هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی وڵاتان کۆ بووەوە و ڕایگەیاند، کە بڕیاربەدەستانی بەغدا باوەڕیان بە فیدرالیزم نییە و دەیانەوێت بە عەقلییەتی مەرکەزی ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، لە میانی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ نێردەی وڵاتان، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، نەک بەشێوەیەک کە تەنیا ئەو بڕگانە جێبەجێ بکرێن لە بەرژەوەندیی بەغدادا بن و ماددەکانی دیکە وەک ماددەی 140 فەرامۆش بکرێن کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا کە بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەوە، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت و ئەوەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی ڕوونی کردەوە، ئەگەر بەڕاستی مەبەست لەو هەنگاوانە سەروەریی یاسایە، ئەوا عێراق پڕە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێمۆڵەت و پێویستە ئەوانە بنبڕ بکرێن.