دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

عەممار حەکیم پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی فایەق زێدان دەکات بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا

هەرێم نیوز

عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی پێشوازی لە دەستپێشخەریی گفتوگۆی نیشتمانی کرد کە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بانگەوازی بۆ کردووە، و دووپاتی کردەوە کە گفتوگۆ و پەنابردن بۆ دەستوور ڕێڕەوی بنەڕەتین بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ناکۆکییەکان.

دوێنێ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، عەممار حەکیم لە پەیامێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەربڕی کە ئامانج لێی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.

سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆ، پەنابردن بۆ دەستوور و خستنەپێشی بەرژەوەندیی نیشتمانی بنەمای سەرەکین بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، بە جۆرێک کە یەکێتیی عێراق و مافی سەرجەم ڕۆڵەکانی لە کوردستانەوە تاوەکو باشوور بپارێزێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەممار حەکیم جەختی لەوەش کردەوە کە لێکتێگەیشتن، سازان و هاوبەشیی نیشتمانی تاکە ڕێگەچارەن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە وڵاتدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP