغێکى سەختى مێژووییە بۆ دەرفەتێکى باشتر و دەستکەوتێکى گەورەتر
ئەوانەى خەونى شکستى کورد و پاشگوێ خستن و لەناوبردنى دەبینن ؛ باش ئەو راستییە دەزانن و مێژوویش سەلماندوێتى ، کورد بەهێزتر بووە ، چونکە فێرى خۆڕاگرى و فیداکارییە نە بە ئاگر و نە بە درون و مووشەک ناسووتێت و لەناو ناچێت و ڕەگ و ڕیشەى لە قوڵایی خاکى نیشتیمانى دایک داکووتاوە ؛ بەدڵنییاییەوە گەلى کورد هەم لە ڕووى بەرخودان و هەمیشە لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسى و ئابوورییەوە ، دەتوانێت کاریگەرى بەهێزى لەسەر هاوکێشەکانى ناوچەکە ونێودەوڵەتى هەیە
بەخوێندەوەى هەلومەرجى سیاسى ئێستاى ناوچەکە و وڵاتانى داگیرکەر هەموو کارتەکانیان بۆ ئەوەیە گەلى کورد ، نەبێتە خاوەن شوناس و لەسەر زەمینى باب وباپیرانى خاوەن قەوارە و سەربەخۆیی خۆى نەبێت ، بەڵام بە خۆڕاگرى و تێکۆشانى نەتەوەیی ئەو رۆژانە زۆر نزیکن تا دوژمنان چۆک بۆ داواکارییە رەواکانى گەلى کورد دابنێن ، مێژوویش سەلماندوێتى هەر هەوڵێک بۆ نکۆڵیکردن لە دۆزى کورد و مافەرەواکانى و پەراوێز خستنى گەورەترین زیانى لێدەکەوێتەوە ، هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن ، رۆڵى گەلى کورد و خەباتە چەکدارییەکە بۆ رۆڵێکى گرنگى سیاسیی لە سەر نەخشەیی نوێی ناوچەکە دەگۆڕێت ؛ هەنگاوەکانیش دەبێت زۆر ژیرانە و لەسەرخۆ بێت ، گرینگە گەلى کورد بەگشتى تەبا و یەکهەوڵوێست بێت ؛ هەم لە پێناو پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانى ئێستا و هەمیشە هەنگاونان بۆ بەدیهێنانى مافەرەواکان و ئیرادەى گەلى کوردیش لەسەروەى هەموو بەرژوەندییەکى دیکەوەیە