هەرێم نیوز
وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و گەرەنتیکردنی دەستنەبردن بۆی ڕێنماییەکی پابەندکەری سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدییە و ئەم دۆسیەیە لە سەرجەم پرسە هاوبەشەکانی دیکە جیا کراوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی 11ـی 2026، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بڵاویکردەوە، دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی لە سەرجەم دۆسیە هاوبەشەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا جیا کراوەتەوە و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بە هیچ گفتوگۆیەکی پەیوەست بە پرسەکانی دیکەوە ببەسترێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و گەرەنتیکردنی، بڕیار و ڕێنماییەکی پابەندکەری سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدییە.
وتەبێژی حکوومەتی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە، حکوومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی دیدگا و بەرنامەکەی بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، جێبەجێکردنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سامانە نیشتمانییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا.