دواین هەواڵ

عێراق‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

کەریم علێوی: عەلی زەیدی دەیەوێت یاساکە پەکبخات و کارەکە زۆر قورس بووە

هەرێم نیوز

کەریم علێوی محەمەداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی ناگاتە پەرلەمان، بەهۆی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر هەڵگرتنی هەنگاوێکی لەو شێوەیە هەیە و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش هەوڵی پەکخستنی دەدات.


ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی 10ـی 2026، کەریم محەمەداوی، فەرماندەی پێشووی لیوای ٢٢ـی حەشدی شەعبی و پەرلەمانتاری نزیک لە گرووپە چەکدارەکان لە لێدوانێکدا بۆ پلاتفۆرمی میدیاییی "جریدة" ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە حکوومەت پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پڕۆژەیاساکە ئاڕاستەی پەرلەمان دەکات بۆ دەنگدان لەسەری، بەڵام پێشبینی ناکات بگاتە هۆڵی پەرلەمان.

ناوبراو ڕوونی کردەوە: "پێشتریش پڕۆسەکە گەیشتە قۆناغی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، بەڵام لایەنی ئەمریکی دژایەتیی کرد و یاساکەی ڕەتکردەوە؛ لە ئێستاشدا کاتێک سەرۆکوەزیران خۆی ڤیتۆی لەسەر هەبێت و بیەوێت پەكیبخات، ئەوا بە ڕاستی تێپەڕاندنی بابەتەکە زۆر قورس دەبێت."

ئەم لێدوانەی محەمەداوی لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماوەی ڕابردوودا بە بەردەوامی جەختیان لەوە دەکردەوە کە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بەم زووانە دەخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، هاوکات ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعەش ئاماژەیان بەوە کردبوو کە لە دوای هەموارکردن و دەستکاریکردنی چەند بڕگەیەکی یاساکە، ڤیتۆ و ناڕەزایەتییەکانی واشنتۆن ڕەویونەتەوە و بەبێ کێشە لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر دەدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP