هەرێم نیوز
شەپۆلی ئامادەکاریی جیهانی بۆ قەیرانەکان؛ وڵاتان داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن بۆ حاڵەتی لەناکاو خۆیان ساز بکەن
لە پەرەسەندنێکی جیهانیدا، لانیکەم ١١ وڵات لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە کە پێداویستییە سەرەتاییەکان، خۆراک و ئاو کۆبکەنەوە و بۆ بارودۆخی لەناکاو و قەیرانەکان ئامادە بن. ئەم داواکارییانە لە چەندین شێوەدا هاتوون و هەر وڵاتە و ڕێوشوێنی تایبەتی گرتووەتە بەر.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا داوای لە هاووڵاتییان کردووە جانتایەکی تایبەت بە باری لەناکاو ئامادە بکەن کە پێداویستییەکانی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر تێدا بێت. هاوکات حکومەتی ژاپۆن داوای لە هاووڵاتییانی کردووە خۆراک، ئاو و پێداویستییەکانی خاوێنی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دابین بکەن. لە لایەکی ترەوە، حکومەتی بەریتانیا هەڵمەتێکی دەست پێ کردووە و داوا دەکات خۆراک، ئاو و دەرمان بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر پاشەکەوت بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پچڕانی خزمەتگوزارییەکان.
لە ئاستی سەربازیشدا، کەناڵی «فۆکس نیوز» بڵاوی کردەوە کە پێنتاگۆن پلانی بۆ بنکە سەربازییە سەرەکییەکان داناوە تاوەکو بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ بەبێ هیچ پشتیوانییەکی دەرەکی بتوانن کار بکەن و کارەبا، ئاو، سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکان دابین بکەن.
هەموو ئەم داواکارییانە تەنها بۆ جەنگ و ململانێ سەربازییەکان نیەن، بەڵکو بەشێکیان پەیوەستن بە ئامادەکاری بۆ کارەساتە سروشتییەکانەوە. یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٢٥ـەوە داوای لە وڵاتانی ئەندام کردووە کە ڕێوشوێنی هاوشێوە بگرنە بەر و بۆ هەموو ئەگەربەستێک ئامادە بن.