هەرێم نیوز
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە دۆخی سیاسی، دەروازە سنوورییەکان و نەوت پێچەوانەی دەستوورن و ڕۆیشتنن بەرەو مەرکەزییەت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی کردەوە کە دەستووری عێراق باس لەوە دەکات هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی گفتوگۆ لەسەر دۆسیە هاوبەشەکان بکەن و بڕیاریان لەسەر بدەن، بەڵام کۆی ئەو بڕیارانەی ئێستای حکوومەتی عێراق پێچەوانەی ماددەی یەکی دەستوورن،چونکە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و مەرکەزی نییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەو ماددە دەستوورییانەش دا کە بە گوتەی ئەو لە بڕیارەکاندا پێشێل کراون و گوتی، بابەتی ناردنی سوپا پێچەوانەی ماددەی 9ـی دەستوورە، بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان پێچەوانەی ماددەی 112ـە و بەڕێوەبردنی گومرگیش بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی ماددەی 114ـی دەستووری عێراقە.