هەرێم نیوز
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی چوار ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ لە پۆستەکانیان و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە لەسەریان، بەهۆی کەمتەرخەمی لە ئەرکە ئەمنییەکانیان و ڕێگەدان بە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا.
فەرمانی لەکارلادانی ئەفسەران
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە ئەمینداریەتیی کاروباری کارگێڕی و بەدواداچوون لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووە و واژۆی فەریق یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەکەی لەسەرە، فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ لەکارلادانی ئەم ئەفسەرانە لەخۆ دەگرێت:
١. عەمید داود سەلمان داود حەسەن، فەرماندەی ناوچەی ئەمنیی
٢. عەمید ریاز جیزان ڕەسەن سلوم، ئەفسەر لە بارەگای فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا-رەسافە.
٣. عەقید زوڵفەقار عەودە کاتاب، فەرماندەی فەوجی ٥ـی فریاکەوتنی بەغدا-رەسافە.
٤. موقەدەم مستەفا ساڵح مەهێدی، ئەفسەری هەواڵگریی فەوجی فریاکەوتنی بەغدا-رەسافە.
هۆکاری دوورخستنەوە و زیانگەیشتن بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
لە بەڵگەنامەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە بڕیارەکان لەسەر بنەمای کەمتەرخەمیی ئەو ئەفسەرانە بووە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و ڕێگەدانیان بە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە کاتی نمایشی "ڕۆژی سەروەری"دا بۆ سوکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا؛ ئەمەش وەک کارێک سەیر کراوە که زیان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنێت.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لەسەر پێویستیی بەدواداچوون و ئامادەیی مەیدانیی پۆلیسی بەغدا-رەسافە کردووەتەوە لە کاتی خۆپیشاندان، ئاهەنگ و بۆنە جیاوازەکاندا.
شایانی باسە، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ئەم مانگەدا، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ڕاگەیاندبوو کە تێوەگلاون لە سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لە میانی ئاهەنگی ڕۆژی سەروەریدا.