هەرێم نیوز
باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند،، داهاتی هەناردەکردنی نەوت لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە 8,8 ملیار دۆلار و ئاستی هەناردەکردنی نەوتیش بۆ 3,6 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە توانیویانە ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە 200 هەزار بەرمیلەوە بۆ 3,6 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بکەنەوە، کە بەهۆیەوە داهاتی مانگی تشرینی یەکەم گەیشتووەتە 8,8 ملیار دۆلار و ئەو ژمارەیە تەنانەت پێش قەیرانەکەش بەدەست نەهاتبوو.
سەبارەت بە داهات و پلانەکانی داهاتووی وەزارەتەکە،، باسم محەمەد خزەیر ئەم خاڵانەی خستە ڕوو:
هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان: داهاتی هەناردەکردنی نەوتی ڕەش، گۆگرد و نەفتا زیاتر لە 4,5 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
پشکی عێراق لە ئۆپیک: لەگەڵ ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (OPEC) گفتوگۆ دەکەن بۆ زیادکردنی پشکی بەرهەمهێنانی عێراق.
وەبەرهێنان و کۆمپانیا بیانییەکان: گفتوگۆ لەگەڵ سێ کۆمپانیای ئەمریکی هەیە بۆ وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی و هیواخوازن مانگی داهاتوو تەواو بکرێن، هاوکات داوایان لەو کۆمپانیایانە کردووە کە لە عێراق کار دەکەن پلانی گەورە و بەرهەمدار بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان پێشکەش بکەن.
نرخی سووتەمەنی: هیچ نیاز و ئاڕاستەیەک نییە بۆ زیادکردنی نرخی بەنزین، گازوایل و نەوتی سپی.