هەرێم نیوز
وەزیری دارایی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆکاری دواکەوتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ نەبوونی پارەی نەختینە گەڕاندەوە و بەڵێنی دا کە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی 10ـی 2026، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عودەی عەواد و بە ئامادەبوونی فالح ساری، وەزیری دارایی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتەکە، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان سەبارەت بە تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 ئەنجام دا.
بەپێی سەرچاوەیەک لە بەغداوە، لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەهەند وەرگیراوە و فالح ساری، وەزیری دارایی بەڵێنی داوە کە ڕۆژی پێنجشەممە شایستە داراییەکان و مووچەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزیری دارایی هۆکاری نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی تاوەکو ئەمڕۆ، بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە پارەی نەختینە (سیولە) لەبەردەستدا نەبووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ئێستادا پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەکاندا زۆر بە خێرایی بەڕێوە دەچێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەکرێت و مانگانە تەنها گۆڕانکارییەکان (زیادبوون و کەمبوون) لە لیستەکاندا نوێ دەکرێنەوە.