هەرێم نیوز
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە جووڵەپێکردنی هێزەکانی سوپا بەرەو هەرێمی کوردستان دەکەن و دووپاتی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەدوور دەبێت لە هەر ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە خەڵکی کوردستان بە گەلی خۆی دەزانێت و هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارێزگاکاندا ناکات، هاوکات بەڵێنی داوە بەرگریکاری مافی سەرجەم عێراقییەکان بێت لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیران پێی وایە خەڵکی هەرێم سوودمەند نین لە سامانەکانی کوردستان، بۆیە سوورە لەسەر ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی ئەو سامانە و نەچوونی بۆ گیرفانی بەرژەوەندیخوازان، هەروەها بەدواداچوون بۆ قاچاخچییەکانی نەوت و بڕینی تۆڕەکانیان بەردەوامە.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و دارایی، عەبوودی دووپاتی کردەوە کە ئەرکی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پاراستنی گەلی کوردستانە نەک هەڕەشەکردن لێی، لە کۆتاییشدا دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی هەرێم کە مافە دەستوورییەکانیان پارێزراوە و مووچەی فەرمانبەرانیش بەدوور دەبێت لە ململانێ سیاسییەکان.