هەرێم نیوز
کەتائیبی حزبوڵای عێراق هۆشداریی دەدات لە بەردەوامبوونی گەمارۆی سەر هێڵی ئاسمانیی ئێران لە دوای ٣٠ی ئەیلوولەوە و دەڵێت هەڵوێستی توندیان دەبێت، جەختیش دەکاتەوە هەر فڕۆکەیەک ئاسمانی عێراق ببەزێنێت دەیخەنە خوارەوە.
کشانەوەی هێزە بیانییەکان و گەڕانەوەی سەروەری
ئەبومجاهید عەساف، لێپرسراوی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵای عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەمی داهاتووەوە کە هێزە بیانییەکان لە عێراق نەماون و بە تەواوی کشاونەتەوە، ڕۆژێکی گرنگ و ئاهەنگێکی گەورەیە، هەروەها گەڕانەوەی سەروەری و لە ئەستۆگرتنی دۆسیەی ئەمنییە بە تەواوی لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژێکە هەموو عێراقییەکان چاوەڕوانی بوون.
داواکاری لە حکوومەت و ڕەتکردنەوەی بڕیاری دەرەکی
ڕاشیگەیاندووە، لە دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان، پێویستە حکوومەتی عێراق خاوەنی بڕیاری سیاسی و ئابووریی سەربەخۆی خۆی بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ بڕیارێکی دەرەکییەوە.
لێپرسراوە ئەمنییەکەی حزبوڵا جەختی کردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە یەکەم هەنگاو ڕاگرتن و شکاندنی گەمارۆی سەر هێڵی ئاسمانیی ئێران و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بێت، بە پێچەوانەشەوە، گەلی عێراق و بەرەی مقاوەمەش هەڵوێستی توندیان دەبێت.