هەرێم نیوز
⠀
حاکم ڕزگار محەمەد ئەمین ڕایدەگەیەنێت، دادگای فیدراڵیی عێراق مەترسیدارە و پێویستە ببێتە دادگایەکی سەربەخۆ و ئازاد، هاوکات داوا دەکات هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیارەکانیدا ستافێکی یاسایی و ئەکادیمیی بەهێز لە دەرەوەی حزبەکان پێکبهێنێت.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی 11ـی 2026، حاکم ڕزگار محەمەد ئەمین لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە دانیشتنی گەورە لەسەر ئاستی کەسانی شارەزا، ئەکادیمی، دەستووریزان و مافناسە گەورەکان ئەنجام بدرێت.
⠀
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە نابێت پارتی و یەکێتی تەنها پشت بە کەسە حزبییەکانی خۆیان ببەستن، بەڵکو دەبێت لە دەرەوەی حزب ستافێکی یاسایی و ئەکادیمیی بەهێز هەبێت بۆ بەرگریکردن لە یاسا کە بتوانن سوود لە ئەزموونی دەرەوەش وەربگرن و لە دانوستانەکاندا دەسەڵاتیان پێ بدرێت.
⠀
حاکم ڕزگار ئاماژەی بەوەش کرد، تەنها یاساناس و دادوەر دەتوانێت بە دادوەرێکی دیکە بڵێت کە بڕیارەکەی لە شوێنی خۆیدا نییە و خەڵکی ئاسایی ناتوانێت ئەو کارە بکات، بۆیە دەبێت زانست بە زانست و یاسا بە یاسا چارەسەر بکرێت و وەڵام بدرێتەوە.
⠀
لە کۆتایی قسەکانیدا حاکم ڕزگار محەمەد ئەمین دووپاتی کردەوە کە دادگای فیدراڵی مەترسیدارە و پێویستە ببێتە دادگایەکی سەربەخۆ و ئازاد هاوشێوەی هەر دادگایەکی دیکە.