لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەم سەرکردە هەن کە توانیبێتیان لە نێو گێژاو و ئاگری جەنگدا، دەرچەیەکی ئاقڵانە بۆ ئاشتی و پاراستنی مافی گەلەکەیان بدۆزنەوە. لە سەرەتای هەڵگیرسانی قەیرانی سوریاوە، کاتێک زۆربەی لایەنەکان بە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە خەریک بوون، (سەرۆک بارزانی) خاوەنی دیدگایەکی جیاواز و ستراتیژی بوو. دیدگایەک کە لەسەر بنەمای "زەوت نەکردنی مافی کورد" و "پاراستنی بوونی نەتەوەیی" داڕێژرابوو.
هەر لەو سۆنگەیەوە، سەرۆک بارزانی بەردەوام هێڵێکی گەرمی پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆکایەتیی سوریا و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هێشتەوە، بەو ئامانجەی کە کورد نەبێتە سووتەمەنیی شەڕێک کە هی ئەو نییە، بەڵکو دەبێت مافەکانی لەناو ئەو گۆڕانکارییانەدا پارێزراو بن.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، بەرھەمی ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەیە کە سەرۆک بارزانی پەیڕەوی کرد؛ سیاسەتێک کە جەختی لەوە دەکردەوە کێشەی سوریا بە شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی درێژخایەن چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بە دیالۆگ و دانپێدانانی بەرامبەر دەبێت. دیدارەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ (مەزڵوم عەبدی)، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ (تۆم باراک) و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە "بارەگای بارزانی، مەرجەعێکی بڕیار و یەکلاییکەرەوەیە بۆ چارەنووسی ناوچەکە. ئەم کۆبوونەوانە پەیامێکی ڕوونیان پێبوو: خواستی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان جگە لە پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا لە هەڕەشە بەردەوامەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دۆزینەوەی فۆرمۆڵێکە بۆ پێکەوەژیان و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، هەولێری پایتەخت بووە ناوەندی ڕاستەقینەی ئاشتی و پێکەوەژیان، کاتێک دەرگا لە هەموو شوێنێک دادەخرێت، دەرگای هەولێر و بارەگای بارزانی بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان.
ئەنجامی ئەم پێداگری و سازش نەکردنە (مساوەمە نەکردن) لەسەر مافە بنەڕەتییەکان، بە ڕوونی لە لێدوان و گۆڕانکارییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. وەک ئەوەی لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی (ئەحمەد شەرع) و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بینیمان، کە داننان بە مافەکاندا خەریکە دەبێتە ئەمری واقیع. دەکرێت دەرەنجامەکانی ئەم سیاسەتە لە چەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە:
* داننان بە زمانی کوردی: بۆ یەکەمجار وەک زمانێکی فەرمی و مافێکی سروشتیی کورد لەو وڵاتەدا باس دەکرێت، کە ئەمە سەرکەوتنێکی مەعنەوی و یاسایی گەورەیە، هەروەها دەیان ساڵە خاک و زمانی کورد لە سوریا ڕەتدەکرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ئەو هەنگاوانەوە، کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی خاوەن خاک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ئەگەر بڕگە و خاڵەکانی مەرسوومەکە جێبەجێ بکرێن.
ئەم دەستکەوتانە بێگومان بەرهەمی ڕێککەوت و یەکڕیزییە. ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە هەر کاتێک کورد لە چوار پارچەی کوردستان یەکدەنگ بووبێت، یان لانی کەم لەژێر چەتری مەرجەعێکی بەهێزدا جوڵابێتەوە، ئەوا لە دانوستاندنەکاندا دەستباڵا بووە. ئەو یەکڕیزییەی کە سەرۆک بارزانی لە هەموو قۆناغەکاندا کاری لەسەر کردووە، وایکردووە کە دۆزی کورد لە سوریا لە "کێشەیەکی ئەمنی"یەوە بگۆڕێت بۆ "کێشەیەکی سیاسی و نەتەوەیی" کە پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێین کە ئاشتی لە سوریا بەبێ ڕەچاوکردنی مافی کورد مەحاڵە، و بەدەستهێنانی ئەو مافانەش بەبێ حیکمەتی سیاسیی سەرۆک بارزانی ئەستەم بوو. ئەو نەخشەڕێگایەی کە لە ڕێگەی دیداری دیپلۆماسی و پێداگری لەسەر پرەنسیپەکان کێشراوە، ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا کردەوە.