هەرکاتێک کەسێک هەوڵی ئەوە دەدات کە بڕوام پێبهێنێت کە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، هەڵبژاردەی منیشە، لەو کاتەدا وا هەست دەکەم خوێ ئەکەنە برینمەوە، من ڕەگەزپەرست نیم، بەڵام کاتێک گوێم لە ناوی عێراق و سروودی نیشتمانیەکەی دەبێت.. گوێم لە بێدەنگی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە، گوێم لە پێکەنینی ئەو مووشەکانەیە کە بەسەر گوندەکانی کوردستاندا دەباری، ئێستاش گەردو تۆزی هەڵمەتی ئەنفال وەک گازی ژەهراوی لە یادەوەریمەوە هەڵدەستێت...
لە ژێر دەرگاکانەوە، لە تاڵەکانی زمانەوە ، لە کۆشکەکانی ڕۆحمەوە دێتە ژوورەوە. کەواتە چۆن چەپڵە بۆ بۆهەڵبژاردەیەک لێبدەم کە تەنانەت ئامادە نییە دان بە بوونمدا بنێت؟!
زۆر جار پێم دەڵێن ؛ وەرزش و سیاسەت دوو دونیای جیاوازن، کایەی وەرزش خەڵک یەکدەخات” منیش پێیان ئەڵێم: تا ئێستا هەوڵتان داوە لەژێر ئاسمانێک کە بۆردومان کراوە، چەپڵە لێبدرێت؟ ئایا ڕۆح دەتوانێت هاندەری تیمێک بێت کە ناوەکەی هاوواتای مردنە؟!
کاتێک لە یاریگادا ئاڵای عێراق بەرز دەکرێتەوە، یادەوەریم دەست دەکات بە لەرزین. یاریزانەکان نابینم ؛لەو ساتەدا مناڵانی هەڵەبجە دێنەوە پێش چاوم کە بەیانییەک هەوای پیسی بەغدا هەموویانی قڕکرد، ئەو کاتەی هاووزمانەکانی خۆم چەپڵە بۆ هەڵبژاردەی عێراق لێدەدەن، ڕووخساری ئەنفالکراوان دێتەوە یادم کە نیوەڕۆیەک پۆل پۆل خرانە زیلەوەو بەرەو بیابانەکانی خوارووی عێراقیان بردن!!
چۆن دەتوانم هاوڵاتی وڵاتێک بم کە تەنانەت مافی ماتەمینیشی پێ نەبەخشیم؟!چۆن چەپڵە بۆ ئەو کەسانە لێبدەم کە دەستیان بەسەر زمان و ئاسمانمدا گرتووه، چۆن چەپڵە بۆ هەڵبژاردەی وڵاتێک لێبدەم کە گوندەکانی سووتان؟!چۆن بتوانم چەپڵە بۆ وڵاتێک لێبدەم کە بەبەرچاوی دونیاوە دەستدرێژی کردە سەر کچان و دایکانی نیشتمانەکەم و پاشان لەبازاڕی نەخاسەدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کردن؟!!
وەرزش و سیاسەت دوو دیوی یەک دراون،وەرزش هەرگیز لە سیاسەت جیا نییە؛ یاریگا تەنها گۆڕەپانی یاریکردن نییە بەڵکو ژینگەی ناساندنە. کاتێک گەلێک لە پشت تیمەکەیەوە وەستاوە، بە جیهان دەڵێن: "ئەوە ئێمەین... ئێمە هەین" بەڵام چی بە جیهان بڵێم کاتێک داوام لێدەکرێت پشتگیری تیمێک بکەم کە ئێستاش دان بە بوونمدا نانێت؟!
ئایا پێیان بڵێم من تەنها ژمارەیەکم لە جینۆسایدەکەدا؟ یان بڵێم هێشتا چاوەڕێی ڕستەی ئاشتەوایی ئەو مێژووە خوێناوییەم؟!
هەندێک دەڵێن: دەبێت ڕابردوو لەبیر بکرێت. منیش دەڵێم: ئاخر ڕابردوو جانتایەک نییە کە لەدوای خۆم بەجێی بهێڵم؛ ئەوە ڕەگەکانن کە بەردەوامن لە ڕواندنی ئازارو ئێش. مێژوو بە لەبیرکردن ناسڕێتەوە؛ بە دانپێدانان چاک دەبێتەوە. هێشتا مەرگەساتی ئەنفال وەک جینۆساید نەناسێنراوە، هێشتا مەرگەساتی هەڵەبجە وەک پێویست ڕێزی لێ نەگیراوە. هێشتا گۆڕەکان بۆ قسەکردن نەکراونەتەوە. بەڵکو جارێکی تر نێژراونەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە بێدەنگی سیاسیدا.
من ڕقم لە کەس نییە، بەڵام ناتوانم ئەو کەسانەم خۆش بوێت کە پێش ئەوان ناچار بووم بێدەنگ بم.
ئەو خەونەی لە ناومدا نیشتەجێیە لە توڕەیی گەورەترە: من هەڵبژاردەیەکی نەتەوەیی کوردم هەبێت، لە پشتیانەوە لە یاریگادا بوەستم، بێ ترس ئاڵاکەم هەڵبکەم و بە دەنگێکی ڕوون بڵێم: ئەمە منم.
من نامەوێت لە بەرامبەر کەس سەرکەوتن بەدەست بهێنم؛ من دەمەوێت سەرکەوتن بەسەر بێدەنگیدا بەدەست بهێنم. من بەدوای کێبڕکێدا ناگەڕێم... بەدوای بووندا دەگەڕێم!!
ڕەنگە بڵێن ئەم خەونە مەحاڵە. بەڵام مێژوو فێری کردووین کە ئەوەی ئەمڕۆ مەحاڵە، ڕەنگە سروودی سبەی بێت. چەندین سەدە ستەممان لێدەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا ون نەبووین. ئێمە گەلێکین هەرگیز نامرین... تەنانەت کاتێک نکوڵی ژیانمان لێدەکرێت. ڕەنگە ڕێگەمان پێنەدرابێت ببین بەخاوەنی دەوڵەتێک، بەڵام خاوەنی یادەوەرییەکی بەهێزترین لە سنوورەکان. مێژوو لە کۆتاییدا دەنووسرێتەوە... نەک تەنها بە سیاسەت، بەڵکو بەو دەنگەی کە بەرز دەبێتەوە کاتێک وا بیردەکرێتەوە کە بێدەنگ دەکرێت!!
ڕۆژێک دێت، گۆڵێک بەناوی کوردستانەوە تۆمار دەکرێت...
ئینجا ئەوە تەنها ئەو یاریزانە نابێت کە ئاهەنگ دەگێڕێت، بەڵکو هەر گوندێک کە سووتاوە، هەر دایکێک کە کوڕەکەی بێ ناو نێژراوە، هەر دڵێک کە لە خەون بینین دەترسا. لەو ڕۆژەدا مێژوو دەوەستێت، وەک گۆڵپارێزێک لەبەردەم گۆڵدا دەڵێت: ئەمە کاتە... ئەمە ئامانجە... ئەمە ژیانێکە سەرەڕای هەموو شتێک نەمردووە!!
من ڕەگەزپەرست نیم. من تەنیا کوڕی یادەوەرییەکم کە پێویستە بزانرێت نەک بسڕێتەوە. من تەنها خەون بە نیشتمانێکەوە دەبینم کە ئاڵاکەی بەرزکرابێتەوە.!!