هەرێم نیوز
لە جووڵەیەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراودا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە فڕۆکەیەکی تایبەت و بە یاوەریی ڕۆمان گۆفمان سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی مۆساد و شموئێل بن عەزرا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، بە سەردانێکی تەواو نهێنی و دوور لە چاوی کامێراکان گەیشتە ئەبوزەبی و لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات کۆبووەوە، پێش ئەوەی بەبێ هیچ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش بگەڕێتەوە تەلئەبیب.
سەرەڕای بێدەنگیی فەرمیی هەردوولا، دزەپێکردنە میدیاییەکان و شیکارە ئەمنییەکان ئاشکرای دەکەن کە پشتپەردەی ئەم سەردانە بەپەلەیە سێ دۆسیەی زۆر هەستیاری لەخۆگرتبوو:
یەکەم: هەوڵ بۆ شاردنەوە و ڕەتکردنەوەی دۆسیەی ئاگادارکردنەوەی ٧ی ئۆکتۆبەر
سەردانەکە دوای تەقینەوەی قەیرانێکی گەورە دێت لە نێوان ناتانیاهۆ و سەرۆکی ئیماراتدا، دوای ئەوەی ڕۆژنامەی "هائارتس" و کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی ئاشکرایان کرد کە نزیکەی هەفتە و نیوێک بەر لە هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، شێخ محەمەد بن زاید لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هۆشداریی داوەتە ناتانیاهۆ لەوەی حەماس و یەحیا سینوار خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەورە و خوێناوی ئامادە دەکەن. سەرەڕای ئەوەی ناتانیاهۆ ڕەتیکردەوە پەیوەندی لەو شێوەیە ڕوویدابێت، بەڵام بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، ناتانیاهۆ لەم کۆبوونەوەیەدا ڕاستەوخۆ داوای لە بن زاید کردووە کە بە فەرمی هەواڵی ئەو پەیوەندییە و هۆشدارییەکە ڕەتبکاتەوە تاوەکو بەرپرسیارییەتیی کەمتەرخەمی لە شکستی ٧ی ئۆکتۆبەر ڕووبەڕووی نەبێتەوە.
دووەم: بەکارهێنانی سەردانەکە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کەرتی کەنیسێت
بە پێی بۆچوونی پسپۆڕانی سیاسی، دزەپێکردنی هەواڵی سەردانەکە لەم کاتەدا بە مەبەست بووە لە لایەن بازنەی نزیک لە ناتانیاهۆوە؛ چونکە تەنیا یەک مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل (کەنیسێت) لە ٢٧ی تشرینی یەکەم، ناتانیاهۆ دەیەوێت لەناو شەقامی ئیسرائیلدا وا خۆی پێشان بدات کە سەرەڕای جەنگ و گرژییەکان، پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ سەرکردە عەرەبەکان و کەنداو بەتایبەت ئیمارات پارێزراون و پێگەی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی نەکەوتووە.
سێیەم: هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنی لە دۆسیەی ئێراندا
کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە کە بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکراوە بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی ئێران و پەرەسەندنی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە کاتێکدا وڵاتانی وەک سعودیە، قەتەر و عومان هەوڵی هێورکردنەوە و ڕاگرتنی ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکان دەدەن لەگەڵ تاران، ئیسرائیل دەیەوێت ئیمارات بە تەواوی لە هاوکێشە سەربازی و هەواڵگرییەکانیدا دژی ئێران بهێڵێتەوە، هەرچەندە ئەبوزەبی بەهۆی بەرژەوەندییە ئابووری و جوگرافییەکانییەوە پەیوەندییەکی هاوسەنگتری لەگەڵ ئێراندا هەڵبژاردووە.