دواین هەواڵ

دوای هەڵبژاردن چی ڕوو دەدات

‌عوسمان گوڵپی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ هێزە عێراقیەکان گرنگە لە ڕووی پێگەی جەماوەریەوە بەڵام بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەنجامەکان گرنگیەکی ئەوتۆیان نیە و تەنها تێپەڕینی خودی هەڵبژاردنەکە گرنگە، ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا ناکەن لە عێراق کێ زۆرینەی کورسیەکان دەباتەوە، چونکە لە بنەمادا پێیان وایە ئەو زۆرینەیە لە سایەی لاوازبوونی ڕابردووی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و بەهێزبونی سیاسەتی تاران بوە لە عێراق، کە لە ڕووی مەزهەبی و سیاسی و چەکداریەوە سێبەرێکی فراوانی لە عێراقدا هەیە

بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە ئەوەندەی بۆ ئێران گرنگی هەیە، ئەوەندە بۆ ئەمریکاو دۆستەکانی گرنگ نیە، چونکە ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ هێزی سیاسی و سەربازی ئێران دەکات لە عێراق نەك کورسی هێزەکانی نزیك لە ئێران

بۆیە ئەوەی دۆخی دوای هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە پێگەی عێراقە لای ئەمریکاو دۆستەکانی نەك ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان، ئایا عێراق لە کوێی ستراتیژی سیاسەتی ئەمریکادایە لە ناوچەکە، وەك چۆن پێشتر ئێران مامەڵەی لەگەڵ کورسی پەرلەمانی نەکردوە ئەوەندەی مامەڵەی لەگەڵ فشارەکاندا کردوە، بردنەوەی ئەیاد علاوی و موقتەدا سەدر وەك نمونە

عێراق بۆ ئێران گرنگیەکی گەورەی ستراتیژی هەیە لە ناوچەکە، ئەکرێ بڵێین عێراق بە ئەندازەی تاران بۆ ئەو وڵاتە گرنگە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیشەوە، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا کورسی پەرلەمانی بۆ ئێران گرنگترە لە ڕابردوو، چونکە بۆ ئەمجار کرۆکی پاڵپشتی بەهێزمانەوەیەتی لە عێراق، کاتێك پانتایی کاریگەری سیاسی و سەربازی وەك ڕابردوو نیە و سنوردارترە، ئەوا وەك ڕابردوو دەستکراوە نابێت بەرامبەر ئەو هێزانەی کە پێشتر بەرامبەر سیاسەتی وەستاون، ئەوەی لە ڕابردوو چۆکی بە هێزەکانیتر دادابوو مەترسیەکانی حەشد بوو لەسەریان بەڵام ئێستا حەشد خۆی لە ڕووی چالاکی سەربازیەوە لە مەترسیدایە.
بۆ ئەمریکا و دۆستەکانی پێچەوانەکەی دروستە، کورسیەکانی پەرلەمان گرنگ نین، کێ چەند دێنێت با بیهێنێت، چونکە گەر مەبەستی دەستوەردانی راستەوخۆی هەبێ وەك ئەوەی لە ڕابردوودا ئێران کردی، ئەوا زۆر ئاسان لە ڕیگەی فشاری ئابوری و سیاسی و سەربازیەوە دەتوانێ ئاستەنگەکانی بەردەمی تێکبشکێنێ چونکە لە ئێستادا ئێران بەدوای دروستبونی گرژیەوە نیە و لەو پێناوەدا ئامادەیە باجیش بدات

لەدوای هەڵبژاردنەکان ئاستەنگی گەورە دروست دەبێت، هەر ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە دەردەکەوێت کە ئەمریکا و نەیارانی سیاسەتی تاران چۆن مامەڵە لەگەڵ دوای هەڵبژاردن دەکەن.

کورت و پوخت ئێران دەزانێت کابینەی داهاتوی عێراق وەك کابینەی پێشوو پێکنایەت، کە لە ئەلفەوە تا یا لە ژێر کاریگەری و ویستی خۆیدابوو، ئەمجارە شەڕی ئەوەش ناکات، بەڵکو شەڕو ململانێی ئێران بۆ کابینەی داهاتوو ئەوەیە کابینەیەك لەدەرەوەی ئیرادەی ئەو پێکنەیەت، بەڵکو کابینەیەکی دلخوازی موشتەرەکانەبێت کە عێراق لە ئاڵۆزی دورخاتەوە، دوور نیە بۆ ئەم قۆناغە ئەمریکاش هەمان ویستی هەبێت و خواستی ئاڵۆزبونی دۆخی ناوچەکە خوازراو نەبێ، مەگەر لێدانی تەمیەکارانەی کاتی بۆ تەختکردنی هەندێ ئاستەنگ، چونکە ئێران نایەوێ ئاڵۆزی ئەمنی بۆ عێراق دروستبێت، بۆیە گەر هەموو کورسیەکانی پەرلەمانیش بەرێتەوە دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری ئێران هی ئەوەنیە وەك ڕابردوو کابینەیەکی ئێرانی لە عێراق دروستکات بەلکو دەیەوێ حکومەتی داهاتوی عێراق قبوڵکراوی هەردولابێت، ئەمریکا و ئێران، بۆیە بۆ ئەم قۆناغەی ئێران گفتوگۆکردن و رەزامەند بوونی لەسەر پێکێهێنانی کابینەی نوێی عێراق بە سەرکەوتن بۆ سیاسەتەکانی دەزانێت، چونکە ستراتیژی ئێرا لە ئێستادا ئەوەیە کە نایەوێت دۆستەکانی لە عێراق بە دەردی دۆستەکانی تری بچن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP