دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم: بەپێی ماددەی 121ـی دەستوور پێشمەرگە هێزی پاراستنی هەرێمی کوردستانە

هەرێم نیوز

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دروستکردنی هاوسەنگی و پاراستنی ئاشتی لە عێراق بە ڕێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵیزمی هەرێمی کوردستانەوە دەست پێ دەکات، نەک بە لاوازکردنی هێزەکانی هەرێم.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا کە بەپێی ماددەی 121ـی دەستووری عێراق، پێشمەرگە وەک هێزی پاراستنی هەرێمی کوردستان ناسێنراوە و هەر جووڵەیەکی سەربازی لە ناو هەرێمدا دەبێت لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی ئەم هێزەدا بێت.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم ڕوونیشی کردەوە کە ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستاندایە و ڕەوایەتیی هێزەکانی هەرێم لە دەستوور و ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا پێشەوا هەورامانی دووپاتی کردەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا تەنیا کاتێک دەگەنە ئەنجام کە هەموو لایەنەکان بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی و دەستووری لە ناو عێراقدا ڕێز بگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP