دواین هەواڵ

ڕێگاکانی بەردەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنەکانی عیراق

‌مەریوان نەقشبەندی

11 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرەڕای ئەوەی لەژمارەی کورسیەکانیدا یەکێتی نیشتمانی لەدوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا لەو سنورە ئیداریەی کە بە(زۆنی سەوز)ناسراوە بە(8)کورسی لەپلەی یەکەمدا دێت بەڵام لەم سنورەدا سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆکی دو هێزی سیاسی کوردستانی بەشداربوی هەڵبژاردنەکانی عیراق(نەوەی نوێ و بەرەی گەل)کە لەپەرلەمانی کوردستانیشدا ژمارەیەکی بەرچاو کورسیان هەیە و ئەو سنورە بە چەقی جەماوەری خۆیان دەزانن،لەزینداندا بون،کەچی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی لەو زۆنەدا لەبازنەی سلێمانی (10)کورسیان بردوە،ئەمە جگە لەوەی کەهیچ کاندیدێکی یەکێتی لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە دەنگی پێویستی بۆ وەرگرتنی کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدەست نەهێناوە و هەر 8 کورسیەکەی لەسنوری پارێزگای سلێمانیە،ئەمە وادەکات یەکێتی نیشتمانی دوای ئەم هەڵبژاردنە لەبەردەم دوو بژاردەدا بێت:
یەکەم:ئەگەر یەکێتی سووربێت لەسەر دواخستنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و هێشتنەوەی (زۆنی سەوز)بەم شێوەیەی ئێستای هەروەکو سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی خۆی چەند جارێک ئاماژەی بۆ کردوە کە ڕێگە نادا حکومەتێکی نوێی کوردستان پێک بێت ئەگەر ڕەزامەندی خۆی لەسەر نەبێ،ئەوا پێویستە ڕەچاوی ئەم بارودۆخە نوێیە و ژمارەی کورسی و دەنگەکانی هێزەکانی دەرەوەی خۆی لەو زۆنەدا بکات و لەحوکمرانی دەڤەرەکەدا بەشداریان پێبکات،چونکە ئەگەر بەشداریان پێنەکات و هاوپەیمانیەتی شێوازی حوکمرانیان لەگەڵ دروست نەکات ئەوە رەنگە لەبەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی نەبێت چونکە لەلایەک بەو ئەنجامە نوێیە ناتوانی ئەنجومەن و ئیدارە خۆجێییەکان بەتەنها دروست بکات و هێزە سیاسیەکانی تریش مەرج نیە بەشەراکەتی حوکمرانی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی لەو دەڤەرەدا ڕازی بن،بۆیە سەرهەڵدانی هەر ناڕەزاییەک لەبەر هەر هۆکارێک ڕەنگە ئاسایش و سەقامگیری ئەو زۆنە و دەرەنجام ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر مەترسیەوە.
دووەم:ڕێککەوتنە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی بەپەلەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستبەکاربونی پەرلەمانی کوردستان و دروستکردنی شاندی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسیە براوەکانی عیراق کە ئەوکات هێزێکی گەورەی سیاسی و پەرلەمانی دەبن لەعیراقدا،بەڵام ئەم ڕێگا دووەمەی یەکێتی ڕوبەڕوی بەربەستی بڕیاری نوێی پارتی دەبێتەوە کە ئێستا دەڵێت دوای ئەم هەڵبژاردنەی عیراق هەلومەرج گۆڕاوە و هەمان مامەڵەی پێش هەڵبژاردنەکان لەگەڵ یەکێتی ناکەن و هەریەک دەبێ بەپێی قەبارە و ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پۆستەکان وەرگرێت،لێرەدا پارتی پشت بەوەرگرتنی نزیکەی ملیۆنێک و سەدهەزار دەنگ لەعیراق و وەرگرتنی (20)کورسی لەهەردو پارێزگای هەولێر و دهۆک لەبەرامبەر تەنها(7)کورسی بۆ هەمو هێز و لایەنەکانی تری کوردستان لەم دو پارێزگایەدا،ئەوە جگە لەوەی پارتی تاکە هێزی کوردستانە کە لەهەرچوار پارێزگاکەی ئێستای هەرێم و هەمو پارێزگا و ناوچەکانی مادەی 140 و زۆرینەی کۆتاکانی عیراق بەکوردی فەیلیشەوە،کورسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بردۆتەوە و بۆتە حزبی ژمارە یەکی عیراق و لەهیچ حاڵەتێکدا لایەنە عیراقیەکان ناتوانن ئەم بارودۆخە نوێیەی پارتی فەرامۆش بکەن،بۆیە ڕێگای سێیەمیش بۆ یەکێتی (ئەگەر بیەوێت زیاتر پشت بەپەیوەندیە باشەکانی لەگەڵ بەشێک لە هێزە عیراقیەکان ببەستێت)ڕێگایەکی پڕ لەکێشەیە ئەگەر ڕێگایەکی خۆکوژی نەبێت.بۆیە بەبۆچونی من ڕێگای دووەم(ئەگەر بەدەستبەرداربون لەهەندێ پۆستیشەوە بێت) بۆ یەکێتی باشترین و ئاسانترین ڕێگایە بۆ پارێزگاری لەکوردستانێکی بەهێز کە تیایدا شان بەشانی هاوپەیمانە تەقلیدیەکەی لەهەرێمی کوردستان حوکمرانیەکی باشتر بخولقێنن و پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەعیراق و ناوچەکەدا  بەهێز بکەنەوە و موچە و شایستە و مافی خەڵکی کوردستان لەعیراقدا مسۆگەر بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP