هەرێم نیوز
عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی رایگەیاند، ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنەی دژی هەرێمی کوردستان دەکرێت زۆر قێزەونە و قەبارەی ڕەگەزپەرستی و ڕق و کینەی بەرامبەر کوردستان ئاشکرا کرد، هاوکات جەختی کردەوە کە نابێت هیچ کەسێک لۆمەی کاردانەوەی گەلی کوردستان بکات.
ئاشکرابوونی قەبارەی ڕەگەزپەرستی و دوژمنایەتی دژی کوردستان
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "هەڵمەتی ڕاگەیاندن دژی هەرێمی کوردستان زۆر قێزەونە و قەبارەی ڕەگەزپەرستی و ڕق و کینە و دوژمنایەتیی بەرامبەر کوردستان بۆ ئاشکرا کردین، لە هەمان کاتیشدا ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانەی هەڵماڵی کە گومانی باشمان پێیان هەبوو."
داوای زاڵبوونی دەنگی دانایان لە کاتی قەیرانەکاندا
بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە: "با هیچ کەسێک لۆمەی کاردانەوەی گەلی کوردستان نەکات بەرامبەر بەم هەڵمەتە، لە کاتی توندبوونەوەی قەیرانەکاندا پێویستە دەنگی دانایان بەسەر دەنگی نەزان و کاڵفامەکاندا زاڵ بێت."