دواین هەواڵ

بەپارەی باپیرم پڕۆژە ناكەم پارەی میللەتە

‌كارزان گلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەم بەسەرهاتە بۆ عەلی باپیر بگێڕنەوە با تێبگات
سولەیمان دەمیڕاڵ، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا، قسەی بۆ گەل دەكرد، لە كاتی قسەكردندا دەیگوت ”ئێمە بەنداومان دروست كرد، ئێمە پردمان دروست كرد، ئێمە رێگەمان دروست كرد و كارگەی گەورەمان دروست كرد“ كەسێك لەناو ئاپۆرای جەماوەردا، بەدەنگی بەرز هاواری كرد ”ئەم پرۆژانەت بە پارەی باپیرت كردووە؟“
پۆلیس و پاسەوانەكانی دیمیڕاڵ، ئەو كەسەیان گرت و ویستیان دووری بخەنە، بەڵام دەمیڕاڵ گوتی، راوەستن و لێیگەڕێن، ئەو پیاوە قسەیەكی راستی كرد و با وەڵامی بدەمەوە.

دەمیڕاڵ گوتی ”كوڕم، بەپارەی باپیری تۆ و بەپارەی باپیری من و بەپارەی باپیری هەموو ئەوانەی لێرەن و پارەكان بهێنن و بیخەنە قاسەی دەوڵەتەوە، ئەو پرۆژانە دروست ناكرێن، ئەو پرۆژانە بەپارەی میللەت كراوە، بەو پارەیە كراوە كە ئێوە باجتان داوا، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە بۆ ئەوانەی پێشووتر نەیانكرد؟ بۆ ئەوان پارەی میللەتیان لە میللەت خەرج نەكرد؟ من ئەمەم كرد“

لە سۆیال میدیا خوێندمەوە، بەڕێز عەلی باپیر، لەبارەی ئەو پڕۆژانەی سەرۆكی حكوومەت ئەنجامی داوە، كە پڕۆژەی گەورە و ستراتیژین گوتویەتی ”خۆ بە پارەی باپیری نەكراوە و میراتی ئەوان نییە پڕۆژەی پێكردبێت“

عەقڵی باپیر و ئەو كەسەی هەمان شتی بە دەمیڕاڵ گوت یەك عەقڵە، وەڵامەكەی دەمیڕاڵیش پر بەپێستییەتی.

سەرۆكی حكوومەت، بەپارەی باپیری پڕۆژە ناكات، پارەی میللەتە و لە میللەتی خەرج دەكاتەوە، پارەكە نادزێت و بۆ بەرژەوەندی خۆی و پارتەكەی بەكاریناهێنێت، دەیداتەوە بە میللەت، بەڵام بە پرۆژەی ستراتیژی، ئەوەیە جیاوازییەكەی مەسروور لەگەڵ ئێوە.

بەڕێز باپیر، دەبێت ئەوە باش بزانیت، لە جیهاندا هەموو ئەو وڵاتانەی هەژارن و خەڵكەكەی برسین، وڵاتەكە لەڕووی داهاتەوە هەژار نییە، بەڵكوو ئەوەی وڵات بەڕێوە دەبات گەندەڵە و پارەی میللەت دەدزێت و پڕۆژەی پێ دروست ناكات، پارەی میللەت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاردەهێنێت. هەر بۆ زانیاریت، زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەكانن، خاكەكەیان دەوڵەمەندە و خەڵكەكەش هەژار، چونكە سەرۆكەكەیان دز و گەندەڵە.

كاك مەسروور، پارەی میللەت لە میللەت خەرج دەكات، تخوا لێی گەڕێن با بەرنامەكەی بۆ ئەم میللەتە جێبەجێ بكات، لێی گەڕێن تەنیا ئەوە دەیەوێت بمانگەیەنێتە خۆشی و وامان لێدەكات لە داهاتوویەكی نزیكدا، شانازی بكەین بڵێین خەڵكی هەرێمی كوردستانین.
واز لە عەقڵی بۆگەن و قین و رەخنەی پڕووپووچ بهێنن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP