دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا: هەر هێرشێک جوگرافیای جەنگ و جۆری چەکەکانمان دەگۆڕێت

هەرێم نیوز

حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەدات لە هەر هێرشێکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەر وڵاتەکەی و دەڵێت، وا لە تاران دەکات جوگرافیای جەنگ و جۆری چەکەکانی بگۆڕێت.

ئامادەکاری بۆ ململانێی درێژخایەن و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەفسەران
موحیبی ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "فارس" ڕایگەیاندووە: "ئەگەر دەستدرێژییەکی نوێ ڕوو بدات، بە دڵنیاییەوە جۆری چەکە بەکارهاتووەکان و بازنەی جوگرافیی جەنگەکە دەگۆڕین." جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، تاران ئامادەیە بۆ چوونە ناو ململانێیەکی درێژخایەنەوە ئەگەر بارودۆخەکە پێویست بکات.
هاوکات سەرچاوەکان لە تاران ڕایانگەیاندووە، دەسەڵاتداران پێشبینی دەکەن وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی هێرشێکی تری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببێتەوە، بەوهۆیەوە مۆڵەتی ئەفسەرە پلەبەرزەکانی سوپا و بەرپرسانی دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی یاسا هەڵوەشێنراوەتەوە.

هەڕەشەکانی ترەمپ و سێ بژاردەکەی بەردەم واشنتن
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە لەوانەیە شتێکی گەورە زۆر بە زوویی سەبارەت بە ئێران ڕوو بدات، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە لە سەروبەندی بڕیارداندایە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا.

ترەمپ ئاماژەی بە سێ بژاردە کردووە کە لەبەردەمیدان:
•یەکەم: سڕینەوەی ئێران بە تەواوی و وێرانکردنی.
•دووەم: کۆتاییهاتنی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە.
•سێیەم: گەیشتن بە ڕێککەوتن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP