هەرێم نیوز
میدیاکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە بڵاویان کردەوە، سوپای ئیسرائیل لە ئاستێکی بەرزی ئامادەباشیی ئۆپەراسیۆنیدایە و هەماهەنگییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەیە، ئەمەش لە سایەی پەرەسەندنی مەترسییەکان لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی لەناکاو لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
کۆبوونەوە چڕەکان و هەماهەنگییە سەربازییەکان لە تەلئەبیب
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لیوا ئیتسیک کۆهین، سەرۆکی هۆبەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای ئیسرائیل، هەفتانە سێ کۆبوونەوەی لە ڕێگەی پەیوەندیی دوورمەوداوە لەگەڵ ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم و تیمەکەی ئەنجام داوە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی هەماهەنگیی تەواو سەبارەت بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جووڵە سەربازییەکان و ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان. هەروەها هەفتەی ڕابردوو، لە میانی سەردانەکەی ئەدمیرال کوپەردا، هەردوو فەرماندە سەربازییەکە لە ناوەندی فەرماندەیی هۆبەی ئۆپەراسیۆنەکان لە ناو پەناگە قایمکراوەکەی ژێر زەوی — کە بە «چاڵەکە» ناسراوە — لە بارەگای فەرماندەیی سەربازیی تەلئەبیب کۆبوونەتەوە.
پێگەی «واڵا»ی ئیسرائیلی لە زاری دوو بەرپرسی ئەمنییەوە گواستوویەتییەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە پاراستنی ئاستێکی بەرزی ئامادەباشی، بەتایبەت لە هێزی ئاسمانیدا، هاوکات ناوەندەکانی فەرماندەیی و بارەگا سەربازییەکان بە درێژایی ٢٤ کاتژمێر بەهێز کراون، تاوەکو بۆ هەر سیناریۆیەکی هێرشی ئێران ئامادە بن و ماوەی وەڵامدانەوە بۆ کەمترین کات دابەزێنن.
سیناریۆی هێرشی لەناکاو و ئامانجە ئەمریکییەکانی ناوچەکە
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی بە پێگەی «واڵا»ی ڕاگەیاند، «ئەگەری هەوڵدانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی لەناکاو بۆ سەر ئیسرائیل سیناریۆیەکی کراوەیە؛ هەر بۆیە پێویستە سوپای ئیسرائیل لە ڕووی بەرگری و هێرشبەرییەوە لە ئامادەباشیی تەواودا بێت.» لە سایەی ئەم دۆخە و ترس لە پەرەسەندنی گرژیی هەرێمیدا، هۆبەی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل بەردەوامە لە بەهێزکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە سەرجەم بەرەکاندا، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی کاتی پێویست بۆ خۆئامادەکردن و جێبەجێکردنی گورزی پێشوەختە لە کاتی پێویستدا، ئەگەر تاران بڕیاری هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای دا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «جیرۆزالیم پۆست»، ئەو کەرەستە و پێگە سەربازییانەی ئەمریکا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسیی بەئامانجگرتنیان لەسەرە، پێکدێن لە ٥٠ هەزار سەرباز، بنکە و دامەزراوەی ژێرخان، سیستەمی چەکی پێشکەوتوو، کەشتیی جەنگی، فڕۆکە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.
هۆشدارییەکانی ترەمپ و دەرفەتی ڕێککەوتن
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان کە پێگەی «ئاکسیۆس» بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆی کردووە. ترەمپ گوتی، «هەوڵ دەدەین دەرفەتێک بە ئێرانییەکان بدەین تاوەکو ژیرانە ڕەفتار بکەن. ئەگەر هەر هەنگاوێک بنێین، بێگومان لە چیای تەور (جەبەل ئەلفەئس) دەدەین؛ دەتوانین ئەوەیان پێ بڵێین، چونکە هیچ شتێکیان پێ ناکرێت لە بەرامبەریدا.» هاوکات ڕوونی کردەوە، واشنتن هیچ چالاکییەکی ڕاستەقینەی لەو شوێنەدا نەبینیوە و شتێکی باش دەبێت «ئەگەر بگەنە ڕێککەوتن».
لە پەیوەندییەکی دیکەشدا لەگەڵ سەربازانی ئەمریکا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوەیان پێکراوە بە بۆنەی جەژنی سوپاسگوزارییەوە، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، «سەرکەوتن لە ئێران لەبەردەستماندایە و هەر کاتێک بمەوێت ڕوودەدات. ئێمە هەوڵ دەدەین نەرمونیان بین و هەموو دەرفەتێکیان پێ دەدەین بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن و ڕزگارکردنی ژیانی زۆرێک لە خەڵک.»