دواین هەواڵ

کوردستان‌

 31 خولەک پێش ئێستا

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی فەرمیی دۆلاری بەرز کردەوە

هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری داد بە گۆڕینی نرخی فەرمیی دۆلار بەرامبەر بە دینار و دیاریکردنی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بە ١,٥٢٠ دینار بۆ هاووڵاتییان، کە لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وردەکاریی جێگیرکردنی نرخی دۆلار
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو. بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنەکە:

 نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: ١,٥٠٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک.
 نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: ١,٥١٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک.
 نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان (مستەفیدی کۆتایی): ١,٥٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک.

لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا، بەهای دۆلار بە فەرمی بەرز کراوەتەوە و ١٠٠ دۆلار بە ١٥٠,٠٠٠ دینار جێگیر کراوە، لە کاتێکدا پێشتر نرخی فەرمی ١,٣٢٠ دینار بوو. بەهۆی ئەم بڕیارەوە، لە بازاڕی ئازاددا بەهای ۱٠٠ دۆلار گەیشتووەتە نێوان ١٦٠,٠٠٠ بۆ ١٦٣,٠٠٠ دینار.

تەرخانکردنی بڕی ٤٠ ملیار دینار بۆ کەرتی تەندروستی
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا بە:

 تەرخانکردنی ٢٠ ملیار دینار لە پاره‌ی بنکە تەندروستییە گشتییەکان بۆ وەزارەتی تەندروستی، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان.
 تەرخانکردنی ٢٠ ملیار دیناری دیکە لە بودجەی بیمەی تەندروستی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو نەخۆشخانە حکوومییانەی کە خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی تێیاندا کارا کراوە لە بەغدا و پارێزگاکان.

 بەخشینی نەخۆشخانەی "ئیبن ئه‌لبەیتار"ی تایبەتمەند بە نەخۆشییەکانی دڵ لە ڕێکارەکانی گرێبەستکردن (بڕیاری ٤٣٨ی ساڵی ٢٠٢٦)، تاوەکو بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەرمان و پێداویستییەکان دابین بکات.

پەیوەستبوون بە ڕێکخراوی هاوکاریی دیجیتاڵی
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی دا لەسەر پڕۆژەیاسای پەیوەندیکردنی عێراق بە پەیماننامەی دامەزراندنی "ڕێکخراوی هاوکاریی دیجیتاڵی" و ڕەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران. هاوکات جەخت کرایەوە کە ئەم پەیوەستبوونە بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠١٥، بە هیچ شێوەیەک مانای دانیپێدانان بە (قەوارەی زایۆنی) یان چوونە ناو هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵدا ناگەیەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP