هەرێم نیوز
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ڕەخنە لە دروستکردنی ١١ باڵەخانەی ٣٠ نهۆمی لە بەشی باکووری پرۆژەی چاڤی گەشتیاری لە بناری چیای گۆیژە دەگرێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ماستەرپلانی شارەکەیە.
دروستکردنی باڵەخانەی ٣٠ نهۆمی لە بناری گۆیژە
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی بڵاوی کردەوە، پرۆژەی چاڤی گەشتیاری کە لە بناری چیای گۆیژەیە و خاوەنەکەی شاسوار عەبدولواحیدە، لەم دواییەدا بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی بەشی باکووری دەکرێتە ١١ باڵەخانەی ٣٠ نهۆمی، هاوکات لە پلانی کۆمپانیاکەدایە بە دەیان دوکانی بازرگانی لە بەشی پێشەوەی پرۆژەکەدا دروست بکات.
پێشێلکاری لەسەر زەوییە پارێزراوەکان
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو؛ هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە ڕۆژهەڵاتی بناری گۆیژەوە تا تونیلی پێشڕەو و ناوچەی دۆڵەڕووت دروست کرابێت، سەرپێچییەکی ئاشکرایە لەسەر ماستەرپلانی سلێمانی، چونکە بەپێی یاسا ئەو ناوچانە زەویی پارێزراون (اراضي محمية).
دەستەکە جەختی کردووەتەوە لە بەرامبەر بە گۆڕینی بەشێکی پرۆژەکە بۆ باڵەخانەی ٣٠ نهۆمی و گەیاندنی زیانی کوشندە بە کەشوهەوا و دیمەنی چیای گۆیژە بێدەنگ نابن و بە توندی ئیدانەی دەکەن.
ڕەخنە لە بەڵێنەکانی نەوەی نوێ و سەرۆکی جووڵانەوەکە
دەستەی داکۆکیکردن ئاماژەی بەوەش کردوو، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سەردانێکیان بۆ لای سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بەرپرسانی ئەو لایەنە و جێگری سەرۆکی جووڵانەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەڵێنی تەواویان دا تا دەستدرێژییەکانی سەر چیای گۆیژە ڕابگرن.
دەستەکە دووپاتی دەکاتەوە کە هەڵوێستی ئێستای سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ دروستکردنی باڵەخانەی ٣٠ نهۆمی لە بناری گۆیژە، پێچەوانەی تەواوی ئەو بەڵێنانەیە کە لەبەردەم میدیاکاندا بە ژینگەپارێزان و هاووڵاتییانی سلێمانی درابوون.
بەردەوامی لە پاراستنی ژینگەی سلێمانی
لە کۆتاییدا دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی جەختی کردەوە، لە ڕێگەی چالاکیی جۆراوجۆرەوە بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێستی ڕاشکاوانەی خۆیان بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر موڵک، ژینگە، سروشت و شوێنە کەلەپوورییەکانی سلێمانی و کوردستان.