هەرێم نیوز
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧، سبەی چوارشەممە شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی 10ـی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2026) شاندێکی باڵای حکومەت سەردانی بەغدا دەکات.
شاندەکە پێکهاتووە لە سەرۆک و سکرتێری دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە.
ئامانجی سەردانەکە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی فەرمییە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بە مەبەستی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکان و مافەکانی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکەی هەرێم لەم سەردانەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەولێر سەرجەم پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و بۆ ساڵی ٢٠٢٧یش بەردەوام دەبێت، بۆیە هیچ بیانوویەک بۆ ڕاگرتن یان دواخستنی شایستە داراییەکان نەماوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر کۆی مافەکان دەکرێت، لەوانە مووچەی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان، تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خەرجییەکانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان.
هەروەها هەولێر بە توندی داوا دەکات مافە داراییەکان بە شێوەیەکی ڕوون لە یاساکەدا جێگیر ببن و مووچە لە پێوەری "خەرجیی ڕاستەقینە" (الإنفاق الفعلي) دەربهێندرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێم لە ڕووی شایستە داراییەکانەوە هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق بن و پارێزراو بن لە هەر کۆتوبەندێک.
ئەم سەردانەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ کۆبووەوە.
پرسی جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە "خەرجییە ڕاستەقینەکان" و ململانێ سیاسییەکان، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، کە پێشتریش دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر هاوتاکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ عێراقدا داوە.