دواین هەواڵ

ئابوری‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق داهاتێکی پێوانەیی لە هەناردەکردنی نەوت تۆمار دەکات

هەرێم نیوز
⠀
باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند، داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە ٨.٨ ملیار دۆلار، هاوکات ئاستی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ ڕۆژانە ٣.٦ ملیۆن بەرمیل بەرز بووەتەوە.

⠀
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، لە ١٤ی ئایاری ئەمساڵەوە کە بەرپرسیارێتیی وەزارەتی نەوتی وەرگرتووە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە، بە تایبەتی کە ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ ٢٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیبوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ڕۆژانە ٣.٦ ملیۆن بەرمیل.
⠀
باسم عەبادی ئاماژەی بەوە کرد، داهاتی نەوتی مانگی تشرینی یەکەم ژمارەیەکی پێوانەییە کە تەنانەت پێش قەیرانەکانیش تۆمار نەکراوە.
⠀
هەروەها هەناردەکردنی نەوتی ڕەش، گۆگرد و نەفتا بە نرخی بۆرسە جیهانییەکان، زیاتر لە ٤.٥ ملیار دۆلاری بۆ گەنجینەی دەوڵەت دابین کردووە.
⠀
وەزیری نەوتی عێراق ڕوونی کردەوە، زۆربەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە دەکرێت، لەگەڵ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و گواستنەوەی نەوت بۆ سووریا بە تانکەر.
⠀
عەبادی ئاشکرای کرد، عێراق لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ڕێکخراوی ئۆپێک، بە مەبەستی زیادکردنی پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکە.
⠀
لە بارەی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتەوە، ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحە ئەمریکییەکانی ئێکسۆن مۆبیل، شیڤرۆن و کۆنۆکۆ فیلیپس لە دانوستاندندایە و چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو بگەنە ڕەشنووسی گرێبەستەکان.
⠀
سەبارەت بە ئەگەری گرانبوونی سووتەمەنی، وەزیری نەوتی عێراق دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هیچ پلانێک بۆ زیادکردنی نرخی بەنزین، گازوایل و نەوتی سپی نییە و نرخە فەرمییەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP