لە یەکەم ساتی هێرشی چەتەکانی نوسرە و داعش بۆ سەر هەر دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی وەهای نەبووە کە شایانی باس بێت، ئەوەی بە فەرمی لەو بارەوە قسەی کردووە، تۆم باراک و حکومەتی تورکیایە.
باراک و تورکیا، دەڵێن دەبێ هەسەدە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی مانگی ٣ی ساڵی ڕابردوو کە لەنێوان جۆلانی و مەزلوم عەبدیدا کراوە لە
دیمەشق.
تێکەڵبوونەوەی هەسەدە بە سوپای سوریای ئێستا بەو میکانیزمەی جۆلانی( ئەحمەد شەرع ) و تورکیا و باراک دەیانهەوێت، واتە نەمانی دەسەڵاتی خۆسەری لەڕۆژئاوا.
یەکەم: بەپێی یاسا، هێزەکانی هەسەدە لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگری سوریادان، هەر کاردانەوەیەکی هەسەدە بەرامبەر هێزەکانی سوریا ڕەوایی و ڕێگە دەداتە سوریا و تورکیا هێرش بکەنە سنورەکانی خۆسەری وەک هێزێکی لە یاسا دەرچوو،ئەوەش مامەڵەیەکی ژیرانەی فەرمانداری هەسەدەیە لەگەڵ دۆخەکەدا.
دووەم: تۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا و دۆسیەی سوریاش هەر بە ئەو سپێردراوە، بەهۆی پڕۆژە بازرگانییەکانی خۆیەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری هەر دوو حکومەتی سوریا و تورکیاوە، ئەو پێیوایە دەسەڵاتێکی ناوەندی باشتر گەرەنتی بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابورییەکانی خۆی و ئەمریکا دەکات، لە کاتێکدا پەیامی خۆسەری ڕۆژئاوا ڕوونە کە ئەوان لەگەڵ دەسەڵاتێکی نا ناوەندیدان.
سێیەم: ئەوەی چەندین ساڵە ، ئەزموونی ڕۆژئاوای پاراستووە، هێزی خۆیی بووە، هەموو هێزێکیشیان بەگژدا کراوە بە پشتیوانی دەوڵەتانی ناوچەکە، بە لاوازکردنی ئەو هێزەش یان تواندنەوەیان لەناو سوپای سوریای ئێستادا، خۆکردانە خۆسەریەکەش لەناودەچێت.
چوارەم: تائێستاش مامەڵەی هەسەدە، لەگەڵ بار و دۆخی هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب، مامەڵەیەکی ژیرانەیە، بەدەر لە سۆز و کەف و کوڵی میدیاکان، وەک چۆن لەسەرەتای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و کۆبانێدا، زۆرێک دەیانگوت، پەکەکە بێ هەڵوێستە ناچێتە مەیدانی جەنگەوە، بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژئاوا.
ئەوکاتیش پەکەکە ژیرانە مامەڵەی
کرد و بیانووی نەدایە تورکیا و هاوپەیمانەکانی، بۆ هێرشی چڕ تر و کۆمەڵکوژی گەلەکەمان بەو بیانووە.
پێنجەم: تەنها بژاردەی دوو گەڕەکە کوردییەکە، بەرگریکردنی خۆیانە، ئەگەر هەر لەدەستدانیشیان بێت، هەر باشترە و نابێت بەهیچ شێوەیەک هەسەدە بکەوێتە تەڵەکەوە و ئەزموونی ڕۆژئاوا لاواز بکرێت یان هەوڵی لەناوبردنی بدرێت، بە کورتییەکەی کارتی فشارە بۆ سەر هەسەدە، بە ڕازیبوونیان بۆ توانەوە لەناو سوپای سوریادا.