دواین هەواڵ

بۆچی ترەمپ تەلەفۆنی بۆ شەرع كردووە؟

‌نەوزاد هێتوتی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەك دیارە، لە هەولێر و دواتر دوای گفتوگۆی نێوان مەزلوم عەبدی و شەرع، بە سەرپەرشتی تۆم باراك، ڕێككەوتنێك كرا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگر‌بەست. وەك دیتان، دوێنێ بەشی زۆری خالەكانی ڕێككەوتنەكە بڵاوكرایەوە، بەڵام دوو خاڵی نهێنی زۆر گرنگی تێدا بوو كە باس نەكرابوو، لە ترسی توركیا. 

بەگوێرەی زانیارییەكانی رووداو، تۆم باراك، نێردەی ئەمریكا بۆ سووریا، دوو بەڵێنی بە مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هەسەدە، دا بوو بۆ ئەوەی ڕێككەوتنەكە ئەنجام بدرێت:یەكەم:هێزەكانی هەسەدە وەك فریقەیەكی یەكگرتوو لەنێو سوپای عەرەبیی سووریادا دەمێنرێنەوە. بە گوتەی رووداو، تۆم باراك گوتبووی ئەم خاڵە لەبەر ڕای گشتی نانووسرێتەوە، بەڵام لە كرداردا جێبەجێ دەكرێت.دووەم:كورد ئیدارەی ناوچە كوردییەكان بكەن و ئیدارەیەكی كوردی هەبێت.

بەڵام ئێستا، ئەمڕۆ، دیمەشق بە فەرمی هەردوو خاڵەكەی ڕەتكردەوە. لێرەدا دیار نییە ئایا تۆم باراك بە ئەنقەست ئەم كارەی كردووە، یان شەرع ئەو بەڵێنەی بە باراك داوە و دواتر لەژێر كاریگەری توركیادا پاشگەز بوونەتەوە.كەواتە، وەك پێشتر باسم كرد، ئەوان هەر لە بنەڕەتدا پلانیان كۆنتڕۆڵكردنی هەموو ڕۆژئاوای كوردستانە. بۆیە هەموو پرۆپاگەندا و بیانوویەك بەكار دەهێنن بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتە جێبەجێ بكەن.ئێستا بارودۆخەكە زۆر هەستیارە و شەرع و توركیا ئامادەكاری بۆ هێرش دەكەن بۆ سەر ناوچە كوردییەكان. لە ئەم قۆناغەدا،  ئەمرو،  سێ هەلوێستی گرنگ لە ئەمریكا و ئەورووپا دێنرێت سەبارەت بە هێرشەكانی جولانی دژی كورد: یەكەم: لیندزی گراهام دوو توییتی ئەمڕۆ بڵاو كردووەتەوە و هەلوێستەكەی زۆر توندە. داوای دەستبەجێی ڕاگرتنی هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوا دەكات. 

هەروەها جەختی كردووە كە لە كۆنگرێس گەنگەشە دەكرێت بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆكان بۆ سەر سووریا. هەروەها باس ئەوەش دەكات كە سووریا ناتوانێت بە هێرش و پەلاماردان بۆ سەر كورد، یەكێتی خاكی سووریا بپارێزێت. دووەم، یەكێتی ئەورووپا داوای دەستبەجێی ڕاگرتنی هێرشەكان بۆ سەر كورد دەكات.

 سێیەم ، لە ھەموویان گرنگتر ئەمڕۆ ترەمپ تەلەفۆنی بۆ شەرع كردووە. هەرچەندە تا ئێستا ناوەڕۆكی قسەكانی ترەمپ بە فەرمی بڵاو نەبوونەتەوە، بەڵام جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە دەبێت مافەكانی كورد پارێزراو بن. بەراستی، خۆدی ئەو تەلەفۆنە لەم كاتەدا زۆر گرنگە. پێدەچێت دۆستانی كورد هانی ترەمپیان دابێت ئەو تەلەفۆنە بكات. وەك گوترا، هێشتا دیار نییە ناوەڕۆكی تەلەفۆنەكە چی بووە، بەڵام ئەوەی دیارە، پرسی كوردی تێدا باس كراوە. ئایا ترەمپ بە شەرع گوتووە هێرشەكان ڕابگرێت یان نا؟ هێشتا بە تەواوی دیار نییە، بەڵام پێدەچێت ئەو داوایە لێی كراوبێت. بۆیە، چەند كاتژمێری داهاتوو دیار دەكات ئایا شەرع گوێ لە قسەی ئەمریكا و ئەورووپا دەگرێت، یان هێشتا بە قسەی هاکان فیدان و قەتەر كار دەكات و هێرش دەكاتە سەر كورد. لە بیرمان نەچێت بۆ ئەوەی دوونیا حسابت بۆ بكات و كومەڵگەی نێودەولەتی بھیتە سەر خەت، دەبێت شەڕ بكەیت، چونكە بێ شەڕ كەس لەسەرت بەجاب ناهێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP