هەرێم نیوز
⠀
لە شاری هەولێر و لەسەر بانگەوازی پارێزگای هەولێر، هەزاران قوتابی، مامۆستا، فەرمانبەر، کاسبکار و هاووڵاتی بەرەو سەنتەری شار بەڕێدەکەون بە مەبەستی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانێکی مەدەنی دژی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی 11ـی 2026، لە کاتژمێر ٩:٠٠ـی بەیانییەوە هاووڵاتییان لە تەواوی ڕێڕەوە سەرەکییەکان و بەتایبەت ڕێگای کەرکووکەوە بە پیادەڕەو و ڕێپێوان دەستیان بە جووڵە کردووە تا لە کاتژمێر ١٠:٣٠ و لەگەڵ کاتی دەستپێکی فەرمیی خۆپیشاندانەکەدا بگەنە سەنتەری شار.
⠀
پێشبینی دەکرێت هەزاران کەس بەشداری لە ڕێپێوانەکەدا بکەن، بەتایبەت کە تەنها زانکۆی سەڵاحەدین ١٦ کۆلێژ و ٨٩ بەشی جیاواز لەخۆدەگرێت، جگە لە زانکۆی پۆلیتەکنیک، زانکۆ تایبەتەکان و سەرجەم پەیمانگەکان کە قوتابی و مامۆستاکانیان لەسەر ڕێڕەوەکە تێکەڵ بە ڕێپێوانەکە دەبن.
⠀
بڕیارە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە لە ڕێگەی وتنەوەی دروشم و گەیاندنی پەیامەکانیانەوە، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر دوایین بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و تەواوی ئەو بڕیارانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە بڕینی مووچە و پرسە ئابووری و سیاسییەکاندا دژی هەرێم دراون دەرببڕن و بە پێشێلکردنی بەردەوامی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی دادەنێن.
⠀
لە ناوەڕۆکی ناڕەزایەتییەکاندا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە فیدراڵی لە عێراق لە پاشەکشەدایە و تەنها لە چوارچێوەی پەیامی سەرکردە سیاسییەکاندا ماوەتەوە، هاوکات پسپۆڕانی یاسایی و سیاسیش ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەستوور لەسەر بنەمای فیدراڵی نووسراوەتەوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع بوونی نییە و لە ڕێگەی یاسا و دەسەڵاتە سیاسییەکانەوە دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت.