تاڕاددەیەکی زۆر ئەوە روونە بوونی چەکدارانەی کورد لە حەلەب و خۆرئاوای فورات و دەرەوەی جوگرافیای دیفاکتۆی ئیدارەی خۆسەر، خۆی لە خۆیدا مەبەست نییە، کاتیەو پەیوەستە بە چارەنووسی گفتوگۆکانی نێوان هەسەدەو دیمەشق و دابەشکردنەوەی نفوزو هێز لەلایەن هێزە هەرێمایەتیەکانی پەیوەست بەدۆخی ئێستای سوریاوە.
بۆیە ئاساییە کورد تاسەر نەتوانێت بەرگری لە دوو گەرەکەکە بکات کە لە رووی سەربازی و جوگرافییەوە دابراون، بۆیە ئەگەر ئەم شەرەی ئێستا، سەری لە رێکەوتنێکەوە دەربچێت، تایبەتمەندی دوو گەرەکەکەی بەشێوازێکی نوێ، تێدا پارێزراوبێت، واتە بوونی کورد لە شارەکەدا نەکەوێتە بەردەم هەرەشەی جددییەوە، هەروەها کاریگەری ئەرێنی بۆ سەر ئایندەو چارەنووسی ناوچەی خۆسەرو رۆژئاوا لە ئایندەدا هەبێت، شەرەکە بەدەر لە ئاکامە سەربازییەکانی، بەسەرکەوتوو لە قەڵەم دەدرێت. دیارە ئەمە بەدەر لەو کاریگەرییە گەورەی بۆ بوژاندنەوەی گیانی نەتەوەیی و هاوچارەنوسیی رۆڵەکانی گەلی کوردستان لە پارچەکانی ترو دونیادا هەیبوو، هەروەها ئەو رۆڵەی لە دەوڵەمەندکردنی خەیاڵدانی نەتەوەییمان بەرەمزو هێمای بەرخۆدان و چۆکدانەدان دەیگێریت ودەمێنێتەوە. لێرەوە دەخوازم بڵێم، زۆر گرنگە بەهەرچ جۆرێك بووە هەوڵبدرێت، ئەم شەرە بەرێکەوتن کۆتایی پێ بێت، سەلیقەی سیاسی و خۆراگری زۆرتری بەرگریکاران و یەکتر تەواو کردنی نەتەوەیش لەم روەوە رۆڵی بنەرەتیان هەیە ، چونکە ئەگەر بەشەر بگیرێن بوون و چارەنووسی کورد لە شارەکەدا دەکەوێتە بەردەم مەترسییەکی گەورەترەوە، بەحوکمی ئەوەی سوپای عەرەبی سووری و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان وەك سەرکەوتوو لە جەنگدا مامەڵە دەکەن.
هەرچۆنێك بێت زنجیرەی گۆرانکارییەکان لە سوریاو خۆرهەڵاتی ناوەراست، هێشتا زۆریان ماوە بگەنە کۆتایی خۆیان، بۆیە لە ئەگەری نەخوازراویشدا پێویست بە نائومێدی ناکات. بەڵکو پێویستە شەرەکە ئەزموونی سیاسی خۆرئاواو پارچەکانی تر دەوڵەندتر بکات، بەرچاو روونی زۆرتریان پێبدات، گیانی یەکتر تەواوکردنی نەتەوەیی هێزو پارچەکان بەهێزتر بکات.
لەو سۆنگەشەوە ناوچەکە بەگشتی و دۆزی کورد بەسەرەپێچێکی مێژوویی چارەنووسسازدا دەروات، لەگەڵ بوونی تەحەداو مەترسیشدا، ئەگەر ئامادەیی کوردو جوڵانەوە سیاسییەکەی لە ئاست رووداوو گۆڕانکارییەکاندا بێت، دەرفەتی مێژوویی دەخاتە بەردەممان.