هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە فەرمی سەرجەم قوتابخانەکانی قۆناغی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی ئاگادارکردەوە کە سپاردنی هەر ئەرک و چالاکییەکی ماڵەوە (واجب) لە دوای کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی، لە ڕۆژانی پشوودا، یان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە تەواوەتی قەدەغەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی 10ـی 2026، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە ڕێنمایییەکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم ئەرک، چالاکی و ڕاهێنانەکانی تایبەت بە پرۆگرامی خوێندن تەنها لە ناو پۆلەکان و لە میانی کاتژمێرەکانی وانەوتنەوەدا جێبەجێ بکرێن.
وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانج لەم بڕیارە کەمکردنەوەی فشارە پەروەردەیییەکانە لەسەر شانی فێرخوازان، هاوکات پاراستنی باری دەروونی و تەندروستیی قوتابییان و ڕەخساندنی دەرفەتی تەواوەتیی پشوو و کات بەسەربردنە بۆ خێزانەکانیان لە دەرەوەی کاتەکانی دەوامی خوێندنگەکاندا.