دواین هەواڵ

ئابوری‌

 57 خولەک پێش ئێستا

شارەزایەکی ئابووری: دابەشکردنی مووچە بە دۆلار لە ماوەی هەشت مانگدا یەدەگی بانکی ناوەندی دادەماڵێت

هەرێم نیوز

شارەزایەکی ئابووری هۆشداریی دەدات لە بڕیاری دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بە دۆلار و ڕایدەگەیەنێت، ئەو هەنگاوە یەدەگی دراوی بیانی بە خێرایی دادەماڵێت و توانای بانکی ناوەندی بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسەتی نەختینەیی سنووردار دەکات.

ئەرکی سەرەکیی یەدەگی دراوی بیانی
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری ڕایگەیاند: "یەدەگی بیانی پارەی حازر نییە لەبەردەست وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵکو سامانێکی دەرەکییە و بانکی ناوەندی بۆ جێگیرکردنی نرخەکان، پاراستنی بەهای دراو و دابینکردنی پارەی هاوردەکردن بەکاری دەهێنێت."

مەترسیی نەمانی یەدەگی نەختینەیی لە هەشت مانگدا
مەرسوومی پێی وایە، ئەگەر مووچە بە دۆلار دابەش بکرێت، یەدەگی نەختینەییی بانکی ناوەندی کە بە ٧٦ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، تەنیا لە ماوەی هەشت مانگدا کۆتایی دێت، چونکە پارەدارکردنی هاوردەکردن و مووچە پێکەوە مانگانە پێویستیان بە ١٠ ملیار دۆلار دەبێت.

کاریگەری لەسەر بازار و سەروەریی دراو
ئەو شارەزایە هۆشداریی ئەوەش دەدات، ئەم بڕیارە نەک تەنیا خواست لەسەر دۆلار لە مەزادی دراودا کەم ناکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی بەردەوامیی بازرگانیپێکردن و گەورەتربوونی بۆشایی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی ڕەش، هاوکات سەروەریی نیشتمانیی دراوەکەش دەخاتە مەترسییەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP