دواین هەواڵ

کوردستان‌

 46 خولەک پێش ئێستا

ئیسرائیل؛ هاوپەیمانیی نەتانیاهۆ لە پێشەنگی ڕکابەرییەکان دێت

هەرێم نیوز
لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) بڵاو بکەرێتەوە، ئەنجامە بەراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوپەیمانیی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئیسرائیل لە پێشەنگدایە.

ئەنجامە بەراییەکان و ژمارەی کورسییەکان
نوێکردنەوەیەکی سەرەتایی لە لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاوی کردووەتەوە، دەریخستووە کە هاوپەیمانیی نەتانیاهۆ بە ١٣ کورسی لە پێش هاوپەیمانییەکەی گادی ئایزنکۆتەوەیە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هاوپەیمانییەکەی نەتانیاهۆ ٥٦ کورسیی بە دەست هێناوە و لە بەرامبەردا پارتی ڕکابەری ٤٩ کورسیی بە دەست هێناوە.

دواتر میدیاکانی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاماژەیان بەوە دا کە دوای هەژمارکردنی ٤٨٪ی دەنگەکان، هاوپەیمانییەکەی نەتانیاهۆ ٥٥ کورسی، ئایزنکۆت ٥٠ کورسی و لیستە عەرەبییەکان ١٥ کورسییان بە دەست هێناوە.

هەر پارت و هاوپەیمانییەک بیەوێت حکوومەتی زۆرینە بباتەوە، دەبێت ٦١ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسیی کنێست بە دەست بهێنێت تا بتوانێت حکوومەتی نوێ پێک بێنێت.

ڕێژەی بەشداریی پێوانەیی
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە ٧٧.٧٪، کە بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا و نزیکەی حەوت خاڵی سەدی زیاترە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ساڵی ٢٠٢٢.

لێدوانی نەتانیاهۆ و ئایزنکۆت
بنیامین نەتانیاهۆ دوای کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان لە میانی وتارێکیدا لە قودس بە لایەنگرانی پارتی لیکودی ڕاگەیاند: "دەبێت حکوومەتێکی بەهێزی ڕاستڕەو پێک بێنین." ناوبروا تیشکی خستە سەر سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و وەک دەرفەتێکی مێژوویی "بۆ نەمانی هەڕەشەکانی ئێران" وەسفی کرد.
لە بەرامبەردا، گادی ئایزنکۆت لە تەلئەبیب بە لایەنگرانی گوت: "ئیسرائیلییەکان دەنگیان بە بەردەوامبوونی نەتانیاهۆ نەداوە وەک سەرۆکوەزیران. ئەگەر سەرکردەیەکی بەرپسیار بووایە، متمانەی خەڵکی قبووڵ دەکرد و ڕایگەیاندنی خانەنشینبوونی خۆی لە کاری سیاسی ئاشکرا دەکرد."

هاوسەنگیی هێز و پێکهێنانی هاوپەیمانی
پێشبینی دەکرێت پارتە ئایینییە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی ئیتامار بن گڤیر و بێزالیل سمۆتریچ کۆی گشتیی ١٣ کورسی لە ناو بلۆکی نەتانیاهۆ بە دەست بهێنن.
لە لایەکی دیکەوە، لایەنە عەرەبییەکان کە بەشێک نین لە هیچ کام لە بلۆکەکان، دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی لە دیاریکردنی هاوسەنگیی هێزدا بگێڕن؛ بەڵام گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یشار و سەرۆکی ئەرکانی پێشوو، ڕەتی دەکاتەوە حکوومەت لەگەڵ ئەو لایەنانە پێک بێنێت، ئەمەش ڕێڕەوی گەیشتنی بە دەسەڵات ئاڵۆزتر دەکات.

پاشخانی دانوستانەکان

ڕەنگە چەند ڕۆژێک بخایەنێت تا ئەنجامە کۆتایییەکان ڕادەگەیەنرێن. بە هۆی پارچەپارچەبوونی سیستەمی سیاسیی ئیسرائیل، پارتە بچووکەکان دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی لە دانوستانەکانی هاوپەیمانێتی بەکار بێنن. ئەگەر چەقبەستوویی سیاسی ڕوو بدات و هیچ لایەنێک نەتوانێت ٦١ کورسی دەستەبەر بکات، ئەوا ڕەنگە نەتانیاهۆ وەک سەرۆکی حکوومەتی کاربەڕێکەر بمێنێتەوە یان بە ناچاری هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP