هەرێم نیوز
ڕاگەیاندنی دادوەریی عێراق بڵاوی کردەوە، چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق پێشنیاز و دەستپێشخەریی فایەق زێدانیان بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لە ڕێکەوتی 1ـی کانوونی یەکەمی 2026 پەسەند کردووە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی دەستووریی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ڕاگەیاندنی دادوەری لە بەغدا، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەشداریی کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی لە کۆشکی بەغدا کردووە و پێداگریی لە گرنگیی ڕێزگرتن لە جێبەجێکردنی دەستوور کردووەتەوە، هاوکات دووپاتی کردووەتەوە کە لە حاڵەتی بوونی جیاوازیی بیروڕا لەبارەی واتای حوکمی مادە دەستوورییەکانەوە، پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەبرێت کە دەستوور تایبەتمەندیی ڕاڤەکردنی دەقەکانی پێ داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ڕەزامەندییان لەسەر پێشنیازەکەی فایەق زێدان دەربڕیوە بۆ بەستنی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لەژێر سەرپەرشتیی ئەودا لە 1ـی کانوونی یەکەمی داهاتوو، بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکە و میوانداریکردنی هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان یان هەر لایەنێکی یارمەتیدەر، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بەگوێرەی دەستوور بۆ قەیرانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.